ئەنجومەنی گەنجانی پارتی چەپی سەوز بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ سەردەمی نوێ لە ئەنقەرە کۆبووەوە. ئەنجومەنی گەنجان بەر لە کۆبوونەوەکە دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی راگەیاند. ئەندامی ئەنجومەنی گەنجان سەنەم ئەریش راگەیەندراوەکەی خوێندەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە سەردەمێکداین کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ژینگە و سروشت تاڵان دەکرێن، ئیرادەی گەنجان و گەل لەلایەن قەیوومەکانەوە زەوت دەکرێت، هێرشەکانی سەر ژنان و دەستکەوتەکانی ژنان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن، کرێکاران دەچەوسێندرێنەوە، پێشێلکاری مافەکانی زیادی کردووە و شەڕ قووڵتر بووەتەوە".
گۆشەگیری لە ئیمراڵی
لە راگەیەندراوەکەدا بەم جۆرە باس لە پرسی گۆشەگیری کراوە: "هەموو سیاسەتەکانی دەسەڵات سیاسەتی دژە گەلن. گەورەترین سیاسەت کە دەسەڵات لە دژی گەل بەرێوەی دەبات سیاسەتی شەڕە. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە دەرەوەی وڵات و لە ناوەوە لە دژی گەلی کورد لە ناو شەڕێکی بێ پسانەوەدایە. بناغە و سەرچاوەی کێشە لە هەژمار نەهاتووەکانی ئەمڕۆ ئەو شەڕەیە کە لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت. لە بنەڕەتدا سیاسەتی گۆشەگیری بێ پسانەوە لە ئیمراڵی درێژەی پێدەدرێت. گۆشەگیری رەها لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانن شەڕی لێدەکەوێتەوە، شەڕیس هەژاری و کەمدەرامەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەبەر ئەوەش ئەوەی لە ئیمراڵی لە گۆشەگیریدا راگیراوە گەلی تورکیایە نەک عەبدوڵا ئۆجالان. هەوڵ دەدرێت لە ئیمراڵی هەناسەی تەواوی کۆمەڵگای تورکیا ببڕدرێت. ئێمە جارێکی دیکە رایدەگەیەنین کە ئەم سیاسەتەی گۆشەگیری کە لە کەسیەتی رێبەری گەلی کورد لەسەر هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو دەکرێت قەبوڵ ناکەین و لە پێناو ئازادی گەلان ئێمە رێکخستنەکانمان بەرفراوان دەکەین و گۆشەگیری تێکدەشکێنین".
سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت
دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە کاتێک دەیەوێت کۆمەڵگا لە رێگەی چەوساندنەوەوە سەرکوت بکات، بە سیاسەتی شەڕی تایبەت هەوڵ دەدات کە گەنجان لە رۆڵی مێژووییان دووربخاتەوە. ئەمرۆ شەری تایبەتی لە دژی گەنجان بە شێوەیەکی قووڵ، تووند و سیستماتیک بەڕێوەدەبرێت. بەتایبەتی گەنجانی کورد، لە رێگەی وەرزش، هونەر، زنجیرە درامای کەناڵە تەلەڤزیۆنیەکان، هەواڵ و هتد.. بیردۆزی خۆی لەناو گەنجانی تورکیادا بڵاو دەکاتەوە. لەماوەی ١٠-١٥ ساڵی رابردوودا بەگشتی ئەو زنجیرە درامایانە پەخش دەکرێنەوە کە پۆلیس، سەرباز، مافیا و بنەماڵەی نەتەوە-دەوڵەتەکان بە پیرۆز نیشان دەدەن. هەوڵ دەدرێت قارەمانێتی ساختە، داگیرکەری، تاڵانکاری و هتد لە بەر جوان بکەن. بەو رێبازانە دەیانەوێت گەنجان بکەنە نۆکەری ئەو سیستمە. مەترسیدارترین لایەنی ئەم شەڕەش بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشیە. بۆ ئەوەی مێسکی گەنجان بشێوێنن و لە سیاسەت دووریان بخەنەوە، بە ئەنقەست ئەوانە بڵاودەکەنەوە. دەستدرێژی و گێچەڵ لە دژی ژنانی گەنج لە سەر دەستی ئەو کەسانەی لەبەرگی فەرمی و سەربازیدان ئەنجام دەدرێت. روداوەکانی گوڵستان دۆکو و ئیپەک ئەر بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەت لە کوردستان. وەک گەنجان ئێمە لە دژی ئەوە بێدەنگ نابین. لە دژی ئەوانە دەوەستینەوە کە مادەی هۆشبەر و بێڕەوشتی و لەشفرۆشی لە ناو گەلەکەماندا بڵاودەکەنەوە.
'ئەم سیستمە دەگۆڕین'
ئێمە میراتی تێکۆشانی ئازادی کە لە هاوڕێیانمان حەقی، کەمال، مەزڵوم و ئیبراهیمەکانمان وەرگرتووە گەورەتری دەکەین و ئەم سیستمە رەش و تاریکە لەناو دەبەین. ئێمە ئەم سیستمە دەگۆڕین. لێرەوە رایدەگەیەنین کە لە دژی هەموو جۆرە شەڕێکی تایبەت ئێمە کەمپینی 'تێکۆشانی شکۆمەندانە لە دژی شەڕی تایبەت" دەستپێدەکەین. ئێمە تێکۆشانی خۆمان لەم سەردەمەدا بەگوڕتر دەکەین. وەک ئەنجومەنی گەنجان ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانی چەپ، سۆسیالیست و شۆڕشگێڕ تێکۆشانمان گەورەتر دەکەین. تا ئەو کاتەی گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کۆتایی پێدەهێنرێت ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرخودان. ئێمە لە دژی ماددەی هۆشبەر، ئەقڵیەتی نێرسالار، تاڵانکردنی ئیکۆلۆژی، تواندنەوەی کولتوری و هەموو چەشنە بیردۆزیەک کە گەنجان لە ریشەی خۆیان دووردەخەنەوە، دەوەستینەوە. هەربۆیە داوا لە هەموو گەنجان دەکەین کە لە چوارچێوەی کەمپینەکەمان لە دژی شەڕی تایبەت، گوڕ بە بەرخودان بدەن، زیاتر و باشتر خۆیان رێکبخەن و بەشداربن لە تێکۆشان".
هـ . ب