پلاتفۆرمی دژی داگیرکاریی کۆنفرانسێک ساز دەکات

پلاتفۆرمی دژی داگیرکاریی لە کوردستان کە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی هەر چوار بەشی کوردستان لەخۆدەگرێت، لە وڵاتی هۆڵەندا کۆنفرانسێک دژی داگیرکاریی ساز دەکات و بە ئەو مەبەستەیش بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی زیاتر لە سەد کەسایەتی کوردستانی کردوە.

پلاتفۆرمی دژی داگیرکاریی لە کوردستان کە لە
سەروبەندی هێرش و داگیرکارییەکانی ئەم دوایەی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان لە لایەن ژمارەیەک کەسایەتیی هەر  چوار بەشی کوردستان دامەزرا و پاشان هەڵمەتێکی فراوانی دژی داگیرکاریەکە و هەوڵەکانی نانەوە شەڕی کورد بەکورد ەستپێکرد و سەدان کەسایەتی کوردستانی لە بوارە جیاجیاکاندا پەیوەست بوون پێیەوە، لە چوارچێوەی هەواڵەکانیدا بۆ وەستانەوە دژی داگیرکاری لە کوردستان بڕیار وایە لە هۆڵەندا کۆنفڕانسێک ڕێکبخات. بە پێی دەقی بانگێشتنامەی کۆنفڕانس و و لێدوانی کۆمیتەی ئامەدەکاری کۆنفڕانس بۆ ئاژانسەکەمان فوڕات نیوز، ڕۆژی شەممەی داهاتوو ٤ی سپتەمبەری ٢٠٢١ کۆنفڕانسەکە  ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتنامە ئاڕاستەی زیاتر لە سەد کەسایەتی کوردستانی کراوە.

دەقی بانگێشتنامەی پلاتفۆرمی دژی داگیرکاریی سەبارەت بە بەستی کۆنفڕانسەکەیان لە هۆڵەندا:

کوردستان وڵاتێکە لەژێر نیری داگیرکەریدا. هەرچەند لە باشوور پێگەیەکی فەرمی فیدراڵ و لە ڕۆژاواش پێگەیەکی دیفاکتۆ هەیە، 
زیاتر لە سێ مانگە لەو ناوچانە شەڕێکی سەخت بەڕێوەئەچێت. بەڵام لە بەشێکی ئەو پارچانەشدا داگیرکاریی و هێرشی فراوان بۆ لەناوبردنی ئەو دەستکەوتانە بەردەوامە. دۆخی رۆژهەلات و باکوری کوردستانیش لە رووی داگیرکارییەوە تا ڕادەیەک وەک یەکن. لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر هێرشی داگیرکاریی بەردەوامە.
چۆن رای گشتیی لە مەترسی و لە دژی ئەو هێرش و داگیرکارییانە ئامادە بکرێت. چی لەسەر هیزو لایەنە کوردستانییەکان پیویستە بۆ هەماهەنگی و بەرپەچدانەوەی داگیرکاریی. بۆ ئەو مەبەستانە پێویست بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی نوێ هەیە، پیویست بە رێبازو میکانیزمی نوێ هەیە بۆ ئامادەکردنی رای گشتیی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی. پێوستە جگە لە خەڵکی کوردستان، خەڵکی تەواوی دنیاش لە مەترسییەکانی ئێستا و داهاتووی ئەو هێرش و داگیرکاریانە لە ناوچەکەدا، ئاگاداربکرێنەوە.

هەتا ئێستا لەبەرامبەر ئەو هێرشانەدا، لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ناونەتەوەیی زۆر چالاکی و دەستپێشخەریی جۆراوجۆر بەڕێوەجوون. ئێمەش وەک گوپێک لە کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیر و رۆژنامەوانی کوردستان، کۆبووینەوەو " پلاتفۆڕمی دژی داگیرکاریی "مان بەڕێخست. هەنگاوی یەکەممان بە کەمپینێکی ئیمزاکۆکردنەوە دژی داگیرکاریی دەستپێکرد. 1138 کەسایەتی ناودارو چالاکی کوردستان بەشداری ئەو کەمپینە بوون و ئەنجامەکەی لە راگەیاندنەکاندا بڵاوکرایەوە.

لە لایەکەوە شەڕ و هێرش بەردەوامن، لە لایەکی ترەوە لە 15ی حوزەیرانەوە گرژی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان توندتر بووە. ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەش مەترسی شەڕێکی ناوخۆییان لێ ئەکرێت. کێشەو ناکۆکیی هەرچییەک بێت، پێویستە لەنێوان هێزە کوردستانییەکاندا شەڕی ناوخۆیی روونەدات. پێویستە لەوبارەیەوە، لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی هەڵوێستی بەرفراوان لەدژی داگیرکاریی و شەڕی ناخۆ پیشان بدرێت.

بۆ ئەو مەبەستە خوازیارین لە ئاستی ئەوروپادا، بە بەشداریی روناکبیر و کەسایەتی کوردستانی و نوێنەری پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، کۆنفرانسێک بە ناونیشانی " دژی داگیرکاریی " بەڕێوەببەین. ئامانجی کۆنفرانس ئەوەیە لەدژی داگیرکاریی لە ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا هەڵوێستێکی بەهێز پیشان بدرێت. هەروەها یەکریزیی ناوخۆیی پتەوتر بکرێت.

کۆنفرانس رۆژی 04.09.2021 مانگی سێپتێمبەر 2021، کاتژمێر 10.00ی سەرلەبەیانی لە وڵاتی هۆلەندا بەڕێوەئەچێت.

رۆژەڤی کۆنفڕانس :

* 10:00 کردنەوە. چەند وشەیەک لەسەر پلاتفۆڕمی دژی داگیرکاریی و ئامانجەکانی.
* 10:15-13:00 وتوێژ لەسەر بارودۆخی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
* 13:00-14:00 پشووی نانخواردنی نیوەڕۆ.
* 14:00-15:30 وتووێژ لەسەر دۆخی هێزە کوردستانییەکان و هەڵوێست و بەرگریی لەدژی داگیرکاریی.
* 15:30-17:00 فراوانکردنی " پلاتفۆڕمی دژی داگیرکاریی "
          آ. پێکهێنانی دەستەیەک بۆ پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتی و پارت و رێکخراوە کوردستانییەکان.
          ب. پێکهێنانی دەستەیەک بۆ کاری دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان.
          ج. پێکهێنانی دەستەیەک بۆ بەهێزکردنی کاری راگەیاندنی هاوبەش.
* 17:00-18:30 ئەنجامنامەی کۆنفرانس، تووێژ و پێشنیاز.
* 18:30 کۆتایی

پلاتفۆرمی دژی داگیرکاریی

هـ.هـ