پەیامی زیندانیان: بانگەوازی تێکۆشان دەکەین

ئەو زیندانیانەی لەلایەن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەوە گیراون پەیامیان بۆ گردبوونەوەی ئیستەنبوڵ نارد، بانگەوازیان کرد بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.

پەیامی زیندانیان

لە گردبوونەوەی "بۆ ڕەنج و ئازادی خۆمان ڕێگە بە قەیوم نادەین" دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ لە گۆڕەپانی کارتال لە ئیستەنبوڵ، پەیامی زیندانیان خوێنرایەوە.

هاوسەرۆکی گشتی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ یەک لە گیراوانی دۆزی کۆبانێ بانگەوازی کرد بۆ تێکۆشان دژی زەوتکردنی ئیرادەی گەل و گوتی: "ئیرادەی گەل زەوت ناکرێت. ئەم گەلە و ئێمە نەمانهێشت ئیرادەمان لە پەرلەمان و لە هۆڵەکانی دادگا و لە زیندانەکان و لەسەر شەقامەکاندا دەستی بەسەردا بگیرێت. ئەوان لە جولەمێرگیش سەرناکەون، وەک زیندانیانی دۆزی کۆبانێ بانگەواز لە گەلەکەمان دەکەین دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە تێبکۆشن".

لە پەیامی یەک لە گیراوانی دۆزی گەزی جان ئاتالای هاتبوو: "بزانن هیوا لای ئێوەیە، پێکەوە شانبەشان تێدەکۆشین و پێکەوە سەردەکەوین".

لە پەیامی گیراوانی ١ ی ئایار تیشکخرایەسەر قەدەغەی گۆڕەپانی تەقسیم لە یادی ١ ی ئایار و بە ڕێگرییەکی نایاسایی لەقەڵەمدرا، گوترا: "نیشانەی ترسی حکومەتە لە هێز و توڕەیی کرێکاران و ئەگەری سەرهەڵدان".

زیندانیانی ١ ی ئایار پشتگیری خۆیان بۆ گردبوونەوەکە دووپات دەکەنەوە و دەڵێن: "لە زیندان و ماڵ و شەقامەکان و کارگەکان و زانکۆکان بەهێزتر دەبین، بۆ ١ ی ئایار بەهێزتر دەگەڕێینەوە، گۆڕەپان و شەقامەکان ئازاد دەکەین".