ساڵح موسلیم: نەک دوژمنایەتی، بەڵکوو خوازیاری چارەسەریین

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلیم رایگەیاند، کە کورد بەشێکە لە سوریا و چارەسەرییان دەوێت و وتی: "ئێمە دوژمنایەتیمان بەرامبەر بە کەس نییە. پێویستە تورکیاش بە شێوەی ژیرانە مامەڵە بکات".

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە ساڵح موسلیم باسی لەوەکرد کە کێشەی کورد کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بینرا کە تا ئەم کێشە چارەسەر نەکرێت، کێشەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەر ناکرێن و وتی، "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لایەن و بەشێک لە چارەسەرییە. دوژمنایەتی، چاونوقاندنە بەسەر راستیەکان."

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ساڵح موسلیم سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە و دۆخی لایەنەکان وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

لە ٢٧ی تشرینی دووەمدا لە دژی حەڵەب هێرش دەستیپێکرد، ئەوە بە چ واتایەکە؟

ئەو هێرشە لەلایەن ئەلنوسرە بە ناوە نوێکەی واتە بەرەی تەحریر شام ئەنجامدرا. سوپای نەتەوەیی سوریاشی لەگەڵە. دەستەی تەحریر شام لەناو خۆیدا رێکخراو و خاوەن دیسپلینە، سوپای نەتەوەی سوریاش ئەو چەتانەن کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دامەزراون، دوژمنایەتی گەلی کورد دەکەن و بە پارە دەجوڵێنەوە. فەرمان لە دەوڵەتی تورک وەردەگرن. چەندین گروپیان لەخۆگرتووە، بەڵام هەموویان چەتەن. ئەو دوو گروپە پێکەوە دەستیان بە هێرش کرد، بەڵام ئەوەی شوێنەکان کۆنترۆڵ دەکات و بەڕێوەیان دەبات دەستەی تەحریر شامە.

کێ لەگەڵ کێ لە شەڕدایە، ئایا رێککەوتنی نوێ کراوە؟

روسیا، حزبوڵا و ئێران نوێنەرایەتی بەرەیەک دەکەن. دەستەی تەحریر شام بەرەیەکی جیاوازە. پەیوەندییەکانی بەرەی تەحریر شام و دەوڵەتی تورک باشە. لایەنێکی دیکەی شەڕەکەش ئێمەین، واتە دینامیکەکانی سوریا لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری مامەڵە دەکەن.

ئایا پەیوەست بە دوایین رەوشەکە، ئەگەری هەیە کە سەرلەنوێ داعش لە ناوچەکە زیندووبێتەوە؟

بەدڵنیاییەوە، لەسەرەتای هێرشەکانەوە ئەوانیش دەستیان بە هێرش کرد. لە رۆژهەڵاتی حومس دەستیان بەسەر چەند گوند و ناوچەدا رت. ئەوانیش لەو ناوچانەی تیایدان بەرفراوان دەبن. لەبەر ئەوەی راستەوخۆ سنووری ئێمەیە، بۆیە هەڕەشەیەکە. پەیوەست بەوەش هێزەکانمان تا دێرەزور بڵاوەیان پێدەکرێت و فراوان دەبن.

ئەگەر دۆخی سوریا بەرەو دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ بچێت، پێگەی دەستەی تەحریر شام چۆن دەبێت؟ هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر روانینتان بەرامبەر هەتەشەدا هاتووە؟

لە سەرەتای شەڕی سوریاوە تائێستا هەمووان باسیان لە چارەسەری سیاسی دەکردەوە. لەبەر ئەوەی تائێستا دەوڵەتی تورک رۆڵی سەرەکی هەبوو گەلی کورد لەو هەوڵانەی چارەسەریدا دوورخرابوونەوە. لەبەر ئەوەی لەگەڵ کوردەکان دانەنیشتن، چارەسەری نەدۆزرایەوە. ئێستاش دۆخەکە دەگۆڕێت. دەستەی تەحریر شام قسەی جیاواز دەکات. ئەگەر تەحریر شام بگۆڕێت و لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکدا نەبێت ئێمە دەتوانین پەیوەندی لەگەڵ ساز بکەین و دیالۆگمان هەبێت. تەحریر شام باس لەوەدەکات کە پەند و ئەزمونیان لەهەڵەکانی ٢٠١٢ وەرگرتووە و باس لە یەکێتی دەکەن. پێکهاتەی سوریا نوێنەرایەتی ناسنامەی ئایینی و ئەتنیکی جیاجیا دەکات. بە گوێرەی چەندین شرۆڤە و هەڵسەنگاندن؛ لە سوریا سیستمێکی فیدڕاڵ کە لە سێ لایەن پێکدێت، پێشنیاز دەکرێت. باسی سیستمێک کە لای رۆژئاواوە هەرێمی سونە، هەرێمی کوردەکان و باسی هەرێمێکیش لەلای رژێمەوە دەکرێت. نازانم چەندە ئەمە دێتەدی یان نا بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاشکرایە کە سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات.

پەیوەندی و دیدارتان لەگەڵ دەستەی تەحریر شامدا هەیە؟

لەرێگەی نێوەندگیر و هاوپەیمانی نێونەتەوەییەوە هەندێک دیدار هەیە. بۆ ئەوەی لەگەڕەکە کوردیەکانی حەڵەب پێکدادان روونەدات، هەندێک پەیوەندیمان سازکرد. پەیوەندی بەو جۆرە ساز دەبن و دەڵێن هیچ پەیوەندییەکمان بەئێوەوە نییە. بەڵام نازانین لە داهاتوودا چی روودەدات.

وێڕای ئەوەی هەندێک کەس دەڵێن ئەم هێرشانە بۆ لاوازکردنی پێگەی ئێران و ڕووسیایە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ڕووسیایش لەم ڕێککەوتنەکاندا هەیە. ئایە دۆخەکە چییە و چۆنە؟

باس لە پلانێکی باش داڕێژراو دەکەم. بە دەستپێکردنی شەڕی غەززە گریمانەی ئەوە دەکرا ڕێگە لەبەر پێشهاتی نوێ دەکاتەوە. سەرەتای دیزاین کردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناویینە. ئەمە بونیاد دەنێن. هاوسەنگییەکانی هەرێمەکە دەگۆڕدرێت. پێشهاتەکان ئاماژەدەری ئەمەن. ئیسرائیل گورزی کوشندەیی لە  حەماس و حیزبوڵا وەشاند. لوبنانی داڕشتەوە. لە ئێستاشدا هەوڵەکان بۆ دیزاین کردنەوەی سوریایە.

ڕۆڵی ئیسرائیل لە پێشهاتەکانی ئەم دوایەی سوریادا چییە؟

هەرچەندە بە ڕاستەخۆش نەبێت، بەڵام ئیسرائیل زلهێزێکی کاریگەرە. بۆ نموونە هۆکاریی بنەڕەتی کەوتنی حەلەب لاوازبوونی حیزبوڵایە. هەموو ئەمانە دەرنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلە. بۆیە پەیوەندییەکی کاریگەر لەنێوان دۆخی ئێستا و هێرشانەدا هەیە.

پێگەی ئێران و ڕووسیا لەم دۆخەدا چۆن هەڵەدەسەنگێنن؟

ئێران بە بەردەوامی باسی بەرفراوان کردنی ئیسلامی دەکرد. بۆیە وای دەبینم لەم دۆخەدا ئێران دەپێچنەوە ناو سنوری خۆی. سەبارەت بە ڕووسیاش زەحمەتە لە دژوەستانەوەدابێت و بۆ کەسانی دیکە شەڕ بکات. هەرخۆی دۆخی ئۆکرانیا بارێکە بەسەرییەوە. پەیوەست بە سیاسەتە بەرژەوەندی خوازییەکانی تورکیاوە، بە دڵنیاییەوە بە پەیوەندییەکانی خۆیدا دەچێتەوە لەگەڵ تورکیادا.

ئایە پلانی ئەمریکا چییە؟

دۆخێکە کە بە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە ناوی دێنیین. ئەمە پڕۆژەیەکی ناتۆیە و ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.

لەم دۆخەی ئێستادا پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ئەمریکا و ڕووسیا چۆن دەبینیت؟

ئەمە پەیوەستە بە هەڵوێستی ئەوانەوە. هەندێک ڕاستی هەیە؛ لەبەرئەوەی تا ئێستا کورد لە گفتوگۆ چارەسەرییەکاندا دورخراوەتەوە، چارەسەرییەک سەرپێ نەدەخرا. بەڵام بۆ لەمەودوا ناچارن ڕێگە بە ڕۆڵی کورد بدەن لە گفتوگۆ چارەسەرییەکاندا. ڕاستی دووەم؛ هەست بەوەکرا پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هەمانکاتدا پرسەکانی کوردە و چارەسەریشییان هاوبەندە. بۆیە هەموان تێگەشتن لەوەی دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لایەنێکی ئەم چارەسەرییانەیە و لەگەڵ چارەسەرییە. کورد بەشێکە لە سوریا و لەگەڵ چارەسەرییدان. دووژمنایەتی هیچ لایەنێک ناکەن. لە ئێستا بەداوە دەبێت دان بەم حەقیقەتانەدا بنرێت و بەتایبەت دەبێت تورکیا ئەمە بکات.

پەیامەکانی ئەم دوایانەیی ئیسرائیل پەیوەست بە پرسەکانی کوردەوە چ مانایەک دەگەیەنێت؟

واقعیەت و ڕەوشێکی ڕاستەقینە لە ئارادایە. ناتوانین خۆمان لە ڕاستییەکان لادەین. جوو پێکهاتە و بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. ڕەنگە هەندێک لە سیاسەتەکانیانمان بەدڵ نەبێت و ڕەخنەی بکەین، بەڵام ئەمە ڕاستییەکە ناگۆڕێت. گەر هەستی بە پشتیوانییەکی سروشتی بکردایە، ئەوا تا ئێستا ئەوەی پێویست بوو دەیکرد. بە دڵنیاییەوە شتێکی لەو جۆرە نییە.

ئایە لە ئێستا بەدواوە گفتوگۆکانی ئاستانە بەردەوام دەبێت؟

باوەڕناکەم ئەوگفتوگۆیانە بەردەوام بێت. پێش ئەوەی کۆبوونەوەکانی ئاستانە ئەنجام بدرێت ئێمەیش بانگێشت کرابووین، بەڵام فرت و فێڵەکانی تورکیا هەموو شتەکانی پێچەوانە کردەوە. ئاستانە ئاڕاستەیەکی دیکەی وەرگرت. بەڕاستی گەر وەک سەرەتا بووایە، ئیمکانی چارەسەری هەبوو. باوەڕناکەم بۆ لەمەودوا بەردەوام بێت.

بوونی قەسەدە لە ڕۆژئاوای فورات؛ دۆخەکە لە منبج و دێرەزۆر چۆنە؟

هەرخۆی منبج هەرێمێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. نابێت تێکەڵ بە ئاڵۆزییەکانی حەلەب و تل ڕەفعەت بکرێت. هێزەکانمان پارێزگاری لە منبج دەکەن.

بەڕای ئێوە ئەم دۆخە چۆن چارەسەر دەکرێت؟

لە سوریادا بە سەرهەڵدانی شۆڕش خاوەندارییمان لە بەهاکانی شۆڕشەکە کرد. پارێزگارییمان لە چارەسەری نەتەوەیی دیموکراتیک کرد و لەسەر ئەو بنەمایە خۆمان ڕێکخست. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییمان بە بوونی هەموو پێکهاتەکانەوە بونیاد نا. بووینە نمونەی پێکەوەژیان. لایەنەکانی دیکە چاویان بەمەدا هەڵنەهات، بەتایبەت دەوڵەتی تورک. شەڕ و ئاڵۆزییان نایەوە و بە ئێستاشەوە بەردەوامە. لە دژی ئەمە وەستاییەنەوە هەمووان بینیان پڕۆژەکەمان ڕەوایە. بێگومان بەرگریکردن لە خۆ زۆر گرنگە و ئێمەیش ئەوە دەکەین و بەهێزتری دەکەین. پەیوەست بە گەلانی بندەست پراکتیکێکی گرنمان نیشاندا. پەیمانی کۆمەڵایەتی نموونەیەکی گرنگ و کاریگەرە.