ئەیتم سەن: میت مناڵان دەکاتە ئامانج

میت بەبۆنەی ٢٣ ی نیسانەوە داوا لە مناڵان دەکات بە وشەی "هەواڵگری" و "سیخوڕی نهێنی" نامە بنووسن یان وێنە بکێشن. ئەیتەم سەن ناڕازیبوونی بەرامبەر ئەم کارە دەربڕی.

دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی (میت) بەبۆنەی ٢٣ ی نیسانەوە داوا لە مناڵان دەکات بە وشەکانی "ئاسایش" و "هەواڵگری" و "سیخوڕی نهێنی" وێنە بکێشن یان نامە بنووسن. لە ڕاگەیاندراوی ماڵپەڕی میت بانگەواز لە مناڵانی ٥-١٤ ساڵی کراوە هێزی خەیاڵیان بەکاربهێنن. داوا لە مناڵان کراوە بە وشەی "ئاسایش" و هەواڵگری" و "سیخوڕی نهێنی" پێناسەی بواری کارکردنی میت بکەن، لەم ڕووە وێنە بکێشن یان نامە بنووسن. داوا لە بنەماڵەی مناڵەکان کراوە، وێنە و نامەکان لەڕێی پۆستەی ئەلیکترۆنییەوە بنێرن.

سەندیکای کرێکارانی زانستی و پەروەردەیی (ئەیتەم سەن) سەر بە کۆنفیدراسیۆنی سەندیکای کرێکارانی جەماوەری (کەسک) ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم کارە نیشاندا و ڕایدەگەیەنێت ئەم کارانە لە دەرەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی دەزگاکانی هاوشێوەی میتە.

ئەیتەم سەن ڕایدەگەیەنێت نابێت مناڵ بۆ ئەم بابەتانە بەکاربهێنرێن، دەپرسێت ئاخۆ پرس بە وەزارەتی پەروەردە کراوە و دەڵێت: "ئەگەر پرسی بە وەزارەتەکە نەکردووە، ئەوە کێشەیە. ئەگەر پرسی بە وەزارەتەکە کردووە، وەزارەت ڕێگەی پێ داوە، ئەوە کێشەیەکی مەزنترە".

هەروەها ئەیتەم سەن تیشک دەخاتە سەر پرۆژەی "خاوەنداری لە بەهاکانم دەکەم، بەرامبەر دەوروبەرم هەستیارم"، کە لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵێک بە واژۆی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی واژۆکراوە، لە ناوخۆ و دەرەوەی قوتابخانەکان چالاکی بەسەر مناڵاندا دەسەپێنێت.

ئەیتەم سەن جەخت دەکاتەوە، ئەم جۆرە کارانە کاریگەرییەکی نەرێنی دەکاتە سەر زیهنی مناڵ و دەڵێت: "نابێت دەزگاکانی وەک دیانەت و میت لە دەرەوەی بواری خۆیان کاربکەن و کاریگەری لەسەر مناڵان دابنێن. ئەم ڕەوشە دژی مافی مناڵان و سایکۆلۆژیای مناڵە و لەڕووی پێداگۆگییەوە ناڕاستە. پێویستە ئەم کارانە دەمودەست بوەستێنرێن".