پەدەکە لە بادینان ئامادەکاریی پیلانەکان دەکات

پەدەکە لە هەریمێ بادینان ئامادەکاریی بۆ پیلانەکان دەکات. لە پڕۆسەی داهاتووماندا ڕەنگە هەندێک پیلانگێڕی تەقینەوە لە ناوچەکە ئەنجام بدەن و ئەمە بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەی ئازادی.

پەدەکە ئاماداەکاری پیلانەکان دەکات

پەدەکە بۆ ئەوەی خۆی وەک خزمەتکارێکی باش نیشان بدات، هەموو ئەو دەرفەتانەی لە دەستیدایە، دەخاتە بەردەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورک. بوونی دانیشتوانی ناوچەکە و پێگەی هەرێمەکە و دەستکەوتەکانی گەلی کوردی خستووتە لایەکەوە و شوێن بەرژەوەندی خۆی لە گەڵ دەوڵەتی تورک کەوتووە. بەتایبەتی لە هەرێمی ئامێدی، دێرەلوک، کانی ماسی و برادۆست، لە هەر کردەوەیەکی داگیرکاریدا ڕۆڵ دەبینێت و ناوچەکەی خستووتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.

بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، دەوڵەتی داگیرکەری تورک کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ بەشێک لە سەرکردەکانی پەدەکە لە هەولێر ئەنجامداوە. زانرا لەم دیدارەدا نەخشەی کردەوەی داگیرکاری بەتایبەتی لە خاکورک خراوەتە بەر باس.

پەدەکە و حکوومەتی عێراق نەتەنیا لە بەرامبەر کردەوە داگیرکارییەکان بێدەنگن، بەڵکو بە ئاشکرا لە زۆربەی هەرێمەکاندا ڕێگە بۆ سوپای تورک خۆش دەکەن. هەروەک چۆن دەروازەی سەرزێریان بۆ تانک و زرێپۆشەکانی داگیرکەر کردەوە بۆ چوونە ناو مەتینا و هەرێمی ئامێدی، ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای تورک لە شاخی ڕۆواڵە لە خاکورک سەنگەریان داناوە و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانیان بۆ هەرێمی کۆلیت جێگیر کردووە. هەوڵ دەدەن ئەم کردەوانەی کە لە خاکورک دەستی پێکردووە بە نهێنی و دوور لە میدیاکان بمێنێتەوە.

هاوکارییەکانی پەدەکە لە مانگی تەمموزدا گەیشتووتە لوتکەکە

لە بنەڕەتدا ئەوان تاکتیکی کلاسیک بەڕێوەدەبەن. وەک چۆن ئەم کردەوەیە لە هەرێمی ئامێدی ئاشکرا بوو، ئێستا لە ژێر سایەی ئەم کردەوانەدا لە خاکورک هەوڵی پێشەوەچوون دەدەن. پێشبینی دەکرێت ئەم داوایە لە لایەن پەدەکەوە بووبێت. لە مانگی تەمموزدا هاوکارییەکانی پەدەکە لە ئامێدی گەیشتە لوتکە و ئاشکرا بوو. بۆیە ئەگەر هاوکاریی ئەوان لە خاکورک ئاشکرا بێت، ڕەنگە هەڵوێستی بەربڵاو دەست پێبکات و بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندان.

لە لایەکی ترەوە ئەم هاوکارییانەی پەدەکە لە هەرێمی ئامێدی و دێرەلووک بەردەوامە. لە کۆتا پڕۆسەدا بەدواداچوونمان کرد کە گوندەکانی مژێ و سپیندار و هەرێمی بەرێگارێ بە توندی تۆپباران دەکرێن. لەو ناوچانەدا زۆربەی ماڵ و موڵکی گوندنشینەکان وێران بوون و دەستڕەنجە کشتوکاڵیەکان و دارستانەکانیان کە تەمەنی سەدان ساڵەیان هەیە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان سووتان. ڕاستە ئەم هێرشانە بە تانک و تۆپی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام ئەم هێرشانە لە کوێوە دێن و کێ هاوکارییان دەکات؟ زانراوە کە ئەم هێرشانە لە هەرێمی نێوان گوندەکانی سڵاڤ و بێباد لە ئامێدییە ئەنجام دەدرێن. پەدەکە و سوپای تورک تانکەکانیان لەوێ جێگیر کردووە و ڕۆژانە ئەو ناوچانە تۆپباران دەکەن. لەو پێوەندییەدا پەدەکە هەم زانیاری هەواڵگری لە ناوچەکە وەردەگرێت و هەم زۆر جار پێشەنگایەتی دەکات بۆ سوپای داگیرکەر. بە واتایەکی ترئامادەکاریی ئەو هێرشانە لەلایەن پەدەکەوەکراوە و سوپای تورکیاش لەسەر بنەمای ئەو هێرشانە ئامادەکاری تۆببارانەکان دەکات.

پەدەکە کارەبا بۆ سوپای داگیرکەر دابین دەکات

لایەنێکی دیکەی هاوکارییەکانی پەدەکە کە هەوڵدەدات داگیرکارییەکە بەردەوامی بێت، لە ئێستادا لە نێوان هەرێمەکانی دێرەلوک و چەمچۆدا ڕوودەدات. وەک دەزانرێت، سوپای داگیرکەر تا دەگاتە قووڵایی لادێکانی زاپ، کێشەی زۆری هەیە. یەکێک لەو پێداویستیانە کارەبایە. بۆ ئەوەش ئێستا پەدەکە لە بەنداوی دێرەلووکەوە بۆ دۆڵی بالندا و تا هەرێمی چەمچۆ کارەبای هەمیشەیی بۆ سوپای تورک دابین کردووە.

بێگومان ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ سوپای تورک. وەک دەزانرێت سوپای تورک پێویستییەکی زۆری بە کارەبا هەیە، چونکە بە تەکنولوژیا شەڕ دەکات. کامێرای مۆبەسە و سیستەمی پەیوەندی و ڕادار و ئامێری سیخوڕی، هەموویان بە کارەبا کاردەکەن بۆ ئاستەنگ کردنی جوڵەی گەریلا، ئەم هاوکارییانە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ سوپای تورک.

بەرپرسانی پەدەکە خزمەتی داگیرکاریی دەکەن

شایانی باسە دەیان ساڵە ئەم هەرێمانە وەک پێویست کارەبای بۆ دابین نەکراوە. ساڵانێکە خەڵکی ناوچەکە داوای کارەبا دەکەن، بەڵام بە بیانووی نەبوونی دەرفەت، پەدەکە کارەبای بۆ ئەم هەرێمانە وەکوو پێویست دابین نەکردووە. بەڵام ئێستا بە پەلەوە کارە بۆ داگیرکەران دابین دەکات. هاوینی ئەمساڵ، پەدەکە کارەبای لەسەر خەڵکی باوچەکە بڕی و ناوچەکەی پێشکەش بە سوپای تورک کرد. زۆر بە ڕوونی دەرکەوت کە سەرکردەکانی ئەم حیزبە خزمەتی خەڵک ناکەن، بەڵکوو داگیرکەران دەپارێزن.

مەترسیدارترین دۆخ ئامادەکردنی پیلانگێڕییەکانە. بە کردەیی هەموو کارێک ئەنجام دەدرێت و هەوڵ دەدەن ڕێگری لە جووڵەی گەریلاکانی ئازادی بکەن. ئەگەرچی پەدەکە ئەمە بە بەس نازانێت و لە ناوچەکەدا پیلانەکان ڕێکدەخات.

پەدەکە بۆ ئەوەی خیانەتەکانی بشارێتەوە دژ بە پەکەکە پیلانگێڕی دەکات

پەدەکە بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕەشی خۆی و پۆشینی خیانەتەکانی، لە نێو گەلدا وەها زانیاری بڵاو دەکاتەوە کە پەکەکە بە ئۆتۆمبێلی پڕ لە تەقەمەنیەوە چووەتە ناو هەرێمی دھۆکەوە. بۆ ئەمەش بە ماڵاندا دەگەڕێت و وا خۆی نیشان دەدات کە هێرش دەکرێتە سەریان. وا خۆی نیشان دەدات کە لەم دۆخەدا پێشەنگایەتی دەکات. لە پێوەندی لەگەڵ ئەمەدا، هەڵوێستی گەل بەرامبەر بە خۆی لاواز دەکات و خۆی وەک پاسەوانێک نیشان دەدات. لە لایەکەی تر هەوڵی ڕەشکردنی بزووتنەوەی ئازادی و نەهێشتنی پشتیوانی کردنی گەریلاکانە.

ڕەنگە پیلانگێڕان لە داهاتوودا هەندێک کردەوەی تەقینەوە ئەنجام بدەن

گەلی هەرێمەکە زۆر باش دەزانن کە بزووتنەوەی ئازادی کردەوەی وا ناکات. بە چاوی خۆیان دەبینن گەریلا چۆن خاکەکەیان دەپارێزن و لە پێناویدا گیانی خۆیان دەبەخشن. بەڵام لێرەدا خاڵێکی گرنگ دەخەینەڕوو کە پێویستە ڕوونکردنەوەی بۆ بکرێت. لە پڕۆسەی داهاتووماندا ڕەنگە هەندێک پیلانی تەقینەوە لە هەرێمەکە ئەنجام بدەن و ئەمە بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەی ئازادی. بەم شێوەیە پێگەی بزووتنەوەی ئازادیی لاواز بکەن و کاردانەوەی گەل لە خۆیان دوور بخەنەوە و سەرنجی بخەنە سەر بزووتنەوەی ئازادی.

ئەم کردەوانە ڕووخساری ناشیرینی پەدەکە دەردەخەن. لە لایەکی ترەوە دۆخی سوپای تورک ئاشکرا دەکات کە لە بەرامبەر شەڕی گەریلا گیری خواردووە. گەریلا کە لە سەختترین بارودۆخدا بەرخۆدان دەکەن. هەموو دەرفەتەکانیان بۆ گەیشتن بە چیا بەرزەکان بەکاردەهێنن، بە نانێک و لیترێک ئاوەوە بە ڕۆژان لە سەنگەرەکان دەمێننەوە. ڕەنجێکی گەورە دەدەن. شەڕ دەکەن و بە شانازییەوە شەهید دەبن. ئەم بەهایە بە ڕەنج و خوێن بنیات دەنرێت. تەنها یەک ئامانجیان هەیە؛ تێکشکاندنی داگیرکاری و پاراستنی خاک و گەلی کوردستان. بۆ ئەوەش بێگومان هەموو ئەو پیلانانەی کە پلانیان بۆ دانراوە سەرکەوتوو نابێت. چونکە گەل بە چاوی خۆیان راستیەکان دەبینن.