سەرۆک وەزیرانی عێراق داوادەکات رێگری بکرێت لە بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوا لە هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانی ئابوری ووڵات دەکات ڕێگری بکەن لە تاوانی ئابووری و بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوە.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئابوریی کرد کە بەرپرس و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان تێیدا بەشداربوون.

بەپی بڵاوکراوەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی دراو بەتایبەتی دراوی دۆلار و تۆڕە تاوانکارییەکان کرا و سەرۆکوەزیران جەختیکردووە، ئەو پرسە جێگەی گرنگی تایبەتی حکومەتە، چونکە پایەیەکی چاکسازیی ئابوری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، کاربکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی دۆلار و ئەوانەشی کە لە باج و گومرک ھەڵدێن، ھەروەھا دانانی خاڵی پشکنینی جوڵاو و نەگۆڕ، لەسەر ئەو رێگە سەرەکیانەی بە دەروازە سنوورییەکانەوە دەبەسترێنەوە، ئەوەش بۆ رێگریکردن لە گواستنەوە و بە قاچاغبردنی ئەو کاڵایانەی باجیان نەداوە یان بە نایاسایی ھێندراونەتە ناو عێراق.