ڕێپێوان دژی گۆشەگیری لە ژنێڤ: دەست لە سیستەمی قڕکردن هەڵبگرن

کوردستانیان لە ژنێڤ بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان کرد و بانگەوازیان لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان کرد و گوتیان، "یاساکانی خۆتان جێبەجێ بکەن".

ڕێپێوانی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان

کوردستانیان لە ژنێڤ لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لەبەردەم کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و تا بەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانیان کرد.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی زەینەب کیناجی (زیلان) کە ٣٠ ی حوزەیرانی ١٩٩٦ لە دێرسیم دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چالاکی فیدایی ئەنجامدا، ڕێپێوانەکە دەستی پێ کرد.

ڕێپێوانەکە بە پێشەنگایەتی کۆنسەی کوردی دیموکراتیکی سویسرا (جەدەکە-سە)  و یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سە) ئەنجامدرا، درووشم بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرایەوە.

لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە.

"دەست لە پەسەندکردنی سیاسەتی قڕکردن هەڵبگرن"

هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی ژنێڤ، ئیبراهیم یوکسەل تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕەهای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن، پێشەنگایەتی گەلانی جیهان دەکات. گۆشەگیری دژی ڕێبەرێتیمان دژی پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆیە".

یوکسەل تیشکی خستەسەر قڕکردنی گەلی کورد و ڕایگەیاند دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان قڕکردنی سیاسی و جڤاکی و چاندییە.

یوکسەل ئاماژەی بەوە کرد بەرخۆدانی نێو زیندانەکان دژی گۆشەگیری بەردەوامە، هەروەها ئێشکگری ئازادی لە ستراسبۆرگ ١٢ ساڵ، لە ژنێڤ ٣ ساڵە بەردەوامە، گوتی: "دیسانەوە بانگەواز لە کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی ئەوروپا (سی پی تی) و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکەین، یاساکانی خۆتان جێبەجێ بکەن، دەست هەڵگرن لە پەسەندکردنی سیستەمی قڕکردن و ئەشکەنجەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک".

پاشان ڕاگەیاندراوێک بە زمانی فەرەنسی لەسەر ناوی جەدەکە-سە خوێنرایەوە.

دواتر لەسەر ناوی کەجەدەکە-ئە محەمەد ئاسڵان گوتی: "هەتا گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ کۆتایی نەیەت، لە گۆڕەپانەکان دەبین، پێویستە ئیتر ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی بێت".

لەسەر ناوی یەژەکە-سە خەدیجە کاندال گوتی: "وەک ژنانی کورد تا ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان درێژە بە  تێکۆشان دەدەین. لە ئاگرەکەی ٢ ڕۆژی پێشوو، گەلەکەمان سوتا، سرووشت تاڵانکرا. تێکۆشانمان دژی ئەم هێرشانە بەردەوام دەبێت".

پاشان سەردانی خێمەی چالاکی کرا کە لە ٢٥ ی کانوونی ٢٠٢١ ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لە گۆڕەپانی نەیشن ئەنجام دەدرێت.