سەندیکاکانی بەریتانیا: پەیامەکەی ئۆجالان بانگی عەقڵ و دیالۆگە

(Unite the Union) کە لە کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەشدارە، لەسەر ناوی ١٤ سەندیکای گەورەی وڵاتەکە بانگەوازی کرد دەستبەجێ کۆتایی بە داگیرکاریی قەیوم بهێنرێت و گوێ بگیرێت لە دوایین بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ.

(Unite the Union) کە سەندیکایەکی خاوەن ١،٣ ملیۆن ئەندامە و لەگەڵ ١٤ سەندیکای گەورەی بەریتانیا کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان" بەڕێوەدەبات، دەربارەی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و پەیامی ڕێبەر ئاپۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "پەیامەکەی ئۆجالان بانگی عەقڵ و دیالۆگە؛ پێویستە ئەم بانگەوازە لەلایەن تورکیا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە لەبەرچاو بگیرێت".

ڕاگەیاندراوەکە تیشک دەخاتە سەر کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان" و دەڵێت: "بەم کەمپەینە ئێمە هەردەم داوای ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتیکی پرسی کوردمان کردووە".

ئاماژە بەوە دەکات، دانانی قەیوم نموونەیەکی ڕوونە بۆ هەوڵی چەوساندنەوەی مافە دیموکراتیکەکانی گەلی کورد و لاوازکردنی ئیدارە خۆجێیەکان. دەربارەی دانانی قەیوم، دەڵێت: "هەوڵی بەردەوامیی تورکیایە بۆ چەوساندنەوەی تەڤگەری سیاسیی کورد".

ئاماژە بەوە دەکات بەم دواییانە ئەردۆگان و باخچەلی باسیان لە دیالۆگ بۆ چارەسەری پرسی کورد کردووە، کەچی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکەنە سەر ڕۆژئاوا، ئەمەش پێچەوانەی ئەم بانگەوازی دیالۆگەیە، هەموو هیوایەک بۆ چارەسەری ئاشتییانە لەبار دەبات.  

"ئۆجالان ئامادەیە ڕۆڵ بگێڕێت"

ئاماژە بەوە دەکات دیدارەکەی ئەم دواییەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ عومەر ئۆجالان هیوایەکی نوێیە، دەڵێت: "ئۆجالان لە سەردانەکەدا پەیامێکی ڕوونی دا، ڕایگەیاند بۆ دیالۆگ ئامادەیە، لە چوارچێوەی یاسا و سیاسەتدا جەخت لە ئامادەبوونی خۆی بۆ چارەسەر ئاشتییانە دەردەخات، ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەری پرسی کورد نیشاندا. نابێت ئەم پەیامە پشتگوێ بخرێت. ئۆجالان هەردەم لە تورکیا بەرگری لە چارەسەری ئاشتییانە کردووە و ئامادەیە ڕۆڵێکی گرنگ لەم پرۆسەیەدا بگێڕێت.

"پەیامەکە بانگی عەقڵ و دیالۆگە"

پەیامەکەی ئۆجالان بانگی عەقڵ و دیالۆگە، پێویستە ئەم بانگەوازە لەلایەن تورکیا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە بە گرنگییەوە پێشوازی لێ بکرێت. پێداگری ئەو بۆ چارەسەر لەسەر بناغەی یاسا و سیاسەت هیوا دەبەخشێتە ملیۆنان کورد لە تورکیا و دەرەوە. لەگەڵ گۆشەگیری چەندین ساڵە، ئۆجالان پێداگرە لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد.

بۆ پیشاندانی پابەندبوونی بە دیالۆگەوە، پێویستە دەسەڵاتی تورکیا هێرشەکانی ڕابگرێت، کۆتایی بە دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان بهێنێت، بە ڕێزگرتن لە مافی دیموکراتیکەکانی گەلی کورد، دڵسۆزیی خۆی بۆ دیالۆگ نیشان بدات. پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، شانشینی یەکگرتوو، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتگیری بکەن لە خەبات بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک.

"پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێت"

وەک کەمپەینی ئازادی بۆ ئۆجالانی سەندیکاکانی کرێکارانی بەریتانیا، ئەم داوایانە دەکەین:

١- پێویستە کەسانی دوورخراوە لە شارەوانییەکانی مێردین و ئێلح و خەلفەتی و شارەوانییەکانی تر، دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و دانانی قەیوم کە ئیرادەی دیموکراتیکی گەلان پێشێل دەکات، هەڵوەشێتەوە.

٢- پێویستە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی بێت و دەستبەجێ ئازاد بکرێت، لە هەموو پرۆسەیەکی ئاشتی ئایندەدا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت و بەشداری دانوستانی چارەسەری پرسی کورد بکات.

٣- پێویستە تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕۆژئاوا بوەستێنێت و توندوتیژی دژی هێزە کوردییەکان و خەڵکی مەدەنی لە سوریا بوەستێنێت.

٤- گەلانی تورکیا و کورد نوێنەر هەڵبژێرن و ڕێز لە مافە دیموکراتیکەکانیان بۆ چالاکی سیاسی و ئاشتییانە بگیرێت، بتوانن بێ ترس و فشار ئەم مافانە بەکاربهێنن.

٥- تورکیا دیالۆگ بکات لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد و گرووپە سیاسییە جیاوازەکان، پێویستە فشاری نێونەتەوەیی بکرێت، تاوەکو چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیک و درێژخایەن بۆ پرسی کورد بێتەدی.