ئادەم ئۆزۆن بانگەوازی کرد بۆ کۆنفرانسی یەکێتیی نەتەوەیی

ئەندامی کەنەکە ئادەم ئۆزۆن ڕایگەیاند کورد لەنێو شەڕی جیهانیی سێیەمدایە و گوتی: "پێویستە بڕیاری جدی و گرنگ بدەین، یان لەناودەچین یان شتێک بەدەست دەخەین" و بانگەوازی کرد، پێویستە لەنێو ساڵێکدا کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت.

کۆبوونەوەی سەرەتایی مەجلیسی گشتی کەنەکە

بیست و دووەمین کۆبوونەوەی سەرەتایی جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە وتارەکان بەردەوامە، ئەندامی کەنەکە ئادەم ئۆزۆن ڕایگەیاند شەڕی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەقەومێت و پێویستە هەموو کوردێک ئەمە بزانێت.

"لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سیستەمی نوێ دەئافرێنرێت"

ئادەم ئۆزۆن ڕایگەیاند ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرخەری بونیادنانی سیستەمێکی نوێیە، بەتایبەت تورکیا و ئێران بەپێی ئەم پلانە دەجووڵێنەوە، بەڵام هێزەکان تەڤگەری ئازادی کوردستان وەک کێشەی بەردەمیان دەبینن، گوتی: "بۆیە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆن و هێرش. لەم سەد ساڵەدا شتی نوێ دەقەومێن، بۆیە ناخوازن کورد شتێک بەدەست بهێنێت، ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەم شەڕی غەززە و هەم شەڕی ئێران پەیوەندیدارە بە کوردەوە. ناتوانن وەک پێشووتر مامەڵە بکەین. پێویستە بڕیاری جدی و گرنگ بدەین. یان لەناودەچین، یان شتێک بەدەست دەهێنین".

هەروەها ڕایگەیاند ئەوەی ڕوودەدات شەڕی جیهانیی سێیەمە و نابێت دەسکەوتەکان لەدەست بدەین، پێویستە هەڵوێستەکان بەرامبەر هێزە نەیارەکانی کورد ڕوون بێت و نزیکایەتیی ئەم هێزانە شەرمەزار بکرێت.

"عەبدوڵا ئۆجالان بەهای نەتەوەیی ئێمەیە"

ئادەم ئۆزۆن تیشکی خستەسەر پرسی کەرکوک و شارە کوردییەکان و ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "کەرکوک بۆ ئێمە پرسێکی نەتەوەییە، هەروەها ناوچەکانی تریش بۆ ئێمە پرسی نەتەوەیین. ڕەوشی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئێمە پرسێکی نەتەوەییە. ناتوانین ڕێبەر ئاپۆ وەک سەرۆکی پارتێک و پارچەیەک ببینین. لە مێژووی ئێمەدا، هەموو سەرۆکەکانی کورد کوژراون. ئەگەر ئەمڕۆ شتێک بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا بهێنن، چی بە مێژوو بڵێین؟ بۆ ئەوەی لە جیهاندا شکۆمان پارێزراو بێت، پێویستە هەموو بەهاکانمان بپارێزین".

"بڕیارەکانی لۆزان هەڵدەوەشێنینەوە"

ئادەم ئۆزۆن ڕایگەیاند لە یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزانداین کە تێیدا دەوڵەتان کوردستانیان دابەشکرد، گوتی: "بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەمە تێدەکۆشین. ساڵی پار لە کۆنفرانسی لۆزاندا، بڕیارماندا بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان. لێرەوە دیسان بانگەواز دەکەم، با ئەمساڵ کۆنفرانسەکە ببەستین. کێ دێت و کێ نایەت خۆی دەزانێت. ئەوانەی نایەن، با نەیەن. ئەگەر ئێمە یەکێتی نەتەوەیی خۆمان پێک نەهێنین، کەس بەجدیەتەوە لێمان ناڕوانێت".