"پەیماننامەی لۆزان مۆری نکۆڵیکردنە لە کورد"

لە کۆنفرانسی لۆزان بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی گەلانی دیموکراتیک (هەدەکە) لە شیشلی لە ئیستەنبوڵ، پارێزەر عیمران ئەمەکچی ئاماژەی بەوە کرد، لۆزان پەیماننامەی قڕکردنی کوردە لە مێژوودا.

هەدەکە لە ناوەندی چاندی  نازم حیکمەت لە شیشلی، بەبۆنەی ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان کە بووە مایەی پارچەکردنی کوردستان، کۆنفرانسێکی ڕێکخست بە ناونیشانی "لە سەدەی لۆزاندا: لێپرسینەوە و دەرفەت". لە دانیشتنی یەکەمدا، پرسەکانی "سەدەی لۆزان" و "دەرفەتی پاشەڕۆژی هاوبەش" گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

لە دانیشتنی یەکەمدا، سیاسەتمەدار و مێژوونوس موتلو ئۆزتورک، پارێزەری عیمران ئەمەکچی، نوسەر پاکرات ئەستوکیان، مێژوونوس ئەردۆگان ئایدن، وەک وتاربێژ بەشداربوون. لە دانیشتنی دووەم د. باسکن ئۆران، کۆمەڵناس ڕۆژدا یەڵدز، توێژەر و نوسەر عوسمان تیفتیکچی بەشداردەبن.

ژمارەیەک نوسەر و سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. بەناوی هەدەکە، ئەسینگوڵ دەمیر، وتەی پێشوازی خوێندەوە. ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پەیماننامەیەی بەناوی "ئاشتی" واژۆکرا، ئاشتی بەدی نەهێنا، گەلان پشتگوێ خران و ناسنامەی خۆیان لەدەستدا. لەگەڵ پەیماننامەی لۆزان دەوڵەت بوو بە "دەوڵەتێکی نەژادپەرست"، گوتی: "کۆمار نەیتوانی ئاشتی جڤاکی و یەکێتی بەدی بهێنێت. بەداخەوە دەوڵەت_نەتەوە هەوڵیدا کێشە لە کێشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و تورکیا بئافرێنێت. ئامانجی دەوڵەت_ نەتەوە سڕینەوەی جیاوازییەکانە. دەبێت سیاسەت هاوکات سیاسەتی جڤاکی بگرێتەخۆ. سیستەمی یەکڕەنگ بۆچوون و تێگەیشتنە جیاوازییەکان ڕەتدەکاتەوە. دەتوانین بڵێین، مێژووی کۆمار، مێژووی سەرکوتی بەرخۆدانە. ئەم ڕژێمە یەکڕەنگە لەگەڵ یادگەی جڤاکی، وایکردن ڕووبەڕووی دادگای ئیستیقلال و کۆمەڵکوژی غازی و سێواس و کوشتن و ئەشکەنجە و چۆڵکردنی گوندەکان و کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی ببینەوە".

"کوردیان بەبێ ستاتۆ هێشتەوە"

دەمیر ڕایگەیاند، زلهێزەکان بە پەیماننامەی لۆزان، کوردیان بەبێ ستاتۆ هێشتەوە و کورد کرایە گەلی "قوربانی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. دەمیر ئاماژەی بەوە کرد، "دەوڵەتی هاوبەش" لە لۆزاندا لەسەر بناغەی ملکەچبوون بۆ دەسەڵات دامەزرا، گوتی: "ویستیان کورد لەنێو دوو بەشدا بەبێ ستاتۆیەک بهێڵنەوە. لۆزان مۆری نکۆڵییە لە کورد. دەبێت ئەم مۆرە بسڕینەوە. ئێمە سەد ساڵە چیرۆکی بەگژاچوونەوە سیاسەتی دەسەڵاتخواز دەنوسینەوە. هەموو چیرۆکێک دەنوسینەوە. ئەم سیستەمە بەردەوام چیرۆکەکانی دەربارەمان دەنوسێتەوە و نوێیان دەکاتەوە. بەڵام تێکۆشانمان دژی ئەم سیستەمە بەردەوامە و لۆزان قبووڵ ناکەین. دەبێت گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ هەبێت. بێگومان ڕێگەی لەکۆڵکردنەوەی ئەم سیستە ستەمکار و دژە دیموکراسییەی بەرهەمی لۆزانە، لەڕێگەی کۆماری دیموکراتیکەوە دەبێت".

لە دانیشتنی یەکەمدا، سیاسەتمەدار و مێژوونوس موتلو ئۆزتورک، پارێزەری عیمران ئەمەکچی، نوسەر پاکرات ئەستوکیان، مێژوونوس ئەردۆگان ئایدن، وەک وتاربێژ بەشداربوون.

وتەبێژی مەجلی ژنانی هەدەکە لە ئیستەنبوڵ، نازلی بوکیت یازیجی، دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد. موتلو ئۆزتورک بابەتێکی پێشکەشکرد بە ناونیشانی "ڕاستی لۆزان لە سەدەیەکدا".

ئۆزتورک ڕایگەیاند، پەیماننامەی لۆزان نوێنەرایەتی ئێمە ناکات و مافەکانی گەلی کورد تێیدا ڕەچاو نەکراوە.

کورد لە سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا

پارێزەر عیمران ئەمەکچی، بابەتێکی پێشکەشکرد بەناونیشانی "کورد لە سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا". ئەمەکچی ڕایگەیاند، یاسای سەرەکی ساڵی ١٩٢٤، لەپاش پەیماننامەی لۆزان، پێچەوانەی دیموکراسییە. گوتی: "مێژووی سەروەران مێژووییەکی شاراوەیە. لەسەر ئەو مێزانە چی کڕدرا و فرۆشرا؟ پێش هەمووان، کورد و چەپەکان فرۆشران. بنەماکانی پەیماننامەی لۆزان لەسەر بناغەی پارچەکردنی کوردستان دامەزرا. کەمال ئەتاتورک سنووری کوردستان دەزانێت. ئاخاوتنێکی لەم بارەیەوە هەیە. مەجلیسێک لەم بارەیەوە سوێندیان خوارد".

"پەیماننامەی قڕکردنی کوردە"

ئەمەکچی پەیماننامەی لۆزانی وەک "مەترسی" بۆ سەر کورد ناساند، گوتی: "کاتێک دەڕوانینە ئەم پەیماننامەیە، ناوی کورد نەهاتووە، وڵاتەکەیان کرایە ٤ پارچە، لە یاساکان هەڵاوێرد کراون. وەک کەمینەش سەیرمان ناکەن. ئێمە ئەمڕۆ دژی ئەمەین. دەڵێن "کەمینە لە تورکیا نییە". کورد ئێوەی خستە سەر پشتی خۆی. لەگەڵ کەمال ئەتاتورک کاریان کرد. کەمال بەبێ هیچ پێگەیەک لە ئەرزەڕۆم بوو. نوێنەرێکی سەربەخۆی کوردیان لە شاندەکەی ئەتاتورک جێکردەوە. کوردەکان و جەنگاوەرانی کورد و سۆسیالیست و موسڵمانانی ئوممەت، مستەفا کەمالیان لە ئەرزەڕۆم و سێواس بە تەنها جێنەهێشت و پاراستیان. لەپێناو کۆمارێکی دیموکراتیکی فرەلایەن خەباتیان کرد. لۆزان پەیماننامەی قڕکردنی کوردە لە مێژوودا، تێکەڵکردنی کۆماری یەکەمە لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری.

پەیماننامەیەکی بێ کارکرد

ئەمڕۆ گفتوگۆ لە زیهنیەتێک دەکەین. کاتێک یاسای دیموکراتیک و کۆماری دیموکراتیک دادەمەزرێت، هەموو ڕەنگ و زمان و چاندەکان مافی خۆیان دەبێت و شەڕ دەبڕێتەوە. ئەمە ڕێگەی ئاشتییە. لۆزان ڕێگەی ئاشتی نییە، کۆتایی ئاشتییە. مەحکوم نین بە ژیانکردن لە سیستەمێکی نەژادپەرست. دەتوانین کۆماری دیموکراتیک دامەزرێنین. ئەگەر وا بکەین، لۆزان شکست دەهێنێت و ئاشتی بەرقەرار دەبێت".

"کەمینایەتی شتێکی باشە"

نوسەر پاکرات ئیستوکیان، بابەتێکی پێشکەشکرد بەناوی "کەمینەکان لە سەد ساڵەی لۆزاندا"، گوتی، کەمینایەتی شتێکی باشە و دان بە مافەکانیاندا نراوە. لە درێژەدا، ئاماژەی کرد بە لۆزان و بایەخی کەمینەکان.

پرسی کوردی قووڵتر کردەوە

نوسەر و مێژوونوس ئەردۆگان ئایدن، دوایین بابەتی دانیشتنی یەکەمی پێشکەش کرد، ئاماژەی کرد بە ڕەهەندە نەرێنییەکانی پەیماننامەی لۆزان، بەوەی هەرگیز هاوکار نەبووە لە چارەسەری پرسی کورد.

کۆنفرانسەکە بە دانیشتنی دووەم بەردەوام بوو.