رژێمی ئێران حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی کوردی لەسێدارە دا
رژێمی ئێران لە زیندانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی لە سێدارە دا.
رژێمی ئێران لە زیندانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی لە سێدارە دا.
حەیدەر قوربانی لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانەوە دەستگیرکرابوو. رژێمی ئێران بە "کوشتنی ٣ کەس و چەکداربوون و ئەندامبون لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)"دا تۆمەتباری کردبوو، بەڵام هاوینی ئەمساڵ جاوید رەحمان ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ٨ پسپۆڕی بواری مافەکانی مرۆڤ لە راگەیاندراوێکی هاوبەش دا رایانگەیاندبوو، حەیدەر قوربانی زیندانیی سیاسیی هەرگیز چەکدار نەبووە و لە ژێر ئەشکەنجەدا و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کراوە و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، سەرباری ناڕەزایەتییەکان و نەبوونی بەڵگەى روون لەسەر ئەو تۆمەتانەى ئاراستەی حەیدەر قوربانی کرابوون، رژێمی ئێران کاتژمێر ٠٩:٠٠ی ئەم بەیانیە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ حەیدەر قوربانیی لە زیندانی سنە سێدارە داوە.
رژێمی ئێران لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانە کوردەی بەبێ ئاگادارکردنەوەى پارێزەرەکەى و بنەماڵەکەى و بە شێوەیەکی نهێنی ئەنجامداوە.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کەسی تیادا لە سێدارە دەدرێت. بەپێی ئامارەکانی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ (لێبوردنی نێونەتەوەیی) لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەلانیکەمەوە ٢٤٦ کەس لەسێدارەدراون. بەپێی ئەو سەرچاوانە، ژمارەی کەسانی لەسێدارەدراو لەلایەن رژێمی ئێرانەوە لەو ژمارەیە زیاترە، چونکە رژێمی ئێران ئامارەکان دەشارێتەوە.
ژ.ت