بە دیمەن

تاژێ: هاوبەشی لەگەڵ ئەردۆگان قبووڵ ناکەین

تاژێ سەردانی ئەردۆگانی بۆ بەغدا و هەولێر شەرمەزار کرد و گوتی: "پێویستە هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دژی کارەکانی پەدەکە بوەستنەوە".

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە سنونێ دژی سەردانی ئەردۆگانی بۆ بەغدا و هەولێر و هێرشی داگیرکاری بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە و هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزار کرد.

"نابێت عێراق ببێتە هاوبەشی ئەردۆگان"

وتەبێژی تاژێ ڕیهام حەجۆ سەردانەکەی ئەردۆگان و هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای شەرمەزار کرد، هێرشی بۆ سەر گەریلای وەک هێرش بۆ سەر شەنگال نرخاند، گوتی: "فراوانبوونی هێرشەکان لەگەڵ هاتنی ئەردۆگان، مایەی شەرمەزارییە بۆ عێراق".

ڕیهام بانگەوازی لە حکومەتی عێراق کرد تێکەڵی پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەبێت، گوتی: "داوا لە عێراق دەکەین دەست نەخاتە دەستی دەوڵەتی تورک، شەنگال و باشووری کوردستان بەشێکن لە خاکی عێراق. هەموو ئەو شوێنانەی لەژێر هێرشدان بەشێکن لە عێراق. ئەگەر کۆبوونەوە هەبێت، دەبێت لەسەر بناغەی دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی تورک لە خاکی عێراق بێت. دەسپێکردنی هێرشەکان لەگەڵ هاتنی ئەردۆگان، دەریدەخات سەردانەکەی خێری تێدا نییە و ڕێککەوتنێک هەیە".

"پێویستە هێزە سیاسییەکان لە باشوور، دژی کارەکانی پەدەکە بوەستنەوە"

ڕیهام تیشکی ئاماژەی کرد بە سەردانی ئەردۆگان بۆ هەولێر و ڕەخنەی لە ڕووپۆشکردنی قەڵای هەولێر بە ئاڵای دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرد، گوتی: "پێویستە پارتە سیاسییەکان و گەلی باشووری کوردستان دژی ئەم کارانە بێدەنگ نەبێت. پێویستە خەڵکی دهۆک و هەولێر و زاخۆ هەڵوێست دژی پەدەکە و دەوڵەتی تورک نیشان بدەن. باوەڕمان بە گەلەکەمان هەیە. هێرشی سەر پەکەکە واتای هێرشە بۆ سەر هەبوونی کوردان. چونکە پەکەکە هەبوون و ناسنامەی کوردان دەنوێنێتەوە".   

ڕیهام داوای لە حکومەتی باشوور و عێراق کرد لەسەر دەرکردنی بنکە سەربازییەکانی تورک ڕێککەوتن بکەن، جەختی کردەوە بێگومان بەرخۆدان سەردەکەوێت، گوتی: "بێگومان بەرخۆدانمان بەردوام دەبێت و سەردەکەوین. هەرگیز سەر بۆ دوژمن نەوی ناکەین، خاوەنی ئەم خاکەین، ژنانی شەنگال هەرگیز سەریان نەوی نەکردووە، شەنگال بە ڕەنگ و بوێری ژنەوە بەرخۆدان دەکات".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بمرێ خیانەت" کۆتایی هات.