ئەکادیمیستەکانی کورد و عەرەب: ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێگەی ژنی گۆڕی و کردی بە کلیلی ژیانی

ئەکادیمیستەکانی کورد و عەرەب داوایانکرد ٤ی نیسان ببێتە ڕۆژی جیهانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتییان: "ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێگەی ژنی گۆڕی و ژنی کرد بە کلیلی کردنەوەی ژیان. هیوامان وایە لە ماوەیەکی نزیکدا ئازادبێت."

دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و ئەکادیمیای زانستی جڤاکی عەبدوڵا ئۆجالان بە بۆنەی ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە و لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی نێونەتەوەی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"دا بە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دیدار و سیمینارێکیان (زووم سەمپۆزیووم) ئەنجامدا، پەیوەست بەم مژارە.

ڕاگری پێشووی فاڵەکەتی هونەری زانکۆیی دامانهۆوری میسر پرۆفیسۆر. د. محەد رفعەت ئەل ئیمام، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ و ئەندامی زانستی جڤاکی عەبدوڵا ئۆجالان شەڕڤان موسلیم، ڕێکخەری دەستپێشخەری عەرەبی بۆی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان د. ئیلهام ئەل مەلیغی و ژمارەیەک لە ئەکادیمیستیانی عەرەب و کورد بەشداری سەمپۆزیوومەکە بوون.

هەروەها یەکێک لە پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مەزڵوم دینچ بەشداری سەمپزیوومەکە بوو و زانیاری لەسەر ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد دا. پارێزەر دینچ باسی لەوەکرد ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ماوەی ٢٦ساڵە لە دورگەی ئیمراڵی لە ژێر گۆشەگیرییەکی سەختدایە و وتی: "١٢ساڵی سەرەتا ڕێگە بە دیداری پارێزەران دەدرا، بەڵام وا بۆ ماوەی ١٤ساڵە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەدیداری پارێزەران نادرێت. هەروەها لەم ٨ ساڵەی کۆتایشدا ڕێگەیی چاوپێکەوتنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بە بنەماڵەی نادرێت. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیارییەک لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست نەهێنراوە."

ڕەوشی تیابووی ڕێبەر ئۆجالان لە ڕەوشی ماندێلا سەختترە

هەروەها دینچ ئاماژەی بە هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤکرد و وتی: "دامەزراوە یاساییەکان پێشنیاری چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان کردوە، بەڵام تورکیا ئەم پێشنیارانە ڕەتدەکاتەوە. ئەو ڕەوشەی کە عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە لە ڕەوشی ماندێلا سەختترە. ئەو هێزانەی پشتیوانی تورکیان، لە کاریگەرەییەکانی فکری عەبدوڵا ئۆجالان دەترسن. بۆیە بە هەموو شێوەیەک گۆشەگیری بەردەوامە."

'عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەختێکە'

شارەزای سیاسی د. تەها عەلی باسی لەوەکرد ڕامانەکانی عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری لەسەر جیهان کردو و ئاماژەی بەوەدا: "بێگومان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین زانا دەرکەوتوون، لە هەمانکاتدا چەندین کەس لە مژاری ئازادیدا تێکۆشیوون، بەڵام لە ڕاستیدا بوونی عەبدوڵا ئۆجالان شانس و بەختێکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان خۆی سپاردووە بە میتۆدی میتۆلۆژیا، لەو ڕێگەیەوە دەگات بە حەقیقەت و ڕاستینەیی مێیژووی جڤاکی دەردەخات. هەروەها جەوهەری بوونەوەی جڤاک و ئازادی ژن لە ڕامانەکانی ڕێبەر ئۆجالاندا بەشێوەیەکە کە بۆ زۆرێک لە فەیلەسوفانیش بووە بە میتۆدێک."

'لەو هیوایەداین کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ماوەیەکی نزیکدا ئازاد ببێت'

ڕێکخەری دەستپێشخەری عەرەبی بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالان و نووسەری میسری ئیلهام ئەل مەلیغی ئاماژەی بە تێكۆشانی گەلانی ئازاد کرد بۆ لابردنی گۆشەگیری و وتی: "سیاسەتمەدار، بیرمەندی، مافناس و پسپۆرانیش بۆئەوەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بگەیەنن بە هەموو کۆمەڵگای عەرەبی لە کار و خەباتدان. بۆ ئازادی رێبەر ئۆجالان تێکۆشانێکی مەزن دەکرێت. لە ناو پێکهاتەکانی عەرەبدا خواستی ئازادی ڕێبەر ئۆجالان و شکاندی گۆشەگیری هەتابێت زیاتر دەبێت. هیوامان وایە لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێبەر ئۆجالان ئازاد ببێت."

هەروەها ئیلهام ئەل مەلیغی ئاماژەی بەوەکرد دەستپێشخەری عەرەبی لە ماوەیەکی نزیکدا لە فکری عەبدوڵا ئۆجالان لە میسر کتێبێک بڵاودەکاتەوە

'ژنی کرد بە کلیلی ژیانی'

د. سەحەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ڕامانێکی مەزنی تێدا دروستکردوە و وتی: "ئازادی ژنی گرێدا بە ئازادی کۆمەڵگاوە. پێگەی ژنی گۆڕیی و کردی بە کلیلی ژیانی. ژنی کورد بە درێژای مێژوو لە تێکۆشاندا بووە بەرامبەر بە زۆرداری. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری پرسگیریی جڤاکی دەستنیشان کرد، بەوەی ئازادی کۆمەڵگای گرێدراوەی ئازادی ژن کرد. ئەمەش دەبێتە هۆکاری پێشکەوتن و هیز دەدات بە کۆمەڵگا. کاتێک پەکەکە دامەزرا بەهەزارن ژن بەشداربوون، قۆناغێکی نوێیان دامەزراند و وێنەیەکی نوێیان بەخشیە ژن، لە ژنی کلاسیکەوە وەرچەرخان بۆ ژنی ئازاد. پێگەی ژن وەک مژاری ڕزگاری نەتەوەی دانرا."

هەر لە سیمینارەکەدا د. محمەد رفعەت باسی لەوەکرد ماندێلا لە ئەفریقایی باشور لە دژی نەژادپەرستی خەباتی کرد و عەبدوڵا ئۆجالانیش لەدژی سیاسەتی نەژادپەرستی تورک تێدەکۆشێت.

هەرەوەها د. محمەد ڕفعەت ئاماژەی بەوەدا، خواستمانە ٤ی نیسان ببێتە رۆژی جیهانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان.

پرۆرفیسۆر. د. سیفان سەید: ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەی لەسەر ملیۆنان ئازدی خواز دروستکردووە

مامۆستای زانکۆی شان شی لە چین، پرۆفیسۆر سیفان سەید کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئاماژەی بەوەدا ماوەی ٢٥ ساڵە عەبدوڵا ئۆجالان لە گۆشەگیری ئیمراڵیدا ڕۆژانێکی زۆر سەخت بەڕێوەدەبات و وتی: "ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە تێکۆشان و فەلسەفەکەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای گۆڕی. فکر و ڕوانینەکانی کاریگەری لە سەر گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستکردووە. لە هەمانکتدا ڕوانینەکانی کاریگەری لەسەر ملیۆنان ئازادی خۆازکرد و کە بۆ مافەکانیان تێدەکۆشن. دەرەنجامەکانی تێکۆشانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگەی جیاوازی تێکۆشانی لە دژی نادادی و چەوساندەوە کردەوە. لە ئێستادا جیاوازی لە نێوان کەسانی ئازادیخواز و ئەو کەسانەدا دەبینین کە خواستیانە لە ژێر زوڵم و زۆریدا بژین.

ڕیبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆڵی هەبووە بۆ گۆڕینی عەقڵیەتی کۆن و دروستکردنی کەسایەتییەکی نوێ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئازاد بن. کەس ناتوانێت ئینکاری ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییە گەورانە بکات، بەتایبەتی لەنێو ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. 

هەروەها د. ئەحمەد ئەنبیو لە بارەی ڕەخنەکانی ڕێبەری ئۆجالانەوە لە سەر دەوڵەت-نەتەوە و گرنگی ئەم ڕەخنانە قسەیکرد و وتی: "ئەو کارەساتانەی لەمرۆدا دەیانبینین بەرهەمی دەوڵەت-نەتەوەیە، کە نوێنەرایەتی سەرمایەداری دەکات. عەبدوڵا ئۆجالان بە پێشکەشکردنی نەتەوەی دیموکراتیک هەنگاوێکی گەورەی لە تێگە و ڕەفتارەکاندا ناوە."

هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ شەڕڤان موسلم لەسەر گرنگی ڕامانەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ژیانی گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە کرد و وتی: "لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ پێکهێنانی تێکۆشانێک لە کارداین تاکو کلتورێکی هاوبەش و ڕێزگرتن دامەزرێنین. وەک ئەکادیمیای عەبدوڵا ئۆجالان لە گەڵ چەندین دەزگادا بۆ دامەزراندی فکر و زهنیەتی مرۆڤی دیموکراتیک خەبات دەکەین."

لە باشوری کوردستانیش د. حیکمەت عەبدولکەریم لەسەر چەمکی ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پێویستی بوونی ئازادی جڤاکی ڕاوەستەیکرد و هەروەها باسی لە پێوانە ئەخلاقیەکانی ناو فکر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کرد. ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هەموو کەس و کۆمەڵگایەک بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرامبەر کەسانی تر و خۆیشی بەجێگەیەنێت، تاکو لە نێوان گەلاندا و بەتایبەت گەلانێک کە لە ژێر گوشاردان، بگەین بە یەکێتی و یەکگرتووی.

پارێزەر د. ئەحمەد رەجەب سەرنجی خستەسەر رەوشی گۆشەگیری کە هەموو یاساکان پێشیل دەکات و ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هەموو لایەک لە دروستکردنی گوشاردابن بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک رێگە بە چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەران بدات.

هەروەها د. ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا وەک ئەندامێکی یەکێتی نوسینگەی عەرەبی بە دەستپێشخەری خۆم بە شێوەیەکی فەرمی لە هەموو گۆرەپانە یاسایەکانی عەرەبیدا لەکارکردندا دەبم و نوێنەرایەتی فکر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات.