ئەردۆگان مەرجەکەی ئەسەد بۆ کشانەوە لە سوریا ڕەتدەکاتەوە

ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا ڕەتکردەوە، کە مەرجی حکومەتی دیمەشقە بۆ ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، بەڵام کشانەوەی هێزەکانی لە خاکی سوریا وەک پێشمەرجی کۆبوونەوەکان ڕەتکردەوە و بە مەرجێکی "قبووڵنەکراو" دایە قەڵەم.

پێش سەردانە سێ ڕۆژییەکەی بۆ سعودیە و قەتەر و ئیمارات، ئەردۆگان بە ڕۆژنامەوانانی ئیستەنبوڵی گوت: "تورکیا هەرگیز دەرگای دانەخستووە لەبەردەم گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوری".

هەروەها گوتی "دەتوانین کۆبوونەوەی چوارقۆڵی ببەستین (لەگەڵ سوریا و ڕوسیا و ئێران)، من ئامادەم کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد. گرنگ ڕێبازی ئەوانە بەرامبەرمان".

هەر لەم چوارچێوەیەدا، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەسەد ڕەخنەی لە تورکیا گرت و گوتی: "هەندێک دەوڵەتی دراوسێ ڕاستەوخۆ تێوەگلاون لە پشتیوانی تیرۆر، بە پاساوی پاوانخوازی بێت یان هۆکاری مەزهەبی پاشڤەڕۆ، هەروەها ئاڵنگاری گەورە بریتییە لە دزینی پشکی سوریا و عێراق لە ئاوی دیجلە و فورات، لەگەڵ ئەو برسێتی و تینوێتییەی لەم هەنگاوە کەوتۆتەوە".