ئەنگین سەڤەر: سی پی تی چی دەشارێتەوە؟

هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە ئەنگین سەڤەر سەبارەت بە چالاکی ١٥ی نیسان کە بڕیارە لە ستراسبورگ لەبەردەم سی پی تی و ئەنجومەنی ئەوروپا ئەنجامبدرێت، وتی: "ماوەی سێ ساڵ زانیاریمان لە رێبەر ئاپۆ نییە. ئێمە لەوێ دەپرسین: سی پی تی چی لە کوردان دەشارێتەوە؟".

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستیپێکرابوو، بە نەورۆزی ٢٠٢٤ ئەو هەڵمەتە پێینایە قۆناغی دووەم. لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی هەڵمەتەکە کە لە لایەن دۆستانی گەلی کورد، سیاسەتمەداران، رۆشنبیران، نوسەران، ئەکادیمیستەکان و مافناسانەوە دەستیپێکرا، بە بەشداری ٣ هەزار کەس بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری لەبەر ئەنجومەنی ئەوروپا  و سی پی تیچالاکی دانیشتن سازدەکرێت.

سی پی تی رایگەیاندبوو، کە لە مانگی کانونی دووەمدا چووەتە تورکیا بەڵام نەچووەتە زیندانی ئیمراڵی. بۆیەش چالاکیەکە لەبەردەم سی پی تی گرنگی زۆری هەیە.

هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە ئەنگین سەڤەر لەبارەی ئامانجەکانی چالاکیەکەیان، ژمارە و پرۆفایلی بەشداربووان و پەیامی چالاکیەکە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

کەجەدەکە-ئە تا چ ئاستێک لە رێکخستنی ئەم چالاکیەدا بەشداربووە؟ دەتوانن هەندێک باس لە ئامادەکارییە رێکخستنیەکان بکەن؟ کێن ئەوانەی تیایدا بەشدار دەبن؟

ئێمە رۆژی دووشەممە لە بەردەم ئەنجومەنی ئەوروپا چالاکی ناڕەزایەتی ساز دەکەین. نزیکەی ٣ هەزار کەو بەشدار دەبن. ئێستا هەموو پلانسازی و ئامادەکاری تەکنیکیمان روو لە کۆتایین. لە زۆر ناوەندی گرنگی ئەوروپاوە چالاکوانان بەشداری لەم چالاکیەدا دەکەن، بە دڵنیاییەوە هەموویان کورد نین؛ هەڤاڵانمان، سیاسەتمەداران، نوسەران، چالاکوانانی سەندیکایی، پزیشک، ئەو پارێزەرانەی لەپێناو ئازادی رێبەر عەبدووڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورددا لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیان بە هەڵمەتەکە کرد، هەموویان لەوێ دەبن. هەروەها پارێزەرانی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیش لەوێ بەشدار دەبن. ئەو گۆشەگیریەی ٢٥ ساڵە پەیڕەو دەکرێت و ٣ ساڵیشە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لە رێبەر ئاپۆ وەرناگیرێت، رێگرییەکانی بەردەم دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران، لەوێ دەخرێنەڕوو.

کەواتە فیدراسیۆنەکانی سەر بە کەجەدەکە-ئە لە وڵاتان و هەرێمەکان بەشدار دەبن؟

هەموو نوێنەرانی رێکخراوەکان و سیاسەتمەدارانمان، بەشدار دەبن و پەیامیان دەبێت. وەک دەزانرێت رێبەر ئاپۆ لە دژی سیستمی گۆشەگیری کە ٢٥ ساڵە بێ وەستان بەردەوامە، بەرخودانێکی گەورە دەکات. ئەو بەرخودان ئیتر بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ جموجۆڵ و چالاکیەکی گەردونی. دەوڵەتی تورکی فاشیست لە بەرامبەر ئەو بەرخودانە شکستی هێناوە. سەرکەوتنی گەورەی گەلی کورد لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئاداردا راستەوخۆ رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی بەرەو رووخان برد. بەڵام دەوڵەتانی ئەوروپا کە دەیانەوێت ئەو داڕوخانە بە زیندوویی رابگرن، دەیانەوێت سیستمی بەرژەوەندی و هاوکاری خۆیان بێ پسانەوە درێژە پێبدەن.

سی پی تی رایگەیاند کە لە مانگی کانونی دووەمدا سەردانی تورکیایان کردووە، بەڵام نەچوونە ئیمراڵی. لەبارەی سەردانی پێشووشیان بۆ ئیمراڵی راپۆرتی خۆیان ئاشکرا نەکردبوو. ئەوە چ کێشەیەک دەخوڵقێنێت؟

هەڵبەت سی پی تی سەر بە ئەنجومەنی ئەوروپا بەردەوامە لە بێدەنگی خۆی. گەلی کورد لەوێ پەیامێکی روونی پێدەدات. لە راستیدا دەبێت ئێمە لەوێ بپرسین سی پی تی جی لە کوردان دەشارێتەوە؟ لە ئیمراڵی چی روودەدات؟ دۆخی رێبەر ئاپۆ چۆنە؟ دەبێت ئەو پرسانە و زۆر پرسیاری دیکە بکەین و لەوەشدا پێداگری بکەن. هەموو ئەو گۆڕەپانانەی تیایداین دەگۆڕین بۆ گۆڕەپانی چالاکی. ئەو رۆژە تەنیا لەبەردەم سی پی تی خۆپیشاندان ئەنجام نادرێت، بە شێویەەکی هاوکات لە وڵاتانی وەک کەنەدا، ئوستراڵیا، ژاپۆن، قوبرس و یۆنان چالاکی ئەنجام دەدرێن.

ئێمە لە دیدارەکاندا ئەوە دەخەینەڕوو، کە دەبێت دەستبەجێ ئێمە زانیاری لە بارەی رێبەر ئاپۆوە بەدەستبهێنین، گۆشەگیری بشکێندرێت و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠٢٤ مسۆگەر بکرێت. لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە هەموو ئەو گۆڕەپانانەی تیایداین دەگۆرین بۆ گۆڕەپانی ئازادی رێبەر ئاپۆ، ساڵی ٢٠٢٤ وەک ساڵی ئازادی رێبەر ئاپۆ رادەگەیەنین، رۆحی نەورۆز و رۆحی رێپێوانی ١٧ی شوبات لە ئەوروپای ناوەڕاست نیشان دەدەین.

لە کۆتاییدا بانگەوازتان بۆ ئەم چالاکییە هەیە؟

لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە لە حەوت تا حەفتا ساڵ لە سەر بنەمای پشتیوانی لە رێبەر ئاپۆ لە ستراسبورگ پێشوازی لەگەلەکەمان دەکەین. بۆ ئازادی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بۆ ئەوەی ببێتە چالاکی لوتکەی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی چارەسەری پرسی کورد، ئێمە هەوڵی گەورە دەخەینەگەڕ.

دەبێت بۆ رای گشتی ئەو پەیوەندییە چەپەڵانە و ئەو سیاسەتی بە تاوانبارنیشاندانەی کورد، کە لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە پەرەی پێدەدرێت، ئاشکرا بکەین. لەسەر ئەو بنەمای داوا لە هەمووان دەکەین کە بەشداری لە چالاکیەکەی ستراسبورگدا بکەن.

هـ. ب