ئەحمەد کاراموس: ئێمە ستاتویەکی فەرمیمان دەوێت

هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، ئەحمەد کاراموس، ئاماژەی کرد بە گرنگی ئەو کۆنفرانسەی هاوکات لەگەڵ یادی سەدساڵەی لۆزان دەبەسترێت، گوتی: "ئێمەی کورد، لە هەر چوارپارچەی کوردستان ستاتویەکی فەرمیمان دەوێت".

چاوپێکەوتنەکانمان پەیوەست بە ئامادەکاری و کارەکان بۆ یادی سەدساڵەی پەیماننامەی لۆزان بەردەوامە، پاش هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە ئەوروپا، یوکسەل کۆچ؛ ئەمجارە هاوسەرۆکی کەنەکە، ئەحمەد کاراموس وەڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە.

چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، کە ٢٤ ی تەمموز واژۆکرا، وەک ئەندامی کەنەکە، لە ٢٢ و ٢٣ تەمموز کۆنفرانس دەبەستن، ئامادەکارییەکانتان گەیشتووە بە چی؟

کارەکانمان کورت نابێتەوە بۆ ئەم کۆنفرانسە، ڕاستییەکەی ئەم کۆنفرانسی دوایینە، چەندین چاوپێکەوتن و دیدار و فۆروم و گفتوگۆ هەبوون، بایەخێکی مەزن دەدەینە ئەم کۆنفرانسە، ناوی دەنێین "کۆنگرەی کوردستان"، ئامانجمان بەشداریکردنی هەموو قەوارە کوردستانییەکانە، بەئومێدین هەموو پارت و ڕێکخراو و دامەزراوە ئایینییە جیاوازەکان و گرووپە ئیتنیەکان و تاکەکان بەشداری کۆنفرانس بن. نزیکەی ساڵ و نیوێکە ئامادەکاری بۆ ئەم کۆنفرانسە دەکەین، تا ئێستا ئەنجامی باشی هەبووە. ئامانجی سەرەکیمان پاراستنی مافی هەموو دامەزراوەکان و پارتە سیاسی و کەسێتییەکانە، کۆششی زۆرمان هەبووە تا لە هەموو بەشە جوگرافییەکانی کوردستان لەم کۆنفرانسە نوێنەریان هەبێت.

ڕاستە بە دەسپێشخەری کەنەکەیە، بەڵام زۆرێک لە پارت و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان بەشداربوون لە ئامادەسازی بۆ کۆنفرانسەکە، ئەو کۆمیتە گەورەیەی لە ١٠ ی حوزەیران پێکهات، کۆبوونەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئامادەسازییەکانی کۆنفرانس کرد، دوایین پلانەکان داڕێژران بۆ کۆنفرانسەکەی ٢٢ و ٢٣ تەمموز و ڕاگەیاندراوی کۆتایی ٢٤ ی تەمموز کە لەبەردەم بارەگای دانوستانەکانی پەیماننامەی لۆزان دەخوێنرێتەوە.

کارەکانمان بەردەوام دەبێت تا کۆنفرانسەکە بەباشی بەڕێوەبچێت و هەر چوار پارچە نوێنەرایەتیان هەبێت، ئامادەسازییە هونەرییەکان تەواو بوون.

لەگەڵ کێدا کۆبوونەوە، کێ بەشداری ئەم خەباتە سەندیکاییە بوو؟

کۆمیتەیەکی هاوبەش پێکهات بەناوی "کۆمیتەی چالاکی یادی سەدساڵەی لۆزان"، ١٥٧بپارت و ڕێکخراوی سیاسی بەشداربوون، هەروەها چەندین نوسەر و هونەرمەند و ئەکادیمی و کەسی سەربەخۆ هەبوون، دووبارە داوامان لە نوێنەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان کرد بەشداربن، ویستمان لەگەڵ هەموو کوردێک کۆبینەوە بۆ بەشداری لە کۆنفرانس.

ئێمە درک بە قورسایی بەرپرسیارێتیەکە دەکەین لە ئامادەسازی بۆ ئەم کۆنفرانسە، بۆیە پلانەکانمان داناوە و ویستمان بیکەین بە کۆنفرانسێکی نەتەوەیی.

بۆچی؟

چونکە لەم کۆنفرانسە دەمانەوێت گوتارێکی نەتەوەیی پەرەپێبدەین دژی پەیماننامەی لۆزان، ویستمان لە هەر چوارپارچەی کوردستان و هەموو جێگەیەک کاربکەین، لەگەڵ هەمووان کۆبوینەوە و بۆچوونمان وەرگرتن، لەگەڵ کەسایەتی چوارپارچەی کوردستان کۆبووینەوە، لەگەڵ ١٧٥ قەوارەی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنی کۆبووینەوە، بە چاوپۆشی لە ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەیان. دووبارە لەگەڵ هەموو سەرکردە و نوێنەری دامەزراوە ئایینییەکان کۆبووینەوە، لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و ئەکادیمی و بزنسمان و تاکەکانی جڤاکی کوردی و هونەرمەند و ڕۆژنامەوان کۆبووینەوە، بەکورتی ویستمان هەموو ڕەنگەکانی کوردستان کۆبکەینەوە لەم کۆنفرانسەدا. بە ئومێدین هەموو لایەنەکانی کوردستان بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن، تا ئێستە نزیکەی ٥٠٠ دامەزراوە و کەسێتی بەشداربوونی خۆیان دووپاتکردۆتەوە.

کام لایەن و دامەزراوە بەشداری نەکرد لە کارەکانی کۆنفرانس، بۆچی بەشداریان نەکرد؟

دەمانەوێت ئایدیای "گەلی کورد نابنە یەک" لەناوببەین کە لە سەرەتای مێژووەوە بەردەوامە، ئەگەر یەک نەگرین ناتوانین یەکێتی نەتەوەیی بنیات بنێین، لە سەدەی بیست و یەک زیانی گەورە دەکەین، هەرچەند ئێمە رێکخەری ئەم کۆنفرانسەین بەڵام زۆر لایەن و دامەزراوەی سیاسی ڕێکخەری سەرەکیین، میوانەکانی کۆنفرانس لە هەموو بەشێکی گەلی کوردەوە هاتوون، دوژمنان هەموو کارێک دەکەن تا یەکێتی نەتەوەیی کورد پێک نەیەت و نەبینە یەک دەنگ، دەیانەوێت ئەم هەوڵە وێران بکەن، ئێمەش هەوڵدەدەین شکست بەم خواستەیان بهێنین.

گرنگی نادەین بە بەرژەوەندی تەسکی گرووپ و پارتێکی سیاسی، ئەمە دۆزی نەتەوەیی گەلەکەمانە لە کوردستان، ئێمە وەک بەرپرسیارێتی و ئەرکی نەتەوەیی سەیری دەکەین، لە یادی سەدساڵەی لۆزان، ئەم پەیماننامەیە ڕەتدەکەینەوە و بەم باوەڕەوە کار دەکەین.

دەمانەوێت نەهامەتی سەد ساڵەی گەلەکەمان بسڕینەوە، بۆیە تا دوا ساتەکان هەوڵ دەدەین هەمووان بەشداربن لەم کۆنفرانسەدا، دەمانەوێت لەم سەدەیە دانپیانان هەبێت بە ناسنامە و ستاتوی گەلی کورددا.

بۆیە دەڵێین، بۆچی ئەم پارتە بەشدار نابێت، تا دوا ڕۆژەکان هەوڵی ئامادەبوونیان دەدەین، دەمانەوێت لەڕێگەی ئاژانسەکەتانەوە، بانگی هەموو تاک و دامەزراوە و پارتێک بکەین، بۆ بەشداربوون لەم کۆنفرانسە، دەرگای کۆنفرانس کراوەیە لەبەردەم هەموو کەسێکدا کە خوازیاری یەکبوونە و دژی لۆزانە.

ئامانجی ئەم کۆنفرانسە چییە؟

ئێمە تەنها قسە و نرخاندن ناکەین. لەگەڵ پەیماننامەی قەسری شیرینن، کوردستان دابەشکرا بۆ دوو بەش، سایک بیکۆ بووە بناغەیەک بۆ لۆزان، ڕەوایەتی دایە چوار داگیرکەرەکەی کوردستان، کاتێک پەیماننامەکە واژۆکرا، دەوڵەت لە عێراق و سوریا نەبوون، بەریتانییەکان لە عێراق و فەرەنسییەکان لە سوریا بوون، لۆزان بووە مایەی نەهامەتی بەردەوام و کۆمەڵکوژی و قڕکردن و ئاوارەکردن و گۆرانی دیمۆگرافی دژی گەلی کورد، بۆیە لۆزان پەڕەیەکی ڕەشە لە مێژوودا، دەوڵەتانی پارێزەری لۆزان بەرپرسیارن لە ١٠٠ ساڵی کۆمەڵکوژی و قڕکردن و ئاوارەکردن، ئەوان نکۆڵی دەکەن ناسنامە و کەلتوور و مێژوو و هەبوونی گەلی کورد، بۆیە دەمانەوێت ئەمە بۆ جڤاک ڕوون بکەینەوە و تیشک بخەینە سەر داخوازی هاوبەشی نەتەوەی کورد.

کاتێک سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان تێدەپەڕێنین و پێ دەنێینە سەدەیەکی نوێ، گەلی کورد دەبێت چ بکات؟

بە فێڵ و تەڵەکە دەوڵەتی تورک وای پیشاندا، کوردەکان خاوەنی نوێنەرن لە لۆزاندا، بەڵام ئەمانە کرێگرتەی دەوڵەت بوون، لە پەیماننامەی لۆزاندا، گەلی کورد ماف و ستاتو و ناسنامەی نییە، هەرگیز بەم پەیماننامەیە ڕازی نەبووە، دژی وەستانەوە و سەرهەڵدان و شەڕیان کرد، کوردەکان داوای شوناسی نەتەوەیی و ستاتو دەکەن، هەرگیز ئەم پەیماننامەیە قبووڵ ناکەن.

لەم کۆنفرانسەدا، کوردەکان هەڵوێست وەردەگرن دژی قڕکردن و کۆمەڵکوژی سەد ساڵە لە کوردستان، ئێمەی کورد دەمانەوێت دانپیان هەبێت بە هەبوون و ناسنامە و زمانمان لە چوارپارچەی کوردستان، دەرفەتێک بۆ کورد هاتۆتە پێش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لای گەلانی جیهان قبووڵ دەکرێت، نابێت ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەست بدەین.

پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەیی گرنگە، دەبێت ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد پێک بێت، دەتوانین ڕێگە و شێوازی سیاسی دژی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپی و کۆمکاری عەرەبی پێکبهێنین، ئەم کۆنفرانسە گرنگە بۆ پەرەپێدانی گوتارێکی هاوبەش و یەکدەنگی هەموو قەوارە سیاسییەکانی کوردستان.

 

درێژەی هەیە...