بە دیمەن

لە ئۆسنابورک هێرشە داگیرکارییەکان شەرمەزار کرا

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئۆسنابروک شەرمەزار کرا.

 

لە شاری ئۆسانبورکی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە چالاکییەک شەرمەزار کران. لە چالاکییەکەدا ئاڵاکانی تەڤ-دەم، پەیەدە، یەپەگە و یەپەژە بەرزکرانەوە و بە بەردەوامی درووشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" وترانەوە.

'فرۆشتنی چەک بە تورکیا دەبێتە هاوبەشی تاوانە جەنگییەکان'

لە چالاکییەکەدا خولەکێک ڕێزلێنان بۆ گیانی شەهیدانی ڕزگاری تەرخانکرا، دواتر لەسەر ناوی تەجەشەی ئۆسنابورک ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە و ئاماژە کرا بەوەی دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانی سەر کورداندا چەکی ئەڵمانیا بەکاردەهێنێت و گوترا: "لە هێرشەکانی سەر بەنداوی تشریندا تاوانی جەنگی و دژە مرۆڤانە ئەنجام دەدات. ئەم هاوکارییانەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وا دەکات ئاسانتر تاوانەکانی ئەنجام بدات. گەر ناتانەوێت ببنە هاوبەشی ئەم تاوانانە دەبێت هەموو ڕێکەوتنە سەربازییەکانتان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هەڵبوەشێننەوە."