ئەمریکا رێگە دەدات عێراق قەرزەکانی گاز و کارەبا بە ئێران بداتەوە

لە هەنگاوێکدا کە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێگە بە ئێران دەدات پارەی ئەو گاز و کارەبایەی بۆ عێراق هەناردەی کردووە، لە حکومەتی عێراق وەریبگرێتەوە.

دوێنێ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە سەرەڕای سزاکانی بۆسەر ئێران، رێگە بە ئێران دەدەن سەدان ملیۆن دۆلاری قەرزی گاز و کارەبا لە عێراق وەربگرێتەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، ماتیۆ میلەر ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە عێراق پارەکەی دەخاتە هەژمارێکی بانکەوە کە لە لایەن ووڵاتی عومانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئێران دەتوانێت بە هەندێ مەرجەوە، ئەو پارەیە بەکاربێنێت.

هەروەها لەلای خۆیانەوە ئێران هەر لە رۆژی دووشەممە، لە ڕیگەی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندبوو کە عومان و قەتەر رازیبوونە، سەرپەرشتی و کارگێڕیی گواستنەوەی پارەکە لە ئەستۆ بگرن.

ئەو ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ووتووشیەتی: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە عومان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بەشێکی ئەو پارانە وەربگرێت. ئێمەش پێمانوایە ئەوە هەنگاوێکی گرنگە."

ماتیۆ میلەر ڕاشیگەیاندووە"گرنگە کە ئەو پارەیە لە عێراق ببردرێتە دەرەوە، چونکە بووەتە بە سەرچاوەیەکی هەژموون کە ئێران لە دژی دراوسێکەی بەکاریدێنێت."

لە بارەی کۆتوبەندی سەر هەژمارە بانکییەکە، میلەر روونیکردەوە کە پارەکە تەنیا بۆ ئەو "چالاکیانە بەکاردەهێنرێت کە سزایان لەسەر نییە، وەک یارمەتیی مرۆیی" هەروەها گواستنەوەی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەژمارەکە یان لە هەژمارەکەوە، پێویستی بە گڵۆپی سەوزی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەیە.

جێگای باسە، عێراق بۆ کارپیکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، پشت بە گازی ئێران دەبەستێت، هەر مانگی رابردوو عێراق ٢ ملیار و ٧٠٠ ملێۆن دۆلار قەرزی گاز و کارەبای ئێرانی دایەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی محەممەد سادق باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ڕایگەیاندووە کە "عێراق ١١ ملیار دۆلار لە پارەی گاز قەرزاری ئێرانە".