سەرمایەدارێکی مەریوانی نزیکەی ١٨٠ کەسی نانبڕاو کرد

سەرمایەدارێکی مەریوان بە شێوەی سەرەرۆیانە نزیکەی ١٨٠ دوکانداری پاساژ (مۆڵ)ێکی بێکار و نانبڕاو کرد.

لە هەفتەکانی رابردوودا یەکێک لە سەرمایەدارانی مەریوان کە پێشتر خاوەنی پاساژ یاخود مۆڵی "خورشید زرێبار"ی شارەکە بوو، کرێی مانگانەی دوکانەکانی لە دوو ملیۆن تمەنەوە بۆ ١٢ ملیۆن و دواتریش بۆ ١٨ ملیۆن تمەن زیاد کرد.

یەدوڵا روزچەنگ کوڕەگەورەی بنەمای روزچەنگ کە لە سەرمایەدارە ناسراوەکانی مەریوانن و پێشتر بە هۆی تێوەگلا لە دۆسیەیەکی سپیکردنەوەی پارە بە بری شەس ملیار دۆلار لەلایەن دادگاوە داواکرابوو، بەڵام بەرەو هەڕێمی کوردستان و ئەمریکا هەڵاتبوو.

دەوڵەتی ئێران دەستی بەسەر پاساژەکەدا گرتبوو، بەڵام باس لەوەدەکرێت لەماوەکانی رابردودا لە رێگەی بەرتیلی زۆرەوە بنەماڵەی روزچەنگ سەرلەنوێ پاشاژەکەیان کڕیوەتەوە و لە رێگەی کۆمەڵێک کەسی شەڕانگێز و چەقۆکێشەوە گوشاریان خستووەتە سەر دوکاندارانی پاساژەکەوە، بۆ ئەوەی کرێی مانگانە لە دوو ملیۆن تمەنەوە بکەنە ١٨ ملیۆن تمەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرە یاسا ناکرێت موڵکێک کە دەستی بەسەردا گیراوە، دووبارە لەلایەن هەمان کەسەوە بکڕدرێتەوە.

کرێی مانگانەی ١٨ ملیۆن تمەن بۆ دوکانداران کرێیەکی یەکجار زۆرە و توانای ئەو کرێیەیان نییە، هەربۆیە دەستیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین کردووە.

دوکانداران ژمارەیان نزیکەی ١٨٠ کەسە و سکاڵایان بەرزکردووەتەوە، بەڵام سەرباری ئەو گوشارانە و هەروەها هەڕەشەی کەسانی شەڕانگێزی سەر بە بنەماڵەی روزچەنگ دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان رایانگەیاندووە، دەستوەردان لەو دۆسیەدا ناکەن.

بە وتەی دوکانداران ئەمرۆ شەڕانگێز و چەقۆکێشە بەکرێگیراوەکانی بنەماڵەی روزچەنگ بە چەقۆ و قەمە هێرشیان کردووەتە سەر پاساژەکە و بە زەبری هێز دایانخستووە و دوکاندارە نانبڕاو بێکار کراوەکانیش لەبەردەم پاساژەکەدا مانیان گرتووە.

دوکاندارەکان رایانگەیاندووە، کە تا یەکلابوونەوەی دۆسیەکەیان بە ئەنجام گەیشتنی سکاڵاکەیان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن و سکاڵاکەیان دەبەنە تاران.

بەهۆی هەڕەشەکانی بنەماڵەی روزچەنگەوە هیچ میدیا و دەزگایەکی راگەیاندنی خۆجێی ئامادەنەبووە هەواڵی مانگرتنی ئەو دوکاندارانە رووماڵ بکات.

هـ . ب