ئێشکگری دادپەروەری: تا زانیاری لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەرنەگرین، ناوەستین

دایکانی ئاشتی لە ئێشکگری دادپەروەری دووپاتیان کردەوە، تا زانیاری لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەرنەگرن، ناوەستن.

ئێشکگری دادپەروەری

خزمی زیندانیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد درێژە بە ئێشکگری دادپەروەری دەدەن. چالاکییەکە لە شارەکانی مێرسین و ئەزمیر و مێردین و ئێلح بەردەوامە. لە چالاکییەکاندا درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە، دایکان یەلەکیان پۆشی و لەسەری نوسرابوو "گۆشەگیری تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

لە چالاکییەکەی مێردین هاوسەرۆکی دەم پارتی مێردین نەجلا ئاجیبوجا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی شەرمەزار کرد، گوتی: "هەرچەند گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد بەردەوام بێت، ئێمە سەر نەوی ناکەین و ناوەستین"، هەروەها جەژنی ڕەمەزانی لە زیندانیان و چالاکوانان پیرۆز کرد.

لە چالاکییەکەی ئەزمیر یەک لە دایکی زیندانیان، سوڵتان یاگمەکان گوتی: "تا گۆشەگیری سەر ئۆجالان هەڵنەگیرێت، درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین. پێویستە بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵی کۆببنەوە. تا زانیاری لە عەبدوڵا ئۆجالانەوە وەرنەگرین، ناوەستین".

لە چالاکییەکەی مێرسین دایکی ئاشتی مەریەم ئەربەی ڕایگەیاند بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد دەبێت دەمودەست دەرگاکانی ئیمراڵی بکرێنەوە و لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە، دووپاتی کردەوە تا گەیشتن بەم ئامانجە چالاکی دەکەن.

پاشان پەرلەمانی دەم پارتی مێرسین عەلی بۆزان ڕایگەیاند کێشەکانی وڵات گرێدراون بە گۆشەگیری ئیمراڵییەوە، گوتی: "تا گۆشەگیری بەردەوام بێت، چارەسەرنەبوونی پرسی کورد بەردەوام دەبێت، تا پرسی کورد چارەسەر نەبێت، لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین پێکدادان و شەڕ بەردەوام دەبێت. ئەگەر شەڕ و قەیران لە وڵاتێک هەبێت، ئارامی و پێشکەوتن نایەتەدی. بۆیە پێویستە گۆشەگیری کۆتایی بێت".

پاشان دایکان بەبۆنەی ڕۆژبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە پارکی یەڵماز گونەی نەمامیان چاند و چالاکییەکە کۆتایی هات.