ئەمریکا ٢٥٠٠ سەرباز ڕەوانەی عێراق و سوریا دەکات

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی "سێڤن نیوز"ی ئەمریکی، ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە تیمی چیایی دەیەم بە ڕێگەوەن بۆ بڵاوبوونەوە لە عێراق و سوریا، پاش ئەوەی لە سەربازگەی فۆرت درۆمی ئەمریکی ئاهەنگی ماڵئاواییان بۆ سازدرا.

بە قسەی فەرماندەی تیمەکە، ژەنراڵ مات برامان: "ئەم بڵاوبوونەوەیە گرنگ بۆ سەربازان و سوپای ئەمریکا و تیمی چیایی دەیەم، چونکە دیسانەوە بانگهێشتکراوین بۆ پێشەنگایەتی و سەرکەوتن".

هەروەها گوتی: "ئەم سەربازانە ٩ مانگی ئایندە لە عێراق و سوریا بەسەردەبەن لەمیانی ئۆپەراسیۆنی "پێداگری پتەو"ی هاوپەیمانی ئەمریکی لە هەرێمەکە، ئەوان بەباشی مەشقیان پێ کراوە و پێشتر لە عێراق و سوریا بوون".

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە: "ڕەنگە ئەم سەربازانە بچنە جێگەی ئەو هێزانەی ئێستە لەوێن، بڕیارە لە بنکەکانی تەنەفی سوری و عەین ئەسەدی عێراق و چەند شوێنێکی تر بڵاوبکرێنەوە".

ژەنراڵ برامان، ئاماژەی بەوە کرد: "سەربازەکان لە باکوری ئەمریکا مەشقیان پێکراوە، گواستنەوەیان پێویست بە هیچ نیگەرانییەک ناکات، پێویستە جەخت لە ئەرکەکانیان بکەنەوە و کاتی بڕیارداو بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".