قەسەدە: ٢٠ چەتە کوژران، ٢ درۆن خرایە خوارەوە

قەسەدە ڕایگەیاند؛ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە شەڕی دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبج دا ٢٠ چەتە کوژراون و ٩ کەسیان بریندار بوون و ٢ درۆن خراونەتە خوارەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی شەڕەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی منبجی ئاشکرا کرد.

بەیاننامەکەی قەسەدە بەم شێوەیەیە:

"شەڕڤانانمان دوێنێ (شەممە) هێرشێکی چەتەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیان لە گوندی خربە زەماڵا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی منبج بەرچەکدایەوە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانمان و چەتەکاندا ڕوویدا. لە ئەنجامدا ٤ چەتە کوژران و ٥ چەتەیش بریندار بوون، چەتەکانی دیکە لە بەرەکانی شەڕ هەڵهاتن. هەروەها ٢ درۆنی تەقەمەنی هەڵگری چەتەکان لەلایەن هێزەکانمانەوە خرانە خوارەوە.

لە بەرەیەکی دیکەوە دەوروبەری بەنداوی تشرین بە فڕۆکەی جەنگی و تۆپ و چەکی قورس بە قورسی تۆپباران کرا.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شەڕی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئیشکگرانی بەنداوی تشرینی بۆردومان کرد. لە ئەنجامدا ئیشکگرێک شەهید بوو و ١٢کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لە شارۆچکەی دێر حافر فڕینی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی ناوچەکە بەردەوام بوو. فڕۆکەکان خاڵێکی هێزەکانمانیان لە ناوچەکە بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا شەڕڤانێک شەهید بوو و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. هەروەها چەتەیەک کە ویستی خۆی بەناو خاڵێکی هێزەکانماندا بکات دەستبەسەرکرا.

لە بەرەی پردی قەرەقۆزاق شەڕڤانانمان وەڵامی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانیان دایەوە. هەروەها شەڕڤانانمان هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی چەتەکان لە کێوی خودا و پارکی گوندی قەبر ئیمۆ. تا ئەو جێگەی روون بووەتەوە، لە گوندی قەبر ئیمۆ ٢چەتە کوژراون و ٤چەتەی دیکەش بریندار بوون.

لە کێوی خودا لە شاری ئەبو قەلقەلەوە گروپێک لە چەتەکانی دەوڵەتی تورک هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر خاڵی هێزەکەمان، بەڵام شەڕڤانانمان بەرچەکیان دایەوە. لە ئەنجامدا ١٤ چەتە کوژران کە یەکێکیان سەرکردەیەکی گروپی ئەل حەمزات بوو بە ناوی ئەبو ئەل حارس ئەل جەزراوی. هەروەها فڕۆکە جەنگییەکان گوندەکانی بیر حسۆ و چوارڕێیانی بیری قرەقۆزاق و گوندەکانی خەسەق و مەلها لە نزیک پردەکە بۆردومان کرد، بەڵام هیچ زیانێک نەکەوتووتەوە.

باڵانسی دوێنێ: ٢٠ چەتە کە سەرکردەیەکیان تێدایە کوژراون، 9 چەتەیش برینداربوون، هەروەها چەتەیەک دەستگیرکراوە، ٢فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تەقەمەنی هەڵگر خراوەتە خوارەوە."