ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە کۆتایی هات: چالاکییەکان بەردەوام دەبن

ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە کۆتایی هات. هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە ڕێپێوانەکە قسەی کرد و ڕایگەیاند ئیرادەی گەلی کورد دەکرێتە ئامانج و دژی ئەمە چالاکییەکان بەردەوام دەبێت.

"ڕێپێوانی ڕێزگرتن لە ئیرادە" کە دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ بە پێشەنگایەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەستی پێ کرد، لە ناوەندی جولەمێرگ بە ڕاگەیاندراوێک کۆتایی هات. سەدان کەس هاتنە بەردەم پارێزگای جولەمێرگ و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی جولەمێرگ حومەیرا ئارموت سوپاسی چالاکوانانی کرد و ڕایگەیاند تێکۆشانیان دژی زەوتکردنی ئیرادەی گەل بەردەوام دەبێت. 

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر کاروانی ڕێپێوانەکە بە درێژایی ناوچە و شارەکان، گوتی: "تەنها یەک داخوازیمان هەبووە، ئەویش ڕێزگرتنە لە ئیرادە. ئیرادەی چییە؟ لە دیموکراسییدا، واتا گەل. بەڵام لای دیکتاتۆرەکان، ئیرادە واتە کۆشک و تاکە کەس. ئیرادە دیموکراسی و دادپەروەرییە. بەڵام لای ڕژێمە فاشیستەکان، واتا هێزی ئەمنی و قەیوم و دانانی قەیوم. ئێمە دەڵێین ڕێزگرتن لە ئیرادە. بە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن ئەنجامی سندووقەکان وەک ئیرادە قبووڵ دەکرێت".

حاتەم ئۆغۆللاری ڕەخنەی لە ئەردۆگان گرت کە دەیگوت ڕێز لە ئیرادە دەگرین، بەڵام ڕێزی لە ئەنجامی سندووقەکانی جولەمێرگ نەگرت.

"ئیرادەی گەلی کورد پێشێل کرا"

حاتەم ئۆغۆللاری ڕوویکردە دەسەڵات و دووپاتی کردەوە ناتوانن کەسانی دانراو بخەنە جێگەی کەسانی هەڵبژێردراو، گوتی: "ئەوەی دەسەڵات دەیکات، پێشێلکردنی ئیرادەی گەلی کوردە. پێشێلکردنی ئیرادەی گەلی جولەمێرگ و پێشێلکردنی دەستوورە".

داوای کرد تورکیا بەپێی پەیماننامەکان و یاساکان و دەستوور بجووڵێتەوە، گوتی: "دانانی قەیوم نەوەک هەر بەگوێرەی یاساکانی تورکیا تاوانە، بەڵکو بەگوێرەی پەیماننامەکانی ئەوروپاش تاوانە و نایاساییە".

هەر لە درێژەدا حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "با خاوەندارێتی لە ئیرادەمان بکەین. دەستبەجێ قەیومەکانتان بکشێننەوە و با ڤیان تەکچە وەک سەرۆکی شارەوانی دابنرێت. هاوشێوەی دوێنێ، ئەمڕۆش لەگەڵ هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا درێژە بە چالاکی و تێکۆشان دەدەین دژی ئەوانەی بێڕێزی بەرامبەر بە ئیرادەمان دەکەن".

"تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت"

لە کۆتاییدا حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "لە هەموو جێگەیەکی تورکیا ناڕەزایەتی دژی قەیوم پیشان دەدرێت. چونکە ئەمە تەنها کێشەی کورد نییە. تەنها کێشەی جولەمێرگ و دەم پارتی نییە. دانانی قەیوم پێشێلکردنی مافی دەنگدان و هەڵبژاردنی ئێمەیە. بەمە مەترسی لەسەر شارەوانی ئیستەنبوڵیش دروست دەبێت، لەسەر ئەزمیریش دروست دەبێت. بانگەواز لە هەمووان دەکەین ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرن. ئەمڕۆ کۆتایی بە ڕێپێوانەکەمان دەهێنین. ئێشکگرییەکەمان بەردەوام دەبێت. لە هەموو لایەکی تورکیا تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".