ڕێپێوانی مەزنی لۆزان: پەیماننامەی لۆزان ڕەتدەکەینەوە
کوردستانیان بەبۆنەی یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزانەوە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و دەڵێن: "پەیماننامەی لۆزان، سیاسەتی پارچەکردن و سیاسەتی نادادپەروەر قبووڵ ناکەین، ئیتر کاتی یەکڕیزییە".
کوردستانیان بەبۆنەی یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزانەوە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتییان ڕێکخست و دەڵێن: "پەیماننامەی لۆزان، سیاسەتی پارچەکردن و سیاسەتی نادادپەروەر قبووڵ ناکەین، ئیتر کاتی یەکڕیزییە".
بە بەشداری دەیان هەزار کوردستانی و دۆستەکانیان، ڕێپێوانی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە شاری لۆزان دەستیپێکرد. گردبوونەوەکە لە گۆڕەپانی کۆشکی ڕومین کە پەیماننامەکەی تێدا واژۆکرا بەردەوامە.
کاتی یەکڕیزییە
ئەندامی کۆمیتەی لۆزان، یوکسەل کۆچ، سەرەتا قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت مرۆڤ بەم پەیماننامەیە بڵێت نا و گوتی: "سەد ساڵە، ئێمە کوردانی چوار پارچە دەڵێین ئێمە لێرەین و هەین. بەهۆی ئەم پەیماننامەیەوە، سەد ساڵە سیاسەتێکی قێزەون لە وڵاتەکەمان بەڕێوەدەچێت. ئێمە ئەم پەیماننامەیە قبووڵ ناکەین. ئێمەی کوردانی چوار پارچەی کوردستان بەرخۆدان دەکەین".
"کوردەکان، کوردی پێشوو نین"
هاوسەرۆکی کەنەکە، زەینەب موراد، ئاماژەی بەوە کرد، لەپێناو شەرمەزارکردنی پەیماننامەی لۆزان هاتونەتە گۆڕەپان و گوتی: "کوردەکان کوردی پێشوو نین. ئێمەی کورد سیاسەت و دیپلۆماسییەتمان هەیە. لەپێناو ناسنامەکەمان بەرخۆدان دەکەین. ئازادی ژنان پێشدەخەین. با دنیا پارادایمی ئێمە بناسێتەوە. دەبێت مرۆڤ سیاسەتی پارچەبوون و نادادپەروەری قبووڵ نەکات. ئێمە لە دژی سیاسەتی پارچەکردنی سەد ساڵە لێرەین".
"دەبێت کوردستان ببێتەوە کوردستان"
دکتۆر بیپ ساڤاری، ئەندامی پەرلەمانی سویسرا و ئەندامی کۆمیتەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە سویسرا قسەی کرد. ساڤاری ئاماژەی بەوە کرد، پەیماننامەی پارچەکردنی کوردستان لە لۆزان واژۆکرا، ئەمە مایەی ناڕەزایەتییە و گوتی: "دیارە چۆن تورکیا و سوریا و ئێران نایانەوێت دەست لە کوردستان هەڵبگرن. دەبێت دووبارە کوردستان ببێتەوە بە کوردستان. ئێمە دانانی پەکەکە لەنێو لیستی تیرۆر قبووڵ ناکەین. پەکەکە داعشی شکاند. لەبری سوپاس دەیخەنە لیستی تیرۆرەوە. ئەوروپا عەبدوڵا ئۆجالانی ڕادەستیان کرد. ئەمە تاوانێکی دژە مرۆڤایەتیە. چەند ساڵە زانیاریمان لەبارەوە نیە. چۆن بە ئازادبوونی ماندێلا ئەفریقا ئازادبوو، بەهەمانشێوە بە ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆژهەڵاتی ناوین ئازاد دەبێت. ئێستە یەکڕیزی کوردستانیان بۆ هەموومان گرنگە. کوردەکان لێرە پێکەوە هاوار دەکەن. ئەمە کوردستانی مەزنە".
سەرۆکی کۆمەڵە ئیبراهیم عەلیزادە باسی سەردەمی پارچەبوونی کوردستانی کرد و گوتی: "کوردەکان لە سەد ساڵی ڕابردوو هەزاران کۆمەڵکوژییان بەسەردا هات. بۆیە یەکڕیزی کوردەکان فرە گرنگە".
"سەد ساڵە کورد لەبەرامبەر پەیماننامەی لۆزان قوربانی دەدەن"
هاوسەرۆکی پەیەدە، ئاسیا عەبدوڵا، سڵاوی لە ئامادەبووان کرد و گوتی: "ئەم پەیماننامەیە بۆ پارچەکردنی کوردستان واژۆکرا. ئێمە شەرمەزاری دەکەین و قبووڵی ناکەین. کورد سەد ساڵە بەرامبەر ئەم پەیماننامەیە قوربانی دەدەن. سەد ساڵە بەرخۆدان دەکەین. ئێمە لێرەین و تا هەتایە بەرخۆدان دەکەین. لە دژی ئەم پەیماننامەیەی ئەوان واژۆیان کرد، ژن و مناڵ و ڕۆژئاوا و ئیمراڵی و یەپەگە و هەپەگە، بەرخۆدان دەکەن. بە ڕێککەوتنی کوردان و یەکڕیزی ژنانی کورد، بەرخۆدانمان گەشتر دەبێت. بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی دژی پەیماننامەی لۆزانە. بژی یەکێتی و یەکڕیزی کوردستان، بژی بەرخۆدانی ژنان".
پاش وتارەکان، گردبوونەوەکە بە سترانی هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان بەردەوام بوو.