سامان یاسین: هیچ نەماوە لە زیندان بەسەرمدا نەیەت، لەسێدارەم بدەن و ببڕێتەوە

سامان یاسین یەک لە دەستگیرکراونی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران باس لەوەدەکات، دوای ١٨ مانگ دەستبەسەری هێشتا دیار نییە بە چ تاوانێک لە زیندان راگیراوە و دەشڵێت: "لەسێدارەم بدەن و ببڕێتەوە".

سامان یاسین هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، کە لە خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە تاران دەستگیرکرابوو، نامەیەکی کراوەی ئاراستەی غوڵامحسێن موحسنی ئەژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کردووە و تیایدا رایگەیاندووە، "١٨ مانگە لە زیندانەکانی تاران و کەرەج بە بێ هیچ بەڵگەیەک دەستبەسەرم، لەم ١٨ مانگەدا چەندین جار وادەی دانیشتنی دادگا دیاریکرا، بەڵام دانیشتنەکە بەڕێوەنەچوو".

راشیگەیاندووە، "تکایە بۆم روونبکەنەوە کە چ تاوانێکم کردووە، ئەگەر تاوانبارم سزای زیندانم بەسەردا بسەپێنن، ئەگەر بێتاوانم ئازادم بکەن. من نازانم کە هۆکاری ئەو هەموو رق و ئازاردانەی دەسەڵاتی دادوەری بەرامبەر بە من چییە و چ واتایەکی هەیە".

ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە کە چەندین جار لە دژی ناڕوونی دۆسیەکە مانی لە خواردن گرتووە، بە بیری هێناوەتەوە کە چەندین جار ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونی دراوە و لەو رووەوە لە نامەکەیدا نوسیویەتی: "داوادەکەم لە سێدارەم بدەن. من چیتر بەرگەی ئەم دۆخە هەڵپەسێردراو و ناڕونەی زیندان ناگرم، کە بە هۆی تاوانێک کە نە من و نە ئێوە دەزانن چییە، لە زیندان راگیراوم. سزای لەسێدارەدانم بۆ دەربکەن، من ناڕەزایەتی دەرنابڕم. ژیانم لەبەر یەک هەڵوەشاوەتەوە، تەندروستی جەستەیی و دەرونیتان لە من سەندەوە، وەک ئەشکەنجەی دەرونی لەسێدارەدانی نمایشیتان لەسەرم تاقیکردەوە، منتان رەوانەی نەخۆشخانەی دەرونی کرد، چی ماوە بە سەر منی بهێنن؟ گیانم بکێشن و ببڕێتەوە".

سامان  یاسین (سەیدی)خەڵکی کرماشانە و لە رەزبەی ٢٠٢٢ لە خۆپیشاندانەکانی تاران دەستگیرکرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی ئێڤین. سەرەتا بە تۆمەتی شەڕ لە دژی خودا و وەستانەوە دژی دەسەڵات سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر لەلایەن دیوانی باڵای دادی ئێرانەوە سزاکە هەڵوەشایەوە و تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتی ئاراستە کرا.

ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە باسی لەوەکردبوو، کە لە ژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەی خستنەخوارەوە لە بەرزایی ناچاربووە دان بە تاوانێکدا بنێت کە ئەنجامی نەداوە و لە ماوەی دەستبەسەریدا رووبەڕووی چەندین ئەشکەنجەی قورس بووەتەوە و لە دژی ئەو ئەشکەنجانە چەند جارێک مانی لە خواردن گرتووە و یەک جاریش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

دوابەدوای ئاشکراکردنی ئەشکەنجەکانی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی دەنگیەوە، ئەو زیندانیە سیاسیە بۆ چەند رۆژێک رەوانەی نەخۆشخانەی دەرونی کرابوو.

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٨ مانگ بە سەر دەستبەسەرکردنی، تائێستا لە پای ئەو تۆمەتەی ئاراستەی کراوە، دادگایی نەکراوە و چەند جارێک دانیشتنی دادگا دواخراوە، دوایین جار لە ١٨ی شوباتی ئەمساڵدابوو.

هـ . ب