بە دیمەن

لە لەندەن و مانچێستەر بۆ کۆبانێ چالاکی ئەنجامدرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە لەندەن و مانچێستەر کۆبوونەوە، ١٠ هەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێیان لەدەستی چەتەکانی داعش پیرۆز کرد و پشتگیریان لە بەرخۆدانی تشرین کرد.

کوردستانی و دۆستەکانیان بە پێشەنگایەتی ئەنجوومەنی گەلی کوردی لەندەن و ئەنجوومەنی ژنانی ژیان لەبەردەم بینای (BBC) کۆبوونەوە و ١٠ هەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێیان لەدەستی چەتەکانی داعش پیرۆز کرد و پشتگیریان لە بەرخۆدانی تشرین کرد.

جەماوەر درووشم و وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و ئاڵای یەپەگە و یەپەژەیان بەرزکردەوە.

لەسەر ناوی ئەنجوومەنی ژنانی ژیان، ڕۆژین سەرحەد ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی کورد ئیسحاق میلانی، لەسەر ناوی کەجەدەکە_ئە میرزا ئامانۆس و لەسەر ناوی ئەنتەرناسیۆنالیستەکان جێرێمی فاولەر قسەیان کرد.

لە قسەکاندا دووپاتکرایەوە، ئێستە کاتی هەڵوێست و سەفەربەرییە، پێکەوە سەردەکەوین.

چالاکییەکە بە چەپڵە و هەلهەلە و درووشم کۆتایی هات.

مانچێستەر

لە شاری مانچێستەری بەریتانیا بەبۆنەی ساڵیادی ڕزگارکردنی کۆبانێ بە درووشمی "ڕۆژئاوا بپارێزە" ڕێپێوان ئەنجامدرا.

کوردستانیان و دۆستەکانیان بە بەرزکردنەوەی درووشم بەشداری ڕێپیوانەکەیان کرد.

داواکرا لە ئاستی نێونەتەوەییەدا هەڵوێست دژی داگیرکاری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشان بدرێت.

لەسەر ناوی ناوەندی کۆمەڵگەی کورد هەڤاڵ ئامارا تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و بەنداوی تشرین، گوتی: "دژی ئەم هێرشانە بەرخۆدان دەکەین. تاوەکو دوورخستنەوەی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکەکەمان بەرخۆدان بەردەوام دەبێت. سڵاو لە بەرخۆدانی قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە دەکەین. بەڵێن دەدەین ئاڵای تێکۆشانیان بە شەکاوەیی بهێڵینەوە".