پارێزەران لەگەڵ ڕۆژنامەوانە دەستبەسەرکراوەکان کۆبوونەوە

پارێزەران لە ڕۆژنامەوانە دەستبەسەرکراوەکان کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، ڕۆژنامەوانەکان بەشێوەیەکی نایاسایی زیندانیکراون.

دوێنێ لە هەڵکوتانەسەر ماڵان لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و ڕحا، پەیامنێرانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئەسرا سۆلین دال و محەمەد ئاسڵان، خەباتکاری ڕۆژنامەوانی یەنی یاشام ئەنەس سەزگین، خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد ساڵیحە ئاراس و یەشیم ئالیجی و بەستە ئارگات و شیرین ئەرمیش، ڕۆژنامەوان ئەردۆگان ئالیاومات، پەیامنێری پێشووی ئاژانسی میزۆپۆتامیا دۆگان کایناک، دەستبەسەرکران.

پارێزەران لەگەڵ ڕۆژنامەوان دەستبەسەرکراوەکانی ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە، ڕایانگەیاند پۆلیس فشاری "چاوپێکەوتن"یان لە ڕۆژنامەوانان کردووە، پارێزەران گوتیان، بە ڕۆژنامەوانان گوتراوە "دەبێت بچنە کۆبوونەوەی پارێزەران" و بردوویانن بۆ جێگەی چاوپێکەوتنەکە، پێیان گوتوون "پێش هاتنی پارێزەرەکانی خۆمان، چاوپێکەوتن ناکەین" بەڵام داخوازییەکانیان ڕەتکراوەتەوە.

پارێزەران ڕایانگەیاند ڕۆژنامەوانەکان لە چوارچێوەی دۆسیەیەکی ساڵی ٢٠٢٢ دەستبەسەرکراون، ڕۆژنامەوانەکان بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" دەستبەسەرکراون و هیچ بەڵگەیەک لای پۆلیسەکان نییە، تەنها ئەوەیە، هەواڵی ڕۆژنامەوانەکان وەک تاوان نیشاندراون و بەڵگەیەک بۆ تاوانبارکردنیان نییە.

پارێزەران جەختیان کردەوە، هەوڵدراوە تۆمەتی پەیوەستی ڕێکخراوەیی بدرێتەپاڵ ڕۆژنامەوانەکان، بە ساڵیحە ئاراس گوتراوە: "یەنی یاشام و ئاژانسی میزۆپۆتامیا هەوڵ لە یەکتر وەردەگرن، واتە پەیوەندی لەنێوانیان هەیە"، خەباتی ڕەوا وەک خەباتی ڕێکخراوەیی پیشاندراوە و لێپرسینەوەی لێ دەکرێت، ئەمەش هەوڵێکە بۆ تاوانبارکردنی خەباتی چاپەمەنی.

پارێزەران ڕایانگەیاند بڕیاری شاراوە پەیوەست بە دۆسیەکە هەیە، هۆکارەکەش ئەوەیە دۆسیەکە بەتاڵ و پووچە، هیچ بەڵگەیەکی ڕوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکان نییە. تەنها بۆ ئەوەی بڵێن "ئەندامی ڕێکخستنمان گرتووە" ئەم کارانە دەکەن.

پارێزەران ئاماژەیان بەوە کرد، دوو ساڵە لێپرسینەوە بەردەوامە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە، ئەگەر بەڵگەیان هەبووایە ئەوەندە درێژەی نەدەکێشا، ئەمەش کارێکی نایاساییە، هیچ ڕەگەزێکی تاوانکاری نادۆزنەوە. بڕوامان وایە هەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی "بەڵگە" کۆبکەنەوە.