پەیامنێرانی بێسنوور: دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورک بکرێت

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەرمەزار دەکات و رایدەگەیەنێت دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورک بکرێت.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕایانگەیاند، دوای کەمتر لە دوو ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەربارەی زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێم، لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەواندا، دوو ڕۆژنامەنووسی دیکە کوژران و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو، کە هەر سێکییان کارمەندی کەناڵی ستێرک تیڤی سەر بە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی میدیای کوردی چەترن.

ئاماژە بەوە کراوە، کوژرانی سێ ڕۆژنامەنووس لە ماوەی دوو مانگدا، هەرێمی کوردستان دەکاتە یەکێک لە ناوچە هەرە مەترسیدارەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان.

لەگەڵ ئیدانەکردنی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شەهیدکردنی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕوونکردنەوەی تەواو لەبارەی ئەو تاوانەوە بدەن و ڕاستییەکان دەربخەن.

جەختدەکاتەوە لەوەی دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پێویستە ڕۆژنامەنووسانی کورد پارێزراو بن.

هاوکات داوای بەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ مافى هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا دەکات.

دوێنێ لە ئەنجامی بۆردومانێکی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نزیک سەیدسادق دوو رۆژنامەنووس بە ناوەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون و شەس رۆژنامەنووسی دیکە برینداربوون.

تیرۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و جگە لە دەوڵەتی تورک هاوکات پەدەکەش کە رۆڵی داردەست و چاوساغ بۆ ئەو دەوڵەتە دەگێڕێت شەرمەزار کرا.