شەهیدانی قامیشلۆ لە برێمەن یادکرانەوە

شەڕڤانانی یەپەگە کە لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە قامیشلۆ شەهید بوون، لە شاری برێمەن لە ئەڵمانیا یادکرانەوە.

شەڕڤانانی یەپەگە دیار خەلیل (دیار شۆڕش)، بەرزان شێخموس (گارزان قامیشلۆ)، ئەحمەد موسا (هیوا قامیشلۆ)، ئارام ئیبراهیم (ئۆرهان قامیشلۆ) کە ٣ ی ئاب بە هێرشی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهید بوون، لە برێمەن یادکرانەوە.

بەرنامەی یادکردنەوەکە لە کۆمەڵەی برایەتی بەڕێوەچوو، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد. بەناوی کۆمیسیۆنی بنەماڵەی شەهیدانی برێمەنەوە، دایکە خەیسە؛ بەناوی پەیەدەی ئەوروپاوە، شێرزاد ئیبراهیم؛ هەروەها هاوسەرۆکی مەجلیسی جڤاکی دیموکراتیکی کورد لە برێمەن، سەعید بەلگین، قسەیان کرد.

برای شەهید دیار خەلیل، سەرحەد خەلیل لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری مەراسیمەکەی کرد.

بەناوی کۆنگرەی ستارەوە، دیە سەلیم، ئاماژەی کرد بە هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلی کورد و گوتی: "ئێمەی گەلی کورد بەرخۆدان دەکەین. لەپێناو ئازادیمان بەرخۆدان دەکەین. ئێمە ڕۆژئاوا زیندوو دەهێڵێنەوە و دەیپارێزین". بەناوی پەیەدەوە شێرزاد ئیبراهیم، گوتی: "ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە، بێگومان بەبێ قوربانیدان نییە. ڕاستە شەهیدی زۆرمان داوە، بەڵام ئەگەر شەهیدان نەبوونایە، ئێمە خاوەنی ڕێکخستن و ئامادەکاری نەدەبووین، نەماندەزانی چی بەسەر گەلەکەماندا دەهات. ئێمە سێواز و ئەنفال و هەڵەبجەمان بەسەر هات. دەیان هەزار گەلی ئێمە لە دێرسیم کوژران. بەڵام ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی هەیە. ئەگەر تەڤگەری ئازادی نەبووایە، ئێستە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باشور و باکور نەدەبوون. کوردەکان قڕدەکران".

هاوسەرۆکی مەجلیسی دیموکراتیکی کورد لە برێمەن، سەعید بەلگین ئاماژەی کرد بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هێزەکانی پاراستن و گوتی: "ئەگەر سەرنج بدەن، داگیرکەران لەلایەک ڕێبەری گەلی کورد گۆشەگیر دەکەن، لەلایەکی تر، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پاراستنی کوردان. نابێت هێرشەکانی داگیرکەر بۆ سەر قەندیل لە سیاسەتی گۆشەگیری جیابکرێتەوە".

برای شەهید دیار خەلیل، سەرحەد خەلیل لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەشداری کرد و گوتی: "ئێمە سەربەرزین بە شەهیدەکانمان. ئێمە بە شکۆوە درێژە بە تێکۆشانەکەیان دەدەین".

لەکاتی قسەکانی سەرحەد خەلیل، زۆر جار درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرایەوە.

بەرنامەی یادکردنەوەکە بە پیشاندانی سینڤیزیۆنێک کۆتایی هات.