دوای زیندانەکانی جۆری ئێفی دەوڵەتی تورک، زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی جۆری ئێس و وای گۆشەگیر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و مافەکانیان زەوت دەکرێن. زیندانەکانی جۆری ئێس کە مۆدێلێکی باڵاترن لە زیندانەکانی جۆری ئێف، بوونەتە شوێنی ئەشکەنجەدان و زەوتکردنی مافەکانی زیندانیانی سیاسی.
لە ئێستادا ٦ زیندانی جۆری ئێس لە تورکیا بوونی ھەیە، کە یەکێکیان زیندانی جۆری ئێسی ماناڤگاتە. زیندانی سیاسی، شیمال دەنیز کە لە زیندانی جۆری ئێسی ماناڤگات ڕاگیراوە، نامەیەکی بۆ پارێزەرەکانی نووسیوە و تێیدا باسی ئەو گوشارانەی کردووە کە زیندانیان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لەسەر گەرماو و تەوالێتەکان کامێرا دانراوە
شیمال دەنیز بۆ پارێزهرانی نووسینگهی یاسایی سهدەی نووسیوە، لە زیندانەکانی جۆری ئێسدا، لە ژوورە 3 کەسییەکاندا، کامێرای نھۆمی خوارەوە لەسەر گەرماو و تەوالێتەکە دانراوە، ئەگەر دەرگای تەوالێتەکە کەمێک کراوە بێت، ناوەوەی بە تەواوەتی دەبینرێت.
دەنیز لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو بارەیەوە داواکاری ئاراستەی وەزارەتی داد و دادگای دەستوری ھەمیشەیی کراوە". وەزارەتی داد وەڵامەکەی نەرێنی بوو، هێشتا دادگای دەستووری ھەمیشەیی وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە و بەنیازین داواکاری پێشکەش بە دەستەی یەکسانی و مافەکانی مرۆڤی تورکیاش بکەین".
"بچوکترین داواکارییان بە کردنەوەی فرۆشگا لە زیندانەکە دەبەسترێتەوە"
دەنیز ھێمای بۆ ئەوەشکردووە، وەڵامی زۆرێک لە داواکاریەکانیان نادرێتەوە، کاتێک داوای پێنووسێکیش دەکەن بە کردنەوەی فرۆشگا لە زیندانەکە دەبەستنەوە. ھەروەھا لەبارەی مامەڵەی کاربەدەستانی زیندان نووسیویەتی: پێمان وایە ئەم شوێنەیان بۆ کارلێکێشانەوە لە مرۆڤەکان دروست کردووە، بە گوێرەی ئەوەی لە پارێزەرەکانمانەوە زانیومانە ئەم شوێنە و جۆری وای بۆ کار لێکێشانەوە لە مرۆڤەکان ئامادەکراوە. بۆ سەرەتاییترین داواکاریەکانمان دەڵێن چاوەڕێ بکەن تا کارگە و فرۆشگاکە دەکرێتەوە، کاتێک کارگەکە کرایەوە ئەو کاتە لەوێ پێتان دەدەین تا بەکاری بھێنن.
ئەو زیندانییە سیاسیە ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەک "زیندانی مەترسیدار" مامەڵەیان لەگەل دەکرێت، ھەر بۆیە کەرەستەی پاککردنەوەیان پێیان نادرێت، جگە لە کاتی دیاریکراو کەرەستەکانی پاککردنەوە لە دەرەوەی درگاکە بەجێدەھێڵرێت.
باسی لەوەشکردووە، تەنانەت لە کاتی دیداریشدا ناتوانن لەگەڵ بنەماڵەکانیان دابنیشن، ناتوانن ئەو کتێبانەیان دەیانەوێت وەریبگرن و ھەندێک کتێبی دیکە بەسەریاندا دەسەپێنرێت و ناڕەزایەتییەکانیان لەوبارەشەوە وەڵام نادرێتەوە.
دەنیز لە نامەکەیدا جەختیکردووەتەوە، "بە کورتی ھاوشێوەی "زیندانییانی مەترسیدار" ھەڵسوکەوتمان لەگەڵدا دەکەن و مافەکانمان زەوت دەکەن، بەڵام ئێمە زیندانی سیاسین و ناونیشانی زیندانییە مەترسیدارەکان کە جۆرێکە لە ھێرش بۆسەر شکۆمەندیمان قبووڵ ناکەین".
ژ.ن