لەنێوان تورکیا و عێراقدا ٢٤ ڕێککەوتن واژۆکراوە

لە سەردانی سەرۆککۆماری تورک ئەردۆگان بۆ عێراق لە چوارچێوەی "ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری بواری ئاو" و "ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی"دا ٢٤ ڕێککەوتن واژۆکراون.

سەرۆککۆماری تورک تەیب ئەردۆگان لەپێناو هێرشی داگیرکاری بۆ سەر باشووری کوردستان و ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک سەردانی عێراقی کرد. لە بەغدا لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق عەبدول لەتیف ڕەشید و سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی کۆبووەوە.

بە چاودێری سودانی و ئەردۆگان لەنێوان عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا ڕێککەوتنێکی چوارلایەنە واژۆکرا. لە مەراسیمەکەدا وەزیری گواستنەوە-ژێرخانی هەر سێ وڵاتەکە و وەزیری وزە-ژێرخانی ئیمارات ئامادەبوون.

هەروەها لەنێوان عێراق و تورکیادا ٢٤ ڕێککەوتن واژۆکران، لەوانەش "ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری لە بواری ئاو" و "ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی". هەروەها پەیوەست بە سەرچاوەکانی ئاو ڕێککەوتنێک بۆ ماوەی ١٠ ساڵ واژۆکرا.

هەنگاوی هاوبەش دژی پەکەکە

پاش کۆبوونەوەی ئەردۆگان و سودانی، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجامدرا، تێیدا ئەردۆگان  دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە ناساندنی پەکەکە وەک "ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو" لەلایەن عێراقەوە. ڕایگەیاند لەگەڵ عێراق لەسەر هەنگاو هاوبەش دژی پەکەکە قسەیان کردووە و تیشکی خستەسەر ڕێککەوتنە ستراتیژییەکان لەگەڵ عێراق.

بارزانی هیوای "ئاشتی و بەردەوامی" بۆ داگیرکەران خواست

پاش ئەوە ئەردۆگان چووە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە پێشوازی لێ کرا. بارزانی لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بەختەوەرن بە پێشوازیکردن لە ئەردۆگان، گوتی لەسەر چەند پرسێکی وەک "ئاشتی و ئارامی و ئابووری" گفتوگۆ دەکەن.