ساڵیحە ئایدەنیز: ئەوانەی ئاشتییان دەوێت، با بڕۆنە ئیمراڵی

پەرلەمانتاری دەم پارتی ساڵیحە ئایدەنیز بانگەوازی لە دەسەڵات کرد و گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت ئەمڕۆ لەگەڵ گەلی کورد ئاشتی پێک بهێنن، ڕێگەی ئەمە ئیمراڵییە. بفەرموون بڕۆنە ئیمراڵی".

چالاکییە ناڕەزایەتییەکان دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکانی مێردین و ئێلح و خەلفەتی بەردەوامە، لەم چوارچێوەیەدا لە ناوچەی دێرکی مێردین ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا، ڕێپێوانەکە لەسەر بانگەوازی دەم پارتی ئەنجامدرا، جەماوەر لەسەر ڕێگەی دێرک – قۆسەر کۆبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی درووشم تا گۆڕەپانی دێرک ڕێپێوانیان کرد.

سەرەتا هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین دەڤریم دەمیر وتەیەکی پێشکەش کرد، گوتی: "ئێمە ئیرادەی گەلەکەمانیان، گەلەکەمان لەپشتمانە، ئێمە لەگەڵ گەلی خۆمانین. ئەو سیاسەتەی نکۆڵی لە ئێمە دەکات هەرگیز دانی پێدا نانێین".

"گەلی کورد وانە فێری دەسەڵات دەکات"

پەرلەمانتاری دەم پارت ساڵیحە ئایدەنیز ڕایگەیاند گەلی کورد هەموو جارێک لەسەر سندووقەکانی دەنگدان وانەیەکی فێری دەسەڵات کردووە، کەچی هێشتاش دەسەڵات درێژە بە سیاسەتی دوژمنایەتی دەدات، ئەم سیاسەتە دەوڵەتی تورکیای ڕووبەڕووی کارەسات و ئەگەری لەناوچوون کردووەتەوە، گوتی: "ئەمڕۆ دەتانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕۆڵتان هەبێت. دەبێت بزانن هەبوونی ڕۆڵتان گرێدراوە بە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردەوە. ئەگەر دەتانەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پێگەیەکتان هەبێت، ناچارن پرسی کورد بەشێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکەن. ڕێگەی ئەمەش، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، ئەو موخاتەبە. بە ئاشکرا ئەمە دەڵێین".

دەسەڵات تیشکی خستەسەر دووڕوویی دەسەڵات کاتێک لەلایەک باسی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد دەکات و لەلایەک قەیوم دادەنێت، وە دەسەڵات لەڕێگەی قبووڵنەکردنی ئیرادەی گەلی کوردەوە دەیەوێت دیموکراسی لە تورکیا بە تەواوەتی تەسفیە بکات، بانگەوازی لە دەسەڵات کرد: "ئەگەر دەتانەوێت ئەمڕۆ لەگەڵ گەلی کورد ئاشتی پێک بهێنن، ڕێگەی ئەمە ئیمراڵییە. بفەرموون بڕۆنە ئیمراڵی".

پاشان بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەی "دیموکراسی و ئازادی" کە ١٧ ی تشرینی دووەم لە ئێلح بەڕێوەدەچێت.