شاندی دەمپارتی لەگەڵ باخچەلی و کورتولموش دیدار ئەنجام دەدەن

شاندی دەم پارتی سەبارەت بە دیارەکەیان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، دەستیان بە گەڕێکی دیدار لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کردووە. شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ نومان کورتولموش و دەوڵەت باخچەلی کۆدەبنەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پاتی) سەبارەت بە دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لە راگەیەندراوێکدا زانیاری بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەحمەد تورکیش لەگەڵ ئەندامانی شاندەکەی دەم پارتی سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان بەشداری لە دیدار و سەردانەکاندا دەکات و ئەوە راگەیەندراوە، "سەرۆک فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمان سری سورەیا ئۆندەر و پەرلەمانتارمان پەروین بوڵدان کە ٢٨ی کانونی یەکەم لە ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیداریان کردبوو، وەک پێشتریش ئاشکرایان کردبوو دەست بە گەڕێکی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ پارتە سیاسیەکان لە پەرلەمان دەکەن. شاندەکە دوای سەردانی ئیمراڵی سەرەتا زانیاری بە هاوسەرۆکانی گشتییمان تولای حاتمئۆگیولاری و تونجەر باقرخاندا. شاندەکە کە سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورکیشی لەناودایە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نومان کورتولموش و سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی کۆدەبێتەوە.

شاندەکە کە لە بوڵدان، ئۆندەر و تورک پێکهاتووە دوای ئەوەی کۆتایی بە کۆبوونەوە و سەردانکردنی پارتەکانی ناو پەرلەمان هێنا، لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکان، رێکخراوەکانی رەنج و سەندیکا پیشەییەکانیش دیدار ئەنجام دەدات.

لە دیدارەکاندا لەبارەی دیدارەکەیان لە ئیمراڵی زانیاریی رادەگەیەنن، روانگە و پێشنیازەکان وەردەگیرێن. دوای ئەوەی دیدارەکان تەواو بوو، راگەیەندراوێکی بەرفراوان بۆ رای گشتیی رادەگەیەندرێت".