سەرۆکی سەندیکاکان: بەشێوەیەکی ملهوڕانە دایکانی شەممە ئەشکەنجە دەدرێن
سەرۆکی سەندیکاکان هێرشی پۆلیس بۆ سەر چالاکییەکەی دایکانی شەممە شەرمەزار دەکەن و دەڵێن: "بەشێوەیەکی ملهوڕانە دایکانی شەممە ئەشکەنجە دەدرێن".
سەرۆکی سەندیکاکان هێرشی پۆلیس بۆ سەر چالاکییەکەی دایکانی شەممە شەرمەزار دەکەن و دەڵێن: "بەشێوەیەکی ملهوڕانە دایکانی شەممە ئەشکەنجە دەدرێن".
سەرۆکی سەندیکاکان کە بەشداری چالاکی دایکانی شەممە بوون و پۆلیس گەمارۆی دان، سەبارەت بە هێرشی سەر دایکانی شەممە لە هەفتەی ٩٥٦ لەبەردەم بارەگای کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئیستەنبوڵ، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و دەڵین: "گەڵەتەسەرای هی ئێمەیە، دەستبەرداری نابین".
"هێرشەکان ڕاگرن"
ئەندامی کۆمیتەی بێسەروشوێنانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، فاروق ئەرەن، ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە. ئاماژەی کرد بە بەوەی سەرەڕای هەموو هێرش و ئاستەنگەکان، هێشتا گەڕانیان بۆ دادپەروەری و ڕاستی بەردەوامە. چالاکیەکەیان لە ٢٥ ی ئابی ٢٠١٨ لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەرای دەستیپێکرد، ئێستە ڕێگری لێ دەکرێت. ئەرەن ڕایگەیاند، دەبێت بگوترێت بەسە، نابێت کەس بێسەروشوێن بکرێت و دەبێت ئەم نەهامەتییە کۆتایی بێت. داوای کرد بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای باڵای دەستووری مامەڵە بکرێت و ڕێز لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ بگیرێت. بانگەوازی لە دەسەڵات کرد، فشار و هێرشەکانی سەر دایکانی شەممە ڕابگرن، ئەوان دەستبەرداری گەڵەتەسەرای نابن.
"بەڕێز بن"
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، ناهید ئەرەن، دووپاتی کردەوە، ئەرکی سەرەکی سەندیکا بریتییە لە پاراستنی مافی مرۆڤ و گوتی: "ئەم مافە سەرەکییە و ئازادی بیرکردنەوە قەدەغە دەکرێت، پێویستە بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای باڵای دەستووری مامەڵە بکرێت. قەیومی بیۆغلۆ خۆی لەسەرووی دادگاوە دەبینێت، ئەم کارە نایاساییە ٤٠ ساڵە بەردەوامە. ئێمەی سەرۆکی سەندیکاکان، پشتیوانی دایکانی شەممە دەکەین و ئەم پێشێلکارییانە دەکەینە ڕاپۆرت"
ناهید بانگەوازی لە وەزارەتی داد کرد و گوتی: "کاتێک باس لە ڕێزگرتن لە دادگا و سەروەری یاسا دەکەیت، پێویستە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت، هەموو بڕیارەکانی دادگا جێبەجێ بکرێن، کاتێک پابەندی بڕیارەکان نابن، ناتوانن باس لە یاسا بکەن، هەمیشە پشتیوانی دایکانی شەممە دەبین".
"دەستبەرداری تێکۆشانەکەمان نابین"
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئەزمیر، سەفا یەڵماز ڕایگەیاند، ئەم تێکۆشانە ٢٨ لەپێناو مافی مرۆڤ بەردەوامە و گوتی: "ئەرکی سەرەکی دەوڵەت پاراستنی مافی ژیانی هاوڵاتییانە. هاوڵاتییەکانمان ئەم چالاکییە ڕێکدەخەن و بەدوای تەرمی کەسەکانیان دەگەڕێن، پێویستە دەوڵەت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. ئەم چالاکییە گوزارشتە لە ئازادی بیروڕا. بەم دواییانە ڕێگە لە ئێمە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارێزەرانی ماف دەگرن و فشار دەکەنە سەرمان، دەیانەوێت دەسبەرداری تێکۆشانی مافی مرۆڤ بین، تێکۆشان بەردەوامە و دەسبەردار نابین".
"داواکاری دایکانی شەممە یاساییە"
سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئێلح، ئەرکان شانسز ڕایگەیاند، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە تورکیا ناپارێزرێن و گوتی: "ڕێگە بە چالاکییەکان لە بەرژەوەندی دەوڵەت دەدرێت، بەڵام ئەوانەی بەدڵی دەوڵەت نین ڕێگەیان لێ دەگیرێت، قەیومی بیۆغلۆ ئەرکەکەی خۆی بەجێ دەگەیەنێت. داواکاری دایکانی شەممە یاساییە، بەردەوام پشتیوانیان دەبین".
هەروەها سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی موش، قەدیر کارا چەلیک و سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی وان، سینان ئۆزاراز پشتیوانی خۆیان بۆ دایکانی شەممە دووپات کردەوە.