لە پاش تۆمارکردنی سکاڵایەک لەلایەن ڕێکخراوی “سندووقی قوربانییانی کوردستان”، دژی نەوەکانی بارزانی، ئێستا دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیای ئەمریکا، لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە داوای وەڵام لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان دەکات.
ڕۆژی ٣٠ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لەلایەن ڕێکخراوی “سندووقی قوربانیانیی کوردستان” لە دادگای فیدراڵی ئەمریکا سکاڵا دژی مەسروور و نەوەکانی بارزانی تۆمار کراوە، کە ٢٥ تۆمەتی (کوشتن، ساختەکاریی، شایەتی درۆ، ڕفاندن، جینۆساید، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییەکی ئەمەریکی، دەرکردنی نایاسایی هاوڵاتییانی کورد لەسەر ماڵ و موڵکەکانیان، بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، بازرگانیکردن لەگەڵ کەسایەتی و گرووپ و ڕێکخراوەکان، کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستى تیرۆرەوە)، دادگا داوای وەڵام لە مەسروور بارزانیی دەکات.
دادگای فیدڕاڵی ئەمریکا، کە ڕۆژی ١٥ـی شوبات، لە رێگەی تریفە عەزیز نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەکەی ئاڕاستەی مەسروور بارزانی کردووە و ماوەی ٢١ ڕۆژی بۆ داناوە تا وەڵامی سەرجەم تۆمەتەکان بداتەوە.
لەئێستادا دوو هەفتە ماوە بۆ ئەوەی مەسروور بارزانی وەڵامی دادگای فیدراڵی ئەمریکا بداتەوە. لە کۆتایی فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لەکاتی وەڵام نەدانەوە، دادگا ڕێوشوێنی تایبەت دەگرێتەبەر.
پێشتریش هەر لە ئەمریکا بابەتی سامانی بنەماڵەی بارزانی لەو وڵاتە خرابووە بەرباس و ئاماژە بەوەکرابوو، کە مەسرور بارزانی و چەند ئەندامێکی دیکە ئەو بنەماڵەیە موڵک و ماڵی زۆریان بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار لەو وڵاتە کریوە، ئەمەش لە کاتێکدا بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی هەرێمی باشووری کوردستان بە دەست بێکاری، هەژاری، دواکەوتنی مووچە و کێشە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا، و رێگاوبانەوە دەناڵێنن.
هـ .ب