تولای حاتەم ئۆغۆللاری: چارەسەری پرسی کورد، بەهار دەهێنێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری بانگەوازی کرد بۆ "دەستوورێکی دیموکراتیک" و گوتی: "بەهاری ڕاستەقینە و هەمیشەیی، بە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دابینکردنی کار و خۆراک و نان بۆ هەمووان، بەدی دێت".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دانیشتنی تایبەتی ٢٣ ی نیسان لە پەرلەمان، نرخاندنی کرد.  

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند لە کوردستان و فەڵەستین و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەبری دانوستان پەنادەبرێتە بەر توندوتیژی بۆ چارەسەری کێشەکان، ئەمە کوشتنی مناڵانی لێ دەکەوێتەوە، گوتی: "ئێمە کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە کارکردنی مناڵ، کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیری لە تەمەنی بچوک، چەوساندنەوەی مناڵان، بەدیهێنانی ئایندەیەکی گەش بۆ مناڵان".

حاتەم ئۆغۆللاری دووپاتی کردەوە لە سەدەی ڕابردوودا کۆماری تورک دژی هەموو خواستێکی دیموکراتیک وەستاوەتەوە و دیموکراسیخوازانی تاوانبار کردووە. جەختی کردەوە، ڕیشەی سیاسەتی نکۆڵی و حیساب نەکردن بۆ جیاوازییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەستووری ساڵی ١٩٢٤، وە دەستوورەکانی دواتریش نوسخەیەکی خراپتری هەمان دەستوورن، گوتی: "بۆیە ئێستە پێویستی سەرەکی جڤاکی تورکیا، دەستوورێکی دیموکراتیکە".

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند پرسی کورد، پرسی دانپینان و ستاتۆیە و پێویستە لەڕێگەی دانوستانی دیموکراتیک و سیاسەتی ئازاد و بەگوێرەی یاسا جیهانییەکان چارەسەر بکرێت، گوتی: "تاکە ڕێگە بۆ کرانەوەی گوڵەکان و هاتنی بەهارێکی ڕاستەقینە، چارەسەری دیموکراتیکە لەسەر بناغەی دانوستان".

ڕایگەیاند بەرپرسیارێتی پەرلەمانە پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر بکات، تاوەکو تورکیا لە سەدەی نوێدا بەرەو دیموکراسییەت هەنگاو بنێت، جەختی کردەوە دەم پارتی بۆ هەموو شتێک لەم پێناوەدا ئامادەیە، گوتی: "بەهارێکی ڕاستەقینە و هەمیشەیی ئەم وڵاتە بە چارەسەری پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک، کۆتایهێنان بە بێکاری و دابینکردنی زیاتری دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەری دێتەدی".

حاتەم ئۆغۆللاری بانگەوازی کرد هەمووان کاربکەن بۆ ڕزگاربوون لە دەستووری کودەتای ١٢ ی ئەیلول و کارکردن بۆ بونیادنانی کۆمارێکی دیموکراتیک.