ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری: دەبێت کۆتایی بە ھێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بھێنرێت

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی ھەرێمی فورات وێڕای شەمەزارکردنی ھێرشەکەی دەوڵەتی تورک، کە رۆژی ۹ی ئاب لە عین عیسا ئەنجامیدا، ڕایگەیاند، "دەبێت کۆتایی بە ھێرش و داگیرکارییەکان بھێنرێت".

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی ھەرێمی فورات لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و کۆمەڵکوژیەکەی دوێنێی ناوچەی عەین عیسای شەرمەزار کرد، کە لە ئەنجامیدا ۳ ئەندامی یەک بنەماڵە شەهید و ۳ ئەندامی دیکەی ئەو بنەماڵەیە بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

"دەوڵەتی تورک لە سیاسەتی دوژمنکارانە و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ھەروەھا سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا بەردەوامە. زۆربەی تاوانەکانی دەکەونە خانەی تاوانی شەڕ و دژ بە مرۆڤایەتی. بەو تاوانانە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش لەوبارەوە بێدەنگن.

پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرلە سوریا و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا قبوڵ ناکرێت و نامرۆڤانەن و پێویستە لایەنە نێونەتەوەییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتی سیاسی، ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان بەرامبەر خەڵکی ناوچەکە جێبەجێ بکەن و کۆتایی بە داگیرکارییەکانی تورک لە سوریا بهێنن بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".

ژ.ن