عومەر گونەش: پێویستمان بە پەیماننامەیەکی جڤاکییە
پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر گونەش، لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان کرد و گوتی: "پێویستمان بە دیموکراسی و پەیماننامەیەکی جڤاکییە".
پارێزەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر گونەش، لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە بەشداری لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان کرد و گوتی: "پێویستمان بە دیموکراسی و پەیماننامەیەکی جڤاکییە".
بەناوی نووسینگەی یاسایی سەدەوە، عومەر گونەش بە پەیامێکی ڤیدیۆیی بەشداری لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان کرد، سەرەتا هیوای ئەنجامی ئەرێنی بۆ بەشداربووان خواست، ئاماژەی کرد بە نرخاندنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی پەیماننامەی لۆزان، گوتی: "بەگوێرەی بەڕێز ئۆجالان، گەلی کورد لەنێو یاسا نێودەوڵەتیەکان شوێنێکی نەبووە، مافی تاک بەگوێرەی توێژەکان لێکدراوەتەوە، مافی جڤاک و باوەڕەکان نەبینراوە، ئەمەش قەیرانەکەی ئاڵۆزتر و بێ چارەسەر کردووە. ئەم تیۆرەی لە پەیماننامەی لۆزانەوە دەستیپێکرد، دانپیانانی نێودەوڵەتی بە کۆماری تورکیا فەراهەم کرد و نەخشەیەکی نوێ پێکهات، بەمەش گەلی ئەرمەن و ئاشوری و گەلانی نێو یۆنانی کردە کەمینە، هیچ مافێکیش بە کورد ڕەوا نەبینرا، ئەمەش بەڵگەیە بۆ سڕینەوەی کەلتووری و جڤاکییانەی کورد".
هەروەها گوتی: "پێویستە بەباشی وردبینەوە لە پیلانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی و دەسەڵاتی تورک، دواکەوتنی ڕۆژهەڵاتی ناوین پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە بە سیاسەتی دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە".
ڕوونی کردەوە: "تورک و یەهود، ڕۆڵێکی سەرەکیان هەبووە لە دامەزراندنی کۆماری تورکی، پێکهاتەی مەسیحی هیچ ڕۆڵیان نەبوو، بۆیە بوونە نێچیری دەسەڵاتی تورک و قڕکران".
هەروەها گونەش گوتی: "لەگەڵ سەرەتای ساڵی ١٩٢٠، نەتەوەپەرستەکان بەناوی شەڕی سەربەخۆییەوە پێشکەوتنیان بەدەستهێنا، بۆیە پەیماننامەی سیڤەر و ئەو بەڵێنانەی بە کورد درابوون هەڵوەشانەوە و سیاسەتی تورکاندن و سڕینەوەی ناسنامەی کوردیان دەستپێکرد. ئەم پەیماننامەیە هەڵگری چەندین بەندە، بەڵام هیچی تیا نییە بۆ کوردەکان، تەنها چەند مادەیەکی گشتی زیادکراوە پەیوەست بەوەی، هەموو هاوڵاتیانی تورکیا پارێزراودەبن بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوە و کەلتوور و ناسنامە".
پاشان ئاماژەی کرد بەو ڕۆحە جڤاکییەی لەنێو گەلاندا هەبووە، پێش پەیماننامەی لۆزان، گوتی: "لەنێوان ساڵانی ١٩١٩_١٩٢٢، ڕۆحیەتی هاوبەشی نێوان جڤاک و پێکهاتەکان هەبووە، پەیماننامەی ئاماسیا و کۆنگرەی ئەرزەڕۆم و سێواس، بەڵگەن بۆ ئەم ڕاستییە. ڕەنگێکی دیموکراسی هەبوو، هەموو پێکهاتەیەک دیموکراسییانە دەژیان و کێشەکانیان چارەسەر دەکرد بەگوێرەی پێوەرەکانی خۆیان. پەیماننامەی لۆزان دوایین پەیماننامەی دابەشکردنی کوردستان بوو، هەر کەسێک دژی ئەم پەیماننامەیە وەستایەوە پاکتا و قڕکرا. کۆماری تورک بە کودەتای سەربازی و کاری ناڕەوا بەڕێوەچووە، ئێستەش ئاکەپە هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت و دەیەوێت کوردەکان پاکتاو بکات".
هەروەها، عومەر گونەش گوتی: "من پشتیوانی گەلان و ئازادیخوازان دەکەم و بانگەوازی ئازادی دەکەم، گرێدراوی کەس نیم. لۆزان هەڵدەوەشێنینەوە و پەیماننامەیەکی دیموکراسی بونیاد دەنێین لەسەر بناغەی هاوبەشی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین باوەڕیان پێیەتی. برایەتی کورد و تورک زیندوو دەکەینەوە، ئێمە دژی ناکۆکیین".
لەکۆتایی قسەکانییدا ئاماژەی بەوە کرد، "پەیماننامەی لۆزان، پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە و گەلانی نەکردە بناغە، بەهۆیەوە کۆماری تورک پەیدابوو، ئێمە پێویستمان بە دیموکراسی و پەیماننامەیەکی جڤاکییە، لەڕێگەیەوە هەموو قەیرانە هەڵواسراوەکان چارەسەر دەبن و دیموکراسی لە هەموو جڤاکدا سەروەر دەبێت. ئێستە بناغەیەک بۆ ئەم پەیماننامەیە هەیە، بەڵام پێویستی بە کۆششی بەردەوامە، پێویستە کورد بەباشی ئامادەکاری بۆ بکەن".
کۆنفرانسەکە بەردەوام دەبێت.