لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاریەن تی ڤی ئەسرین قادری چالاکی سیاسی و چالاکی مافەکانی ژنان سەبارەت بە گۆشەگیری رەها لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاماژەی بەوەکرد بە هۆی کاریگەری ئۆجالانەوە بەتەواوەتی پەیوەندییەکانی لە گەڵ جیهانی دەرەوە پچڕێندراوە و وتی: "رەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا زۆر ناسەقامگیر و پشێوە، بۆیە ڕێگە نادەن پەیامێکی نوێ لە بەڕێز ئۆجەلانەوە بگاتە ڕای گشتی".
ئەو چالاکوانە داواشی لە چالاکوانانی سیاسی و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ کرد لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی دەنگی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بگەیەننە جیهان و "پێویستە داوا بکەن فشاری زیاتر بخرێتە سەر حکومەتەکەی ئەردۆغان بۆ ئەوەی کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنێت کە ساڵانێکە بەسەر ئۆجالاندا دەکرێت و بیرکردنەوەکانی قەدەغە دەکرێن. ئەمەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکرێت".
دەقی گفتوگۆکە:
خاتوو ئەسرین قادری، وەک دەزانن بەڕێز ئۆجەلان زیاتر لە ٢٤ ساڵە لە زینداندایە، دوو ساڵە گۆشەگیریی توند بەسەریدا سەپێنراوە، بنەماڵەکەی و پارێزەرانیش مافی ئەوەیان نییە سەردانی بکەن. شیکاریتان چییە لەسەر ئەم بابەتە؟
" وەک ئاماژەت پێکرد بەڕێز ئۆجەلان زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە زینداندایە. ئەم دوو ساڵە کە فشار و زوڵمێکی زۆر لە دژی ئەوان کراوە، بە هەمان ئاڕاستەدان. وەک دەبینین ئێمە شاهیدی گۆڕانکاری زۆرین لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە تورکیا. دەزانین حکومەتەکەی ئەردۆغان ڕۆژانە ڕووبەڕووی گۆشەگیری و شکست دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێم وایە لە ترسی ئەم بابەتە نایانەوێت بەڕێز ئۆجەلان پەیوەندی هەبێت لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەی، بۆ ئەوەی ئاگاداریان نەکەنەوە لە پەیامەکان یان پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە، یان ئەوەی کە پەیامێک بە دەرەوە دەدەن. هۆکاری گوشارەکانی دوو ساڵی ڕابردوو پەیوەندی بەو بابەتانەوە هەیە".
ئایا پێتوایە ئەگەر بتوانن پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە بکەن، کاریگەرییان لەسەر پرس و ڕووداوەکان دەبێت؟
" بەڵێ، وایە. زیاتر لە بیست ساڵە لە زینداندایە و هەمیشە کەسایەتییەکی کاریگەر بووە، بەهۆی کاریگەریی بەڕێز ئۆجەلانەوە ڕێگەی پێنادەن پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی زیندان هەبێت. پڕۆسەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا زۆر ناسەقامگیر و پشێوە، بۆیە ڕێگە نادەن پەیامێکی نوێ لە بەڕێز ئۆجەلانەوە بگاتە ڕای گشتی".
بە ڕوونکردنەوەی ئێوە ئەرکی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ لەم بابەتەدا چییە؟
"من بە شەخسی پێموایە ئەوانەی لە دەرەوەی زیندانن و توانای هاوارکردنیان هەیە، ئەرکیان لەسەر شانە لەگەڵ ئەوانەی ساڵانێک شان بە شانی یەکتر تێکۆشانیان کردووە، دەنگی بەڕێز ئۆجالان بگەیەننە جیهان. پێم وایە ئەو پرسە تایبەتەی ئۆجەلان دەبێ زیاتر لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ببیسترێت. پێویستە داوا بکەن فشاری زیاتر بخرێتە سەر حکومەتەکەی ئەردۆغان بۆ ئەوەی کۆتایی بەو نادادپەروەرییە بهێنێت کە ساڵانێکە بەسەر ئۆجالاندا دەکرێت و بیرکردنەوەکانی قەدەغە دەکرێن. ئەمەش لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکرێت".
هـ . ب