گردبوونەوەکەی ئیستەنبوڵ: وەرن تێکۆشانی یەکگرتوو دژی فاشیزم مەزن بکەین

لە گردبوونەوەکەی ئیستەنبوڵ دەیان هەزار کەس دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ گردبوونەوە، تێیدا بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی تێکۆشان.

گردبوونەوەی ئیستەنبوڵ

گونو ئەرتاش ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاند تا دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە بمێنێت، هێرشەکانی بۆ سەر جڤاک بەردەوام دەبێت، گوتی: "دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ ئامرازی سەرکوتکردنی ماف و تێکۆشانی ئازادی کوردانە".

لە جولەمێرگ دەریان دەکەین

ئەرتاش ڕایگەیاند دەسەڵات لەڕێگەی دەستووری نوێ و "نەرمبوون"ـەوە دەیەوێت جڤاک کۆنتڕۆڵ بکات، لەڕێگەی نەتەوە پەرستییەوە دەیەوێت جڤاک لەیەک داببڕێت، هەوڵدەدات شارەوانییەکانی دەم پارتی لەڕێگەی کودەتاوە زەوت بکەن. گوتی: " هێرشی قەیوم لە وان بە ئیرادەی گەل شکێنرا، ئەمڕۆش لە جولەمێرگ دەیشکێنین. بەم گردبوونەوەی ئەمڕۆ، هەنگاوێکمان لە تێکۆشانی یەکگرتوو دژی داگیرکاری و فشار و کودەتای قەیوم هاویشت. بە بەهێزکردنی ئەم هەنگاوانە، گۆڕەپانی هاوبەشی تێکۆشان مەزن دەکەین و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە".

تێکۆشان بۆ ئازادی بەردەوام دەبێت

هەروەها ئەرتاش ڕایگەیاند چینی سەرمایە و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە لە زیادبوونی تووڕەیی کرێکار و ڕەنجدەران و گەنجان و گەلانی هەژار و بێ پاشەڕۆژ دەترسێت، بۆیە فشار و هێرشەکان زیاتر دەکات، لە ١ ی ئایار گۆڕەپانی تەقسیمیان داخست و کەسانی ناڕەزایان دەستگیرکرد، گوتی: "ئێمە بۆ ئازادی ١ ی ئایار، بۆ تەقسیم، بۆ زیندانیان، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

ئەرتاش ڕایگەیاند بە دۆزی گەزی و کۆبانێ و گرتنی سیاسەتمەداران ناتوانن تێکۆشانی ڕەوای گەل ئاستەنگ بکەن. ڕایگەیاند ئەوانەی نانی کرێکاران دەبڕن و ئەوانەی دەیانەوێت ئیرادەی سیاسی گەلی کورد بدزن هەمان هێزن، جەختی کردەوە دژی هەوڵی ئیمپرالیستەکان و هاوکارەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی شەڕ لە دژی گەلان لە هەرێمەکەدا، تێکۆشان فراوان دەکەن.   

هەروەها تیشکی خستەسەر دووڕوویی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە پەیوەست بە دۆزی فەڵەستین و پەیوەندی بازرگانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئیسرائیل، ڕایگەیاند ئەم بازرگانییە واتای هاوبەشییە لە کۆمەڵکوژی گەلی فەڵەستین و گوتی: "بۆ پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەتایبەت پەیوەندی بازرگانی و سەربازی، تێکۆشانمان فراوانتر دەکەین".

بانگەوازی لە کرێکار و ڕەنجدەران و گەلانی بندەست کرد خاوەندارێتی لە ئیرادەیان بکەن، لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشانی هاوبەش دژی ستەم و قەیوم پێش بخەن، گوتی: "بانگەوازتان لێ دەکەین، بۆ ئافراندنی جیهانێکی یەکسان و ئازاد و خاڵی لە شەڕ و چەوسانەوە، سەفەربەر بن".