محەمەد ئۆجالان: هیچ هیوایەکم بەم دەوڵەتە و یاساکانی نییە

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان سکاڵای لەسەر ئەوە هەبوو، کە لە جەژنیشدا ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە ئیمرالی و دیدار ئەنجام بدەن و وتی: "هیچ هیوایەکم بەم دەوڵەتە و یاساکانی نییە".

هەرچەندە نوسەرێک بۆچوونێکی گریمانەیی لەبارەی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی بڵاوکردبووە و پێشبینی کردبوو "رێگە بە دیدار  دەدرێت"، بەڵام بۆ جەژنیش ڕێگە نەدرا چاوپێکەوتن و دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت.

محەمەد ئۆجالان لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ناتوانن زانیاری لە براکەیان وەربگرن و داواکارییەکانی خۆیان و پارێزەرەکانیان بە پاساوی 'سزای دیسیپلین' ڕەتدەکرێنەوە. ئۆجالان ڕایگەیاند، چیتر هیچ وشەیەک بۆ ئەم بێ یاساییە نەماوە و وتی: "دەکرێت مرۆڤێک زیندانی بێت، یان سزادراو بێت، بەڵام بەپێی یاسای تورکیا مافی خۆی هەیە. هەمووان دەتوانن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و پارێزەرەکانیان کۆببنەوە و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر ئیمراڵی، ئەم مافە پشتگوێ دەخرێت".

محەمەد ئۆجالان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پێشێلکاری و نایاساییە تەنها دژی براکەی نییە، بەڵکو دژی عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش-یشە و وتی، "ماوەی چوار ساڵە نەیانتوانیوە بنەماڵە و کەسوکار و پارێزەرەکانیان ببینن. ئەوە دۆخێک نییە، کە بەپێی یاساکانی تورکیا قبوڵ بکرێت. ئیتر بۆ من گرنگ نییە عەبدولقادر سەلڤی چیی نووسیوە، یان نەینووسیوە. ئەوان لە ناو خۆیاندا  گفتوگۆ دەکەن، قسە دەکەن، بەڵام هیچ شتێک ڕوونادات. بۆ من گرنگ ئەنجامە. لەڕاستیدا، من چیتر هیوام بەم دەوڵەتە و بە یاساکانیان نییە. ئێمە نەمانتوانیوە لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٠وە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین.

دواهەمین جار بۆ ماوەی ٥ خولەک لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان قسەم کرد. دەوترێت گۆشەگیری، بەڵام ئەم دۆخە لە گۆشەگیری زیاترە و گۆشەگیریی تێپەڕاندووە، پێویستی بە پێناسەیەکی جیاواز هەیە. پێویستە کۆماری تورکیا ناوێکی تر بۆ ئەمە دابنێت، چونکە کردارێکی تەواو دژ بە یەک کەس هەیە، ئەم کار و کردارە هیچ پەیوەندیەکی بە یاساوە نییە، تەواو سیاسیە و لایەنی سیاسیشی هی ئەوانە".

محەمەد ئۆجالان ناڕەزایەتی و کاردانەوەی بەرامبەر پارت و لایەنە سیاسییەکان هەبوو، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، داکۆکی لە دیموکراسی دەکەن، بەڵام لەبەرامبەر ئەو بێ یاساییە بێدەنگن و وتی، ئەو حزبانە تەنانەت یەک وشەیان لەبارەی بێ یاسای و پێشێلکارییەکان لە ئیمرالی نەوتووە.

 محەمەد ئۆجالان ڕاشیگەیاند، ئێمە دەیانەوێت لە تورکیا یاسا بەرامبەر بە هەموو کەسێک یەکسان بێت و وتی، "دەمانەوێت لەسەر بنەمای یاسایی بجوڵێنەوە و ڕەفتار بکەن. با مافە یاسایی و دیموکراتیکەکانمان پێ بدەین و پارێزراو بێت".

ژ.ت