ئەسەد دەوڵەتی تورک بە پشتیوانی تیرۆر تۆمەتبار دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشار ئەسەد و سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شەیاع سودانی لە دیمەشق کۆبوونەوە، پاشان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان بەست.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەسەد ڕایگەیاند عێراق هاوکاریان بووە لە شەڕی بەگژاچوونەوەی تیرۆر.

بەبێ ئەوەی ناوی تورکیا بهێنێت، تۆمەتباری کرد و گوتی: "هەندێک دەوڵەتی دراوسێ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەگلاون لە پشتیوانی تیرۆر، بە پاساوی پاوانخوازی بێت یان هۆکاری مەزهەبی پاشڤەڕۆ. هەروەها ئاڵنگاری گەورە دزینی پشکی سوریا و عێراقە لە ئاوی ڕووباری فورات و ئەو برسێتی و تینوێتییەی لەم هەنگاوەوە دەکەونەوە".

لای خۆیەوە، سودانی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی پشتیوانی سەقامگیری کاردەکات بۆ بوژانەوەی ئابووری سوریا، ئەمەش لە بەرژەوەندی عێراقیشە و نابێت سوریا تەنها بکرێت. هەروەها جەختی کردەوە لەوەی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان دوو وڵاتەکە باشترین ڕێگەچارەیە بۆ بەگژاچوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان، بەتایبەت پرسی تیرۆر و کەمی ئاو.