له‌دژی لۆزان كورد خۆی بۆ سه‌ده‌ی نوێ ئاماده‌ ده‌كات.. یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی مه‌رجی سه‌ره‌كییه‌!

به‌شداربووانی ئه‌و كۆنفرانسه‌ی له‌ دژی په‌یماننامه‌ی لۆزان ئه‌نجامدرا، به‌ وتنی: "تێكشاندنی لۆزان له‌ ڕێگه‌ی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌بێت"، داوایان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییش كرد، كه‌ له‌ سه‌ده‌ی نوێدا ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ نه‌هێڵن.

له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ به‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی لۆزان، كه‌ له‌ ئه‌نجامیدا كوردستان بۆ چوار پارچه‌ دابه‌شكرا و كۆمه‌ڵكوژی و جینۆساید به‌سه‌ر كورد و گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا سه‌پێنرا، له‌شاری لۆزانی سویسرا، كه‌ تێیدا په‌یماننامه‌كه‌ واژۆ كراوه‌، به‌ چه‌ند چالاكییه‌ك ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كۆنفڕاسێكی دوو ڕۆژه‌، به‌ به‌شداری ٦٠٠ نوێنه‌ری چوار پارچه‌ی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو و دوای كۆتایی هاتنی، كاتژمێر ١١:٠٠ ئه‌مڕۆ ئه‌نجامی كۆنفڕانسه‌كه‌ بۆ ڕایگشتی بڵاوكرایه‌وه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ غه‌ریب حه‌سو، هاوسه‌رۆكی ته‌ڤ-ده‌م، حیكمه‌ت سه‌ربڵند، سه‌رۆكی گشتی كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی كوردستان و عوسمان بایده‌میر، سیاسه‌تمداری كورد، واتا و گرنگی كۆنفڕانسه‌كه‌یان بۆ ئاژانسی فورات (ANF) هه‌ڵسه‌نگاند.

حه‌سۆ: ئێمه‌ داوای په‌یمانێكی نوێ ده‌كه‌ین كه‌ ئیراده‌ی گه‌لی كورد به‌فه‌رمی بناسێت

غه‌ریب حه‌سۆ، هاوسه‌رۆكی ته‌ڤ-ده‌م، كه‌ یه‌كێك له‌ به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌ بوو، ڕایگه‌یاند، په‌یماننامه‌ی لۆزان بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كورد له‌م سه‌ده‌یه‌دا باجێكی قورس بدات. كورد چیتر په‌یمانی لۆزان قبوڵ ناكات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ ١٠٠ه‌مین ساڵڕۆژی په‌یماننامه‌كه‌ نوێنه‌ری داموده‌زگاكان، ڕێكخراوه‌كان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان له‌ شاری لۆزان كۆبوونه‌وه‌. وتیشی: له‌ په‌یماننامه‌ی لۆزاندا مافی گه‌لی كورد نكۆڵی لێكرا و ئیراده‌ی گه‌لی كوردیان پشتگوێ خست. به‌ كۆبوونه‌وه‌مان لێره‌ نیشانی ده‌ده‌ین، كه‌ ئێمه‌ لۆزان قبوڵ ناكه‌ین، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ ده‌بێت په‌یمانێكی نوێی، كۆمیناڵ، ئاشتیانه‌ و دیموكراتیك له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ی گه‌لان ببه‌سترێت.

حه‌سۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، گه‌لی كورد له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره‌ سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی تێكۆشان و خۆڕاگری كردووه‌ و باج و قوربانی زۆری داوه‌، ئیتر كورد په‌یمانێكی نوێی ده‌وێت، كه‌ تێیدا ئیراده‌ و مافه‌كانی به‌فه‌رمی بناسرێت.

سه‌ربڵند: لۆزان چاره‌نووسی كوردانی زه‌وتكرد

حیكمه‌ت سه‌ربڵند، سه‌رۆكی گشتی كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی كوردستان، كه‌ یه‌كێكی دیكه‌ له‌ به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌ی لۆزان بوو، وتی: كۆنفرانسه‌كه‌ خزمه‌تی به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد كرد و ده‌بێت له‌ سه‌ده‌ی نوێدا هه‌لومه‌رجی ژیانی ئازادی گه‌لی كورد له‌ خاكی خۆیدا ده‌سته‌به‌ر بكرێت. وتیشی: به‌ په‌یماننامه‌ی لۆزان ده‌ست به‌سه‌ر چاره‌نووسی گه‌لی كوردا گیرا و لێیان زه‌وتكرا. به‌ په‌یمانی لۆزان چاره‌نووسی گه‌لی كورد ڕاده‌ستی داگیركه‌ران كرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ سه‌دان هه‌زار و ملیۆنان كورد له‌ زۆر شوێن خۆڕاگری ده‌كه‌ن و له‌و پێگه‌یه‌دان كه‌ ڕۆڵیان هه‌بێت.

سه‌ربڵند وتیشی: ١٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر موسڵمانان به‌تایبه‌تی توركه‌كان به‌ناوی ئیسلام، فریویانداین و وتیان: ئێمه‌ برای موسڵمانی یه‌كترین! له‌ ژێر ناوی ئوممه‌ت فریویانداین و ئه‌وه‌ش تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه‌. وه‌ك موسڵمانێك ئه‌مه‌ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر خودا مافی به‌ هه‌موو گه‌لان داوه‌ كه‌ به‌ ئازادی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یان بژین، مافی ئێمه‌شه‌ كه‌ بژین.

" بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو دووباره‌ نه‌كرێنه‌وه‌، یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی پێویستیه‌كه‌"

حیكمه‌ت سه‌ربڵند جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌رگیز نابێت هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو دووباره‌ بكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پێوستمان به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌. ده‌بێت یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و ستراتیژی سیاسی خۆمان هه‌بێت، چونكه‌ دوژمنانمان ده‌یانه‌وێت ستراتیژی له‌ناوبردن، نكۆڵیكردن، تواندنه‌وه‌ی كلتووری به‌سه‌رماندا جێبه‌جێ بكه‌ن. نایانه‌وێت گه‌لی كورد ببیته‌ خاوه‌نی قه‌واره‌ی خۆی. له‌به‌رمبه‌ر ئه‌وان ده‌بێت كورد له‌سه‌ر خۆبه‌رێوه‌به‌ری پێداگری بكات.

من وه‌ك موسڵمانێك ده‌ڵێم: پاراستنی ئه‌و مافانه‌ی كه‌ خودا پێی به‌خشیوم مه‌رجی سه‌ره‌كییه‌. ده‌بێت كورد له‌ داهاتوودا به‌ ڕۆحی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ لۆزان درێژه‌ به‌ ڕێگه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌بوون بدات. وه‌ك سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌و مافه‌ نه‌پارێزین، خودا له‌وباره‌یه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات.

بایده‌میر: كوردان لۆزان وه‌ك كفن بۆخۆیان ده‌بینن

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌ عوسمان بایده‌میر، سیاسه‌تمداری كورد بوو. بایده‌میر ڕایگه‌یاند، گه‌لی كورد لۆزان وه‌ك كفن بۆخۆی ده‌بینێت و ئه‌و كفنه‌ش به‌ تێكۆشان له‌ هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان هه‌رگیز قبوڵ نه‌كراوه‌.

بایده‌میر به‌ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی له‌ سێ كۆنفڕانسی جیاجیا له‌باره‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان به‌شداریكردووه‌، وتی: به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نم سه‌رجه‌م به‌شداربووانی كۆنفڕانسه‌كه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی لۆزان وه‌ك خاڵێكی هاوبه‌ش بۆ كورد ده‌خه‌نه‌ڕوو. ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌. دووه‌میش: كورد و هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ هه‌ر سێ كۆنفڕانسه‌كه‌، شكانه‌وه‌ی لۆزان به‌سه‌ر كورددا بۆ نه‌بوونی یه‌كگرتوویی، به‌ڕێكخستن نه‌بوون و نه‌بوونی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی له‌و سه‌رده‌مه‌دا گه‌ڕانده‌وه‌.

بایده‌میر وتیشی: له‌ ١٠٠ه‌مین ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ وشیاری نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كوردا دا له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان نییه‌، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌دا نییه‌. له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی لۆزان، له‌ نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كۆده‌نگی هه‌یه‌.

"پێویستی به‌ ڕێككه‌وتن و به‌ڵگه‌نامه‌ی ستراتیژی هاوبه‌ش هه‌یه‌"

ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ كورده‌ جه‌ختیشیكرده‌وه‌، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ لۆزان و له‌ناوبردنی و بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌دی بێت، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان پێویستیان به‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ستراتیژی هاوبه‌ش و تێكۆشانی هاوبه‌ش هه‌یه‌. وتیشی: ده‌بێت ئه‌م كۆنفڕانسه‌ ببێت به‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م و هه‌وڵدان بۆ ئاشكراكردنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی له‌وشێوه‌ ستراتیژیك. قۆناغی داهاتووی له‌سه‌ر بنیاد بنرێت. له‌ نێو ئه‌و بڕیارانه‌ی له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا دران، پێویسته‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بكرێت ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌یی به‌رامبه‌ر كوردان ده‌كرێت نه‌هێڵدرێت.

"هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لۆزان به‌ بوونی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی مسۆگه‌ر ده‌كرێت"

بایده‌میر سه‌رنجی بۆ گرنگی دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌كی نیشتمانی ڕاكێشا و وتی: له‌م خاڵه‌دا گرنگه‌ بانگه‌واز ئاراسته‌ی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بكرێت. هیچ پارتێكی سیاسی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ دوژمنایه‌تی پارتێكی دیكه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی سود له‌ دووژمنایه‌تی دوو پارتی سیاسی كوردستان وه‌رده‌گرن ئه‌نقه‌ره‌ و تارانن. ئامانجی هاوبه‌شی ئه‌نقه‌ره‌و تاران ، له‌ناوبردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێستای كورده‌. ئه‌وه‌ی له‌توانیاندا بێت ده‌یكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی لۆزان بۆ هه‌میشه‌ بمێنێته‌وه‌. ده‌بێت ئه‌ركی سه‌ره‌كیمان هه‌ڵوه‌شتاندنه‌وه‌ و له‌ناوبردنی لۆزان بێت. ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كی نیشتمانی و دارشتنه‌وه‌ و جێگیركردنی ستراتیژی نیشتمانی به‌دی دێت. پارته‌ كوردییه‌كان دوژمنی یه‌كتر نین، ناتوانن دوژمنی یه‌ك بن. پارته‌ كوردییه‌كان ده‌بێت هاوپه‌یمانی ستراتیژی یه‌كتر بن. ته‌نیا به‌مشێوه‌یه‌ كورد ده‌توانێت پێشوارزی له‌ سه‌ده‌ی داهاتوو بكات.

ژ.ن