نەژادپەرستەکان لە دوزجە هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیان کورد

لە ناوچەی ئاکچاکۆجا سەربە دوزجەی، نەژادپەرەستانی تورک هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک کرێکاری کورد و هەڕەشە لە خانەوادەیان کرد.

شەوی ڕابردوو، لە ناوچەی ئاکچاکۆجا سەربە دوزجەی، لە ڕۆژئاوای هەرێمی دەریای ڕەش، نەژادپەرەستانی تورک هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک کرێکاری کورد کە بۆ کۆکردنەوەی بندوق چوونەتە ئەو ناوچەیە.

یەکێک لەو کرێکارانە بەناوی محەمەد گولەن، بە ئاژانسی مەزۆپیتامیای وتووە: ئەوە  مانگێکە بۆ کرێکاری هاتووینەتە دوزجەی، شەوی ڕابردوو هێرش کرایە سەر ئەو ماڵەی تێدا دەمێنینەوە و جامەکانیان بە بەرد هێنایە خوارەوە.

محەمەد گولەن ئاشکراشی کردووە کە دوای ئەوەی لە ماڵەکە چوونەتە دەرەوە دوو کەس لەو هێرشکارانە وتوویانە؛ لێرە کوردمان ناوێت، ئێستا  بە بەردەوە هاتووین، دوایی بە چەکەوە دینەوە.

لە بەردەوامییدا گولەن دەڵێت: دوایی ٢٠ کەسی دیکە هاتن و هەڕەشەیان لە ژن و منداڵی ئێمە کرد، تەلەفۆنمان بۆ پۆلیس کرد، ئەوانیش وتیان تا ئاڵۆزیی دروست نەبێت ئێمە نایەین، ئێمەش وتمان؛ “دەی دەتانەوێت بێنە سەر تەرمەکانمان”.

ئەو کرێکارە هەروەها باسی ئەوە دەکات، کاتێک پۆلیس گەیشت، لەجێی ئەوەی لێپرسینەوە لە هێرشکارەکان بکات، من و چەند هاوڕیەیکمیان برد بۆ ناوەندی پۆلیس، دوایی کاغەزێکیان هێنا کە ئێمە چەقۆمان بەرامبەر ئەو کەسانە کێشاوە، تا ئێمە تاوانبار بکەن، ئێمەش واژۆمان نەکرد، دوای ئەوە ئێمەیان بردە نەخۆشخانە، لەوێ داوامانکرد کە ڕاپۆرتی پزیشکیمان بۆ بنووسرێت کە لێمان دراوە، بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدا، تەنانەت ئەو  بەڵگانەی ناو  نەخۆشخانەشیان نەهێشت و بردیان.

ف.ق