قەرەسوو: کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان سەرکەوتن، مێشکی قڕکەر شکستیهێنا

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە مستەفا قەرەسوو ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداری هەڵسەنگاند و وتی، لە هەڵبژاردنەکەدا کورد و هێزە دیموکراسیەکان سەرکەوتن، مێشکی قڕکەر شکستیهێنا.

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسوو ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) هەڵسەنگاند. قەرەسوو ئەنجامەکانی وەک سەرکەوتنی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان پێناسەکرد و دەستنیشانی کرد کە مێشکی قڕکەر شکستیهێناوە.

چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە مستەفا قەرەسوو بەم جۆرەیە:

سەبارەت بە ئۆپراسیۆنە گەورەکانی گەریلا، چالاکییە بەهێزەکان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات، پیرۆزباییە بە جۆش و خرۆشەکانی ٨ی ئادار و نەورۆز و مزگێنیەکەی ناوەندی پاراستنی گەل، ئەوەی کە لە کەشێکی بەو جۆرەدا لە کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی مێژوویی ئەنجامدرا. چ هەڵسەنگاندنێک دەکات مستەفا قەرەسوو وتی: "ئەم هەڵبژاردنە خۆجێییە بوونە هەڵبژاردنێکی مێژوویی. هەم لە کوردستان و هەمیش لە تورکیا شەڕی تایبەت کە هەموو تواناکانی دەوڵەتی لە دژی گەلان بەکاردەهێنا، گورزی گەورەی بەرکەوت. هەموو ئامرازەکانی درۆ، خەڵەتاندن، گوشار، سەرکوت، تۆقاندن و شاردنەوە راستی لەبەردەم راستیدا تێکچوون. دەبێت ئەو دۆخە وەک سەرکەوتنی گەلانی کوردستان و تورکیا هەڵبسەنگێندرێت کە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشەکانی دەوڵەت وەستانەوە و سەریان دانەنەواند. هەربۆیە پیرۆزبایی لە هەموو ژنان، گەنجان و بەتەمەنەکانی گەلی کورد و هەموو گروپە ئیتنیکی و باوەڕیەکان دەکەم کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کراونەتە ئامانجی هێرشەکانی پلانی تێکشکاند، لەبەر ئەو هەڵوێستەیان پیرۆز دەکەین. هەروەها پیرۆزبایی لە گەلانی تورکیا، رەنجدەران، دیموکراسیخوازان، ژنان، کۆمەڵگا باوەڕییەکان و گروپە ئیتنیکیە جیاجیاکان دەکەین بە هۆی هەڵوێستوەرگرتنیان دژی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە.

دەبێت ئەو راستیە ببینرێت، کە لە سایەی تێکۆشان و قوربانیدانی گەورەی گەلی کورد، هاوپەیمانە چەپ و دیموکراتەکانیان و عەلەویەکانەوە نەبوایە، رەنجدەران و گەلانی تورک لە ژێر گوشاری چڕی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەدا بە تەواوەتی سەرکوت دەکران. ئەگەر تورکیا بەدڵی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەەخوڵقێندراوە، دەبێت لەوەدا رۆڵی ئەو تێکۆشانە گەورەیە ببینرێت.

بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ شەڕی تایبەت و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە و هاوپەیمانە کوردەکانیان ویستیان کەشێکی نەرێنی، بێهیوایی و کەمتەرخەمی بخوڵقێنن و بەسەر کورد و ئۆپۆزسیۆندا بیسەپێنن و لە تورکیا و کوردستان سیاسەت لەلایەن ئەم دەسەڵاتداریەوە سەرلەنوێ دیزاین بکرایە و سەدساڵی دووەم بەم جۆرە بونیادبنرایە. بەڵام بزوتنەوەی ئازادیی کورد کە لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی پێشەنگی تێکۆشانی دیموکراسیە لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکانی رێگەیان بەوەنەدا. دەستبەجێ هەڵمەتێکیان خستەڕێ کە ئەو کەشە رەشبینانەیان راماڵی و گوڕیان بە تێکۆشاندا.

بزاتنەوەی ئازادی کورد رایگەیاند کە چەقی سیستمی گوشار و ستەمی لە کوردستان و تورکیا شەڕی دەرونی و گۆشەگیری دژوارە لە سەر رێبەر ئاپۆ، هەربۆیە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد' بەو ئامانجەوە دەستیپێکرد. ئەو هەڵمەتە لە کەسایەتی ئازادی رێبەر ئاپۆدا هەڵمەتێکی تێکۆشانە لە دژی شەڕی چەپەڵ و تایبەتی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە تورکیا و کوردستان. لەسەرتاسەری جیهان لە ئاستێکی بەرزدا خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ هاتە ئاراوە. ئەو خاوەندارییە بووە تێکۆشانێک لە دژی دەوڵەتی تورک کە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە دژی کوردان سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبات، لە تورکیاش فاشیزمێک لە دژی دیموکراسی دەسەپێنێت. لەبەر ئەوەی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردانی گەیاندە بەرزترین ئاست، بۆ ئەوەی کوردان نەتوانن سود لە دیموکراسی وەربگرن.

بەبۆنەی ٤ی نیسان رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ پیرۆزبایی رادەگەیەنن. لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی رێبەر ئاپۆدا دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان بچنە ئامارا و لە هەر شوێنێک کە تیایدان بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆزبایی رۆژی لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆ بکەن و بەم جۆرە وەڵامی دوژمنایەتی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە بەرامبەر کورد و دیموکراسی بدەنەوە.

فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە چەندین ساڵە تێکۆشانی گەلی کورد وەک 'پارچەکردن و دابەشکردنی تورکیا' نیشان دەدات و بە وتنی 'بەرەنگاری تیرۆریزم دەبمەوە' هەموو ئامرازەکانی راگەیاند و بڵاوکردنەوە بەکارهێنا، برەوی بە سۆڤێنیزمدا و لەسەر ئەو بنەمایە تائاستێک لەناو کۆمەڵگەی تورکیاوە پشتیوانی بەدەستهێنا. بەڵام سەرباری ئەوەی ٩ ساڵە بە پشتیوانی هێزەکانی دەرەوە و سەرباری بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی شەڕ هێرش دەکات، کەچی نەیتوانی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لاواز بکات. گەریلا لە پاییزی ٢٠٢٣ەوە بە هەڵمەتە شۆڕشگێڕییەکانی یەک لە دوای یەک گورزی قورسی لە سوپای تورک وەشاند. بەو گورزانە ئامانجی دەوڵەتی تورک تێکشکێندرا. بەو جۆرە لە تورکیا و جیهان بینرا کە ئاکەپە-مەهەپە کە خۆی وەک حکومەتی شەڕ راگەیاندووە، بەزی و شکستیهێنا. بێگومان ئەو دۆخە نەک هەر ورەی بە گەلی کورد بەخشی، هاوکات ورەی بە هەموو گەلاندا کە لەژێر ستەمی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپەدان، ئازایەتی پێبەخشین کە لە دژی ئەم دەسەڵاتە بوەستنەوە و ئەو سیاسەتانەی ئاکەپە-مەهەپە کەوتنە بەر لێپرسینەوە.

لە راستی کورد و کوردستاندا کە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە بنەڕەتەوە شەڕ لە دژی بەڕێوەدەبات و دەیەوێت لەناوی ببات؛ چالاکییەکان لە بەرامبەر پیلانگێڕیی ١٥ شوبات، رێپێوانی ئازادی کە لە دوو قۆڵەوە لە کوردستان ئەنجامدرا، لە ٨ی ئاداردا هەڵمەتی شۆڕشگێری 'ژن، ژیان، ئازادی' لە کوردستان، تورکیا و جیهان بەڕێوەچوو، لە نەورۆزدا هەڵوێستی گەلی کورد لە چوارپارچەی کورد، ئەوروپا و هەموو ناوچەیەکی جیهان پێشوەختە نیشانیدا کە گەلی کورد لە هەڵبژاردندا چ هەڵوێستێک دەگرێتەبەر. کاتێک کە شکستی گەورەی ئاکەپە-مەهەپە لە هەڵبژاردن لە کوردستان و تورکیا هەڵسەنگێندرا، دەبێت پێرفۆرمانس، کاریگەری و هەڵوێستی گەلی کورد و هێزەکانی ئازادی دوای هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ بە دروستی ببینرێت".

سەبارەت بەوەی هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە بە هێرشی قورس ویستی لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا گورز لە گەلی کورد بوەشێنێت، بەڵام بە پێچەوانەوە دەم پارتی لەگەڵ گەلی کورد و دۆستانی لە هەڵبژاردنی خۆجێیی دا گورزی قورسیان لە دەسەڵاتی فاشیستی وشاند، مستەفا قەرەسوو بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خۆجێی کرد؛

"هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە ویستی دوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠٢٣ ئیرادەی گەلی کورد بە تەواوەتی تێکبشکێنێت و لە رێگەری جێگیرکردنی پۆلیس و سەرباز لەناوچەکانی نزیک بارەگانی شەڕ ویستی ئەوە بکات. لەو چوارچێوەدا لەگەڵ هوداپاریش هاوپەیمانی کرد. لەگەڵ پەدەکەش دەستیان بە هاوپەیمانی کرد بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد سەرکوت بکەن. لەم هەڵبژاردنەشدا پەدەکە بۆ سەرکەوتنی ئاکەپە سیاسەتی گرتەبەر. ئاکەپە، میت و هەندێک لە هاوکارە کوردەکانیان لەم هەڵبژاردنەدا کەشێکی وایان خوڵقاند کە گایە ئاکەپە دوای هەڵبژاردن لە پێناو چارەسەری پرسی کورد هەنگاو دەنێت و بەم جۆرە ویستیان ئاکەپە لە کوردستان سەربخەن. پەدەکەش چەندین ساڵە لە رێگەی نزیکایەتی 'با دەوڵەتی تورک رێگە بدات لە ٢-٣ شار دەسەڵاتدار بم' سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە سەر باکور و رۆژئاوا قەبوڵ دەکات. دەردی پەدەکە ئەمەیە، ئەوەشی کە سیاسەتەکانی ئەوان دیاری دەکات ئەوەیە."

قەرەسوو بەبیریشیهێنایەوە کە لە هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایاردا "پارتی چەپی سەوز لە رووی پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گەل هەندێک کەموکورتی هەبووە کە دواتر بە قۆناغی رەخنەدان و لێپرسینەوە ئەوەی تێپەڕاند. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن بڕیارێکی زۆرگرنگی دا و هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجامدا. ئەو هەڵبژاردنە ناوخۆییە پێشوەختە تەنیا پەیوەندی بە ئەندامانی پارتەکەوە نەبوو، بەڵکوو دینامیکی دیموکراتیکی خۆجێیی ئاوێتەی پرۆسەکە کرد. ئەوەش نەک هەر جۆش و خرۆشی بە گەلدا، هەروەها هەموو دینامیکەکانی کورد تێکەڵ بە پرۆسەکە کرد. هەندێک کەموکورتی هەبوو بەڵام هەنگاوێکی بوێرانە و گرنگ بوو. ئەو هەوڵە بڕوای نەریتی سیاسی دیموکراتیکی کوردی بە ئەزمونی دیموکراتیکی کورد و گەل نیشاندا."

مستەفا قەرەسوو، لێدوانی هاوسەرۆکانی هەدەپە لەو کاتەی بەبیرهێنایەوە وبە گرنگ هەڵسەنگاند کە بەرپرسیارێتی کەموکوڕیەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆ گرت و خۆیان هەڵنەبژاردەوە. کە "ئەوەش بڕوای زیاتری بە گەل بەخشی. گەل بینی کە پارتەکەیان راستگۆیە و جیاوازە لە پارتەکانی دیکە. هەدەپە و پارتی چەپی سەوز کۆنگرە، کۆنفرانس و کۆبوونەوەیان سازکرد و ئەمەش هەموو گومان و نیگەرانیەکانی گەلی رەواندەوە و هەموو ئەو هەڵوێست و هەنگاوانەی لە دوای هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣وە نران رۆڵیان لە سەرکەوتنی گەورەی هەڵبژاردنی خۆجێیدا هەبوو".

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەبیری هێنایەوە کە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی گەلی کورد لە باکووری کوردستان تێکۆشانێکی دیموکراسی و ئازادییە و شۆڕشێکی دیموکراتیک بە ئەنجام گەیشتووە و ٣-٤ نەوە لەگەڵ بەهاکانی شۆڕشی دیموکراتیک گەورە بوون. ئەو شۆڕشەی ئازادی کە بە هێڵی ئازادی ژن قووڵ بووەوە، بە تایبەتی لەناو ژنان و گەنجاندا بە تەواوی کۆمەڵگادا وشیاری دیموکراسی گەش کردووە. دەبێت ئێمە دایکانی کورد وەک نیشانە هەرە بەرجستەی ئەوە ببینین. ئەو کۆمەڵگایە پابەندی تاکڕەوی نابێت، جەماوەرێکی ئاسایی نییە. لەناو وشیاری رێکخستنکراوی ٥٠ ساڵیدا بەهێزبووە، بووەتە خاوەن وشیاری و خۆی وەک ئیرادەیەک بونیادناوە. لەبەر ئەوەی خۆی بە بەها دیموکراتیکەکان پتەوکردووە، دەیەوێ ئیرادەیان بناسرێت. بۆیە بەرامبەر بە دوورخستنەوەی هاوسەرۆکانی شارەوانی لە ئەرکەکانیان، لە بەرامبەر دانانی قەیوم، گرتنی پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرانی خاوەن توڕەییەکی گەورەیە. دانانی قەیوم لەسەر ئیرادەی گەل دژوارترین هێرش بەرامبەر ئەم گەلە بوو. گەلی کورد ئەوەی بینی وەک دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد پێناسەی کرد و دژی ئەوە تێکۆشانی گەورەی ئەنجامدا. لەلایەکی دیکەشەوە بزوتنەوەی ئازادی کورد لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا کە لە هەموو هەلومەرجێکدا لەسەر پێ مایەوە، بەهێزبوونی بڕوا و پەیوەندییەکەی لەگەڵ گەل کە پێی گەیشتووە، وای کرد ئەو توڕەییە گەورە بێت و لە دژی کۆلۆنیالیزمی قڕکەر داوای تێکۆشان گەشتر بێت."

قەرەسوو جەختی لەوەشکردە کە هێرش و گوشارەکانی سەر تێکۆشانی ئازادی کورد بووە مایەی ئەوەی لە دژی دەسەڵات هەڵوێستی جددی نیشان بدرێت و لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا گورزی گەورە لە سیاسەتی قەیوم وەشێندرا و تەختی زەوی کرا. هاوکات ئەو سەرکەوتنە کاردانەوەبوو بەرامبەر گوشاری توند و هێرشەکانی سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و رۆژئاوا کوردستان و هەموو ئەوە بووە هەڵوێستی تێکۆشانی گەلی کورد."

مستەفا قەرەسوو لە درێژەدا باسی لەوەکرد، کە زیادکردنی سەرباز و پۆلیس، بەکارهێنانی هوداپار و وەرگرتنی پاڵپشتی لە کوردە نۆکەرەکانیش هیچ ئەنجامێکی بۆ دەسەڵات لێنەکەوتەوە و ئەوەی خستەڕوو کە یەک لەو ناوچانەی زیاتر لە هەموو شوێنێک کورد تیایدا سەرکەوتوو بووە شرنەخە. "دەوڵەت دەستی بە سەر شڕنەخدا گرتووە کە وەک بارەگایەکی شەڕ دەیبینێت. بۆ ئەوەی شڕنەخ بکاتە ناوەندی شەر ئەوەی کرد. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا شڕنەخ سەرکەوت، دەوڵەت دۆڕاندی! خەڵکی شڕنەخ بە هەڵوێستی خۆیان بە هەموو جیهانیان نیشاندا کە دەوڵەت لە کوردستان دۆڕاندوویەتی. پیرۆزبایی لە خەڵکی شڕنەخ دەکەم. ئەوان بە روونی نیشانیاندا کە کورد گەلێکی شکۆمەندە و خاوەن ئیرادەیە؛ ورەیان بە هەموو گەلی کورد بەخشی. گواستنەوە سەرباز و پۆلیس لە ٥-٦ ناوچە و بەم جۆرە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکان، نیشانەی تێکچوونی دەوڵەتە. دانپێدانە بەوەی کە جگە لە هێزی پۆلیس و سەرباز دەوڵەت هیچ هەبوونێکی لە کوردستان نەماوە. نەک هەر لە شڕنەخ بەڵکوو لە قلەبان، چەلێ، شەمزینان، باژێرگە، ستەور و ئەلکێش گەل دەزانێت کە خۆی براوەیە، هەروەها یەک لەو ناوچانەی لە بەرامبەر دەوڵەت توڕە و رق ئەستورن و لە دەوڵەت دابڕاون هەر ئەو ناوچانەن. بەهەرحاڵ لە هیچ شوێنێکی جیهان ناتوانرێت لە دۆخێکی بەو جۆرەدا ناتوانرێت بەو هەڵبژاردنە بوترێت دیموکراتیک و یەکسان. ئەنجامی ئەو دۆخەیان بە پێچەوانەی راستی نیشاندا. بەڵام لە راستیدا ئەو دۆخە لە وشیاری گەلی کورددا دۆخێکی نوێی ئافراند.

لە کوردستان ئەگەر ناوەندێکی شەڕ لە شڕنەخ بێت، ئەوەی دیکەی لە وانە. لە شڕنەخ سەرجەم ناوچە گەورەکان کەوتنە دەست دەم پارتی. لە وان وان هەموو ناوچەکان کەوتنە دەست دەم پارتی کە ئەوەش سەرکەوتنی گەلی کوردستان بەرامبەر بە بڕیاگەی شەڕی کۆلۆنیالیستی قڕکەر. دەبێت پیرۆزبایی لە گەلی وان بکرێت. گەلی کورد لە هەموو ناوچە و شارەکان سەرکەوت. پیرۆزبایی لە هەمویان دەکەین. لەبەر ئەوە یەک بە یەک باسیان ناکەم. تەنیا دەمەێت سەرنج بۆ سەر سەرکەوتنی دەم پارتی لە ئێلیح و حیلوان رابکێشم. لە حیلوان بزوتنەوەکەمان یەکەمجار لەوێ سەرکەوتبوو. سەرکەوتن لەو ناوچانە واتایەکی گەورەی هەیە. بەم بۆنەوە ئێمە ئەدیب سۆلمەز، نادر تەمەل و دایکمان دوڕە کایا بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنینەوە. دەیانەوێت دەست بە سەر شارەوانی حیلواندا بگرن. بۆ رێزلێنان لە نادر تەمەل و دایکمان دوڕە دەبێت گەلەکەمان بە بڕیارداری و پێداگرییەوە درێژە بە تێکۆشان بدەن و رێگەنەدەن بە زەوت کردنی شارەوانی."

لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا مستەفا قەرەسوو لەبارەی رۆڵی ژنان و سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە هەڵبژاردن و پێشەنگایەتیکردنی ژنان لە پرۆسەکەدا وتی، "کاتێک باس لە تێکۆشانی سیاسی لە کوردستان بکرێت، ئەگەر رۆڵ و کاریگەری ژن هەڵنەسەنگێندرێت، باسەکە کەم و کورت و ناتەواو دەبێت. دەبێت هەموو دیموکراسی خواز و شۆڕشگێڕ ئەو راستیە ببینن. لە بەرەوپێشچوونی ئازادی و دیموکراسی لە کوردستان ژنان رۆڵی گرنگیان هەیە. هەڵسەنگاندنێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی کە ئەو راستیە نەبینێت، راست نییە.رێبەر ئاپۆ هێڵی ئازادی ژنانی بە هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان بەرەوپێش برد و وایکرد لە کایەی سیاسیدا هەنگاوی شۆڕشگێڕ بنرێت.ئەوەش جۆش و خرۆشی گەورەی بە ژنان بەخشی کە کاراکتەری کۆمەڵگا دیاری بکەن. . شۆڕشی دیموکراتیک لە کوردستان گەیشتە ئاستێکی نوێ. دەبێت ئەوە وەک بەهێزکردنی شۆڕشی دیموکراتیک کە نابەزێت ببینین.

ژنانی کورد ئێستا بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' نەک هەر بۆ کۆمەڵگەی کورد بەڵکوو پێشەنگایەتی شۆڕش بۆ وەرچەرخان لە جیهاندا دەکەن. ژنانی کورد بەو پێشەنگایەتیە شۆڕشگێڕییەیان بوونە جێگە شانازی و پەسندان لە سەرتاسەری جیهان. دەبێت هەموو کوردێک بەو شکۆ و شانازیەی ژنانی کورد ئافراندوویانە دڵخۆش بن. ژنای کورد بە تێکۆشانی گەورە گەیشتوونەتە ئەو ئاستە. تێکۆشانی ئازادی کە رێبەر ئاپۆ لە کوردستان دەستیپێکرد، تێکۆشانی ئازادی گەیاندە ئەم خاڵە. هاوسەرۆکایەتی جەوهەریترین بەرهەمی ئەو تێکۆشانە گەورەیە. ئەوانەی ئەمە نابینن و تێیناگەن، ناتوانن لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد تێبگەن. هاوسەرۆکایەتی ئەوە نییە کە هاوسەرۆکێک بەسەر ئەوەی دیکەوە باڵادەست بێت، بەڵکوو یەکسانە و بڕیارەکان پێکەوە و بە شێوەی دیموکراتیک دەردەکەن. هیچیان بەسەر ئەوەی دیکەدا زاڵ نییە. هەربۆیە وتنی ئەوەیە کە 'کێ دەبێتە هاوسەرۆکی فەرمی" و باس کردن لەسەر ئەوە بە واتای نکۆڵیکردنە لە هۆشمەندی هاوسەرۆکایەتی. بە واتای ئەوە دێت کە بەفەرمی ئیمتیاز و هێزی ئەرک دەبینرێت، ئەمەش بە واتای تێنەگەیشتن لە هاوسەرۆکایەتی. لەبەر ئەوەش مشتومری بەم جۆرە هەڵەی فەلسەفیە. ئەوانەی هاوسەرۆکایەتی قەبوڵ دەکەن نابنە لایەنێکی بەشدار لەم مشتومڕە. بەڵام لەبەر ئەوەی راگەیاندنی کاندیدی فەرمی هاوسەرۆکایەتی ناچارییە، ئەوە تەنیا بۆ رواڵەتی و رۆتینە".

جەختیشی کردەوە، کە "دەمانەوێت رووی شۆڕشی داهاتوومان لە سەرتاسەری جیهان ببینرێت و کاریگەری دابنێت، هەربۆیە دەڵێین کە بژاردە و کاندیدی فەرمی هاوسەرۆکایەتی دەبێت لەلای ژنان بێت. لەبەر ئەوە کە روخساری شۆڕشگێری دیموکراتیک بەتایبەتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەر لە سەرتاسەری جیهان دەکات".

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بە شکستی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە کرد لە ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر و چوکورۆڤا و وتی، " لە هەڵبژاردنی خۆجێییدا گورزێکی قورس لە ئامانجی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە درا کە دەیویست فاشیزم بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبکاتەوە. هەموو کات سەرنجمان بۆ ئەوە راکێشاوە کە دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە دۆخی رووخان و لەناوچووندایە. وتمان کە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە کە دەیویست کورد تێکبشکێنێت، خۆی تێکدەچێت. ئەوەمان بۆ پرۆپاگەندە نەدەوت. ئەو شەڕەی لە دژی ئێمە بەڕێوەدەبرێت چۆنە و ئەنجامەکان چۆن دەبن، لەبەر ئەوەی بە باشی چاودێریمان دەکرد، ئێمە ئەو دەستنیشانکردنەمان خستبووەڕوو، جارێکی دیکە ئاشکرابوو کە هەڵسەنگاندنەکانمان چەندە راستەقینەن.

کاراکتەری فاشیستی و دوژمنایەتی بەرامبەر بە دیموکراسی بووە مایەی داڕوخان و هەرەسهێنانێکی بەم جۆرەی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە تورکیا. بناغەی ئەوەش بۆ دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان دەگەڕێتەوە. دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان دەسەڵاتی ئەمڕۆی گەیاندە لێواری رووخان و هەرەسهێنان. دوژمنایەتی بەرامبەر بە دیموکراسیش سەرچاوەی بۆ ئەو داڕوخانە ئەخلاقی، سیاسی، ویژدانی و کولتورییە دەگەڕێتەوە کە لە کۆمەڵگادا سازی کردووە. لە دژی کوردان شەڕی قڕکردن بەڕێوەدەبرێت. داتەپینی ئابووریش لە دۆڕاندنی هەڵبژاردندا رۆڵی گێڕا. ئەوەش سەرچاوەکەی بۆ شەڕ لە دژی گەلی کورد دەگەڕێوەتەوە؛ شەڕی چەپەڵ و تایبەت و ئەو پارانەی کە بۆ ئەو شەڕە تەرخان دەکرێن."

پێویستە کە ئێمە باسی ئەو بابەتەش بکەین. بە تێکۆشانی هەموو هێزە دیموکراتیک و بە تایبەتی گەلی کورد دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەو شارانە دۆڕا، لە دۆخی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کولتوری تورکیا دیاری دەکەن. ئەوە زۆر گرنگە کە لە سەرتاسەری تورکیا کۆمەڵگا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە داواکاری خۆی بۆ دیموکراسی و ئازادی دەردەبڕێت. هەروەها ئێمە دەزانین کە لەو ناوچانە ژمارەیەکی زۆر کورد دەژین و هەڵوێستی هاوبەشی کوردان و گەلانی تورکیا لە بابەتی دیموکراتیکبوونی تورکیادا گرنگیەکی هەیە. ئۆپۆزسیۆنی ناو سیستم چەندە ئەوە بە دروستی هەڵبسەنگێنن ئەوەش بابەتێکی جیاوازە. بەڵام پەیوەست بەو شارانە ئێمە دەبینین کە کۆمەڵگای تورکیا لەناو دینامیزمێکدایە، کە دیموکراتیکبوونی تورکیا بە بنەما دەگرێت. ئەو راستیە زۆر گرنگە. ئەوە بۆ باشبوونی داهاتووی تورکیا خاڵێکی بنچینەییە. بە کورتی ئەوە ئەنجامی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی سەد ساڵە. پێویستە ئەوەش ببینرێت.

دوای هەڵبژاردنی ئایاری ٢٠٢٣ گۆڕینی بەڕێوەبەری جەهەپە، داینامیزمێک لە ناو ئەو حزبەدا دروست بووە. کاتێک بەڕێوەبەرایەتی خراپ دەگۆڕدرێن زۆر جار ئەنجامی لەم چەشنە دێنە ئاراوە. بێگومان شتێک کە بە تەواوەتی چارەنوسی بابەتەکەی دیاری کردووە ئەوە نییە، بەڵام پێویستە ئەوە قەبوڵ بکرێت کە ئەوەش خاڵێکە."

هـ . ب