یادی سێ شەهیدی بنەماڵەیەک لە بۆن بەرزڕاگیرا

لە شاری بۆنی ئەڵمانیا مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ زین ژیندا کە لەمدواییە لە تەبقا شەهیدبوو، هەروەها شۆڕشگێڕان رزگار و لەتیف کە لە کاتی جیاجیادا شەهیدبوون، سازکرا.

سێ شەهیدی یەک بنەماڵە بە ناوەکانی شەڕڤانی یەپەژە زین ژیندا (بەهیە عەبدولمەجید) لە شاری تەبقا لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا بەهۆی رووداوێکەوە شەهید بوو، رزگار (زەردەشت ئیسماعیل عەبدولمەجید) ساڵی ١٩٨٨ لە بۆتان شەهیدبوو و لەتیف (عەبدولەتیف جیزرە) لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئامەد شەهیدبوو، بە مەراسیمێک لە شاری بۆنی ئەڵمانیا یادیان کرایەوە.

لە یادکردنەوەکەدا کە لە ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کورد لە بۆن بەڕێوەچوو لە کەسایەتی هەرسێ شەهیدەکەدا، بە خولەکێک بێدەنگی رێز لە یادی شەهیدانی ئازادی گیرا.

ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان لە یادکردنەوەکەدا ئامادەبوون. لە مەراسیمەکەدا ٢ ئەندامی بنەماڵەی شەهیدان، نوێنەری دەزگای بنەماڵەی شەهیدان شەنگێ کاهرەمان و نوێنەری بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا زۆزان رۆژئاوا قسەیان کرد و باسیان لە تێکۆشانی ئەو شەهیدانە کرد.

هەر لەمراسیمەکەدا بەڵگە فیلمێک لە بارەی ژیان و تێکۆشانی ئەو سێ شەهیدەوە نمانیش کرا.

هـ . ب