دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا چاویانکەوت بە کۆمیتەی بەگژاچوونەوەی ئەشکەنجە (سی. پی. تی.).
هاوسەرۆکی دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیدریس سەعید، هاوسەرۆکی پارێزەرانی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا، خانم ئایۆ، نوێنەری کۆنسەی ئەوروپای هەدەپە، فایەق یەگیزای، لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیری ٢ ملیۆن و ٦٤٦ هەزار و ٢١١ واژۆیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و شام و حەلەب و شارەکانی تر کۆکردەوە و ڕادەستی بەرپرسانی کۆنسەی ئەوروپای (سی. پی. تی.) کرا.
پاش چاوپێکەوتنەکە، شاندەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست.
هاوسەرۆکی دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئیدریس سەعید، ڕایگەیاند، لە شێوەی کەمپینێکدا دەسپێشخەرییەکی جەماوەریان دەستپێکردووە لە سەرانسەری ڕۆژئاوا بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە ١٢ ی کانوونی دووەمەوە تا ١٣ ی ئادار، کورد و عەرەب و ئەرمەن و سریان و تورکمان و پێکهاتەکانی تر بەشداری کەمپینەکە بوون، ٢ ملیۆن و ٦٤٦ هەزار و ٢١١ واژۆ کۆکراوەتەوە. سەعید ڕایگەیاند چاویان بە شاندی (سی. پی. تی.) کەوتووە و واژۆکانیان ڕادەست کردوون و گوتی: "ئێمە داوامان کرد لە نزیکترین کاتدا ڕێگە بدرێت بە سەردانیکردنی (سی. پی. تی.) و پارێزەر و ماڵبات. ئەوان گوتیان: "خەمی ئێوە، خەمی ئێمەشە، ئێمە چآودێری ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین". ئاماژەیان بەوە کرد داخوازییەکانمان دەگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوتیان ساڵی ڕابردوو ڕێبەر ئاپۆ و سێ هەڤاڵەکەیان بینیوە. ئێمەش گوتمان ماڵتان ئاوا بێت".
خانم ئایۆ، بەناوی یەکێتی پارێزەرانی سوریا بەشداری چاوپێکەوتنەکە بوو، گوتی: "لە چاوپێکەوتنەکەدا، داوامان کرد گۆشەگیری کۆتایی بێت و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت. واژۆکانمان ڕادەستیان کرد. ئەوانیش لەبارەی دوا سەردانەوە زانیارییان پێ داین. ڕاپۆرتیان ئامادە کردووە بەڵام ناتوانن بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەنەوە، گوتیان پێویستی بە ڕێگەپێدانی دەوڵەتە".