ناڕەزایەتی دژی زەوتکردنی شارەوانی وان لە فەرەنسا

دەنگدەر و نوێنەری پارتە سیاسییەکانی فەرەنسا زەوتکردنی شارەوانی شاری مەزنی وانیان شەرمەزار کرد و بانگەوازیان کرد بۆ پشتیوانی لە هاوسەرۆکی شارەوانییەکان.

دەنگدەر و نوێنەری پارتە سیاسییەکانی فەرەنسا لەسەر میدیای دیجیتاڵ ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر پێ نەدانی مەرسومی دەستبەکاربوون بە هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی وان عەبدوڵا زەیدان.

سەرۆکی گشتی پارتی سەوز، مارین تۆنیلیر ڕایگەیاند ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل بناغەی دیموکراسییە.

پەرلەمانتاری پارتی یاخیبووانی فەرەنسا و هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی کورد فریدریک ماتیۆ ڕایگەیاند ئەردۆگان شارەوانییەکانی دەم پارتی زەوت دەکات و گوتی: "ئەمە کودەتایەکی ئیدارییە". داوای کرد پشتگیری لە هاوسەرۆکانی شارەوانی بکرێت.

سیناتۆری پارتی کۆمۆنیست، لان برۆسات گوتی: "کاتی ئەوەیە ئەردۆگان و پارتەکەی ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرن".

سیناتۆری پارتی سەوز ئان سۆیریس ڕایگەیاند ئەمە ڕەتکردنەوەی دیموکراسییە و مەترسیدارە، پشتگیری خۆی بۆ دەم پارتی دووپاتکردەوە.

سکرتێری نەتەوەیی پارتی سۆسیالیست دیلان بۆتیفلات ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک هەڕەشە لە هەڤاڵانمان لە دەم پارتی دەکات، ئێمە پشتیوانی لە هەڤاڵانمان لە دەم پارتی دەکەین.

وتەبێژی پارتی دژە سەرمایەداری نوێ، ئۆلیڤەر بێسانجینۆت تیشکی خستەسەر گرنگی یەکگرتن لەپێناو ڕێگری لە کودەتای ئەردۆگان لەسەر شارە کوردییەکان.

لای خۆیانەوە مەجلیسی هاوڵاتیانی تورکیا دووپاتی دەڵێن: "ئەردۆگان هەوڵ دەدات دیموکراسی و سەرکەوتنی گەلان لەناوببات".

جێگری شارەوانی هەرێمی ١٩ ی پاریس فرانسیۆس بێجیاو ڕایگەیاند، دیموکراتەکان پشتگیری لە دەم پارتی دەکەن و نەمانی دەسەڵاتی ئەردۆگان لە تورکیا نزیکە.

بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی پارتی کۆمۆنیست، ڤێنسێنت بۆڵوت ڕایگەیاند، ڕژێمی ئەردۆگان بەم کارانە بەنیازە شکستەکەی بشارێتەوە، هەروەها پشتگیری بۆ دەم پارتی دووپات کردەوە.