بە دیمەن

لە یەریڤان مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ قڕکردنی ئەرمەنییەکان بەڕێوەچوو

لە ١٠٩ هەمین ساڵیادی قڕکردنی ئەرمەنیەکان، لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستان، مەراسیمێکی یادکردنەوەی شکۆدار بەڕێوەچوو.

یادەوەری پڕئازاری قڕکردنی ئەرمەنییەکان کە ٢٤ ی نیسانی ١٩١٥ دەستی پێ کرد، بە چالاکییەک یادکرایەوە.

هەزاران کەسی بەشداری مەراسیمە فەرمییەکەی دەوڵەت بوون، سەرۆککۆماری ئەرمەنستان و بەرپرسانی دیکە و نوێنەری ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە بەشداری مەراسیمەکە بوون.

پاش مەراسیمەکەی دەوڵەت، گەل تاوەکو مۆنۆمێنتی تسیتسێرناکابەرد ڕێپێوانیان کرد، لەوێ گوڵ و تاجەگوڵینەیان لەسەر ئاگری یادەکە دانا.  

کوردان بۆ هاوخەمی دەربڕین بۆ گەلی ئەرمەن ئامادەبوون، هاوسەرۆکانی کۆمیتەی کوردستان ئیلیا تامۆسیان و سیلۆ دربۆیان و ئەندامی کۆمیتەکە میلۆ کالاشیان بەشداری مەراسیمەکە بوون.

دربۆیان لە وتەکەیدا قڕکردنی ئەرمەنییەکانی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند وەک کۆمیتەی کوردستان، وەک هەموو ساڵێک، ئەمساڵیش بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکە کۆبوونەتەوە.

ئیلیا تامۆسیان ڕایگەیاند نابێت جڤاک ئەم کۆمەڵکوژی ڕووداوە پڕ ئازارە لەیاد بکات.

لای خۆیەوە میلۆ کالاشیان بانگەوازی لە دەوڵەتی تورک کرد، دەست لە سیاسەتی شەڕ بەرامبەر گەلی ئەرمەنی هەڵبگرێت، دووپاتی کردەوە، پێویستە دان بە قڕکردنی ئەرمەنییەکاندا بنرێت.